ئایا مەرجە هەر كە تەواو بویت لە سوڕی مانگانە یەكسەر خۆت بشۆی ؟ چونكە لە زستاندا تا حومام دانەنەخرێت ناتوانین خۆمان بشۆین جاری وا هەبووە دوای سێ یان چوار ڕۆژ غوسلم دەركردووە ؟
بەناوى خواى بەخشندەو میهرەبان
بەڵێ مەرجە هەر كە تەواو بویت لە سوڕی مانگانە یەكسەر خۆت بشۆیت و نابێت خۆشۆردن (غوسل كردن) دوا بخرێت بۆ ئەوەی نوێژە فەرزەكانت لە دەست دەرنەچێت و لە كاتی دیاری كراوی خۆیاندا ئەنجامیان بدەیت.. وە لە حاڵەتی ئاوەهادا پێویستە حومام دابخەیت و ئاو گەرم بكەیت ئەگەر چی زستانیش بوو چونكە ئەمە پێویستە و بە ویستی خۆت نى یە پێشبخرێت یان دوا بخرێت وەك خۆشۆردن بە مەبەستی خۆ خاوێن كردنەوە لە چڵك و بۆنی لاشە.
جا خوشكی بەڕێز ئەگەر تۆ بۆ خۆشۆردنی سوڕی مانگانە كە لە مانگێكدا یەك جار دێتە ڕێت دوای سێ یان چوار ڕۆژ غوسلت دەركردبێت !!! ئایا دەبێت پیاوان و ئافرەتانی لای ئێوە لە حاڵەتی لەش گرانیدا كە چەندین جار ڕوودەدات چۆن خۆیان دەشۆن و غوسل دەردەكەن ؟
بەڕاستی جێگای سەرسوڕمانە ! ئایا چۆن دەبێت موسڵمان ئەوەندە كەمتەرخەم و تەمبەڵ بێت و گوێ نەدات بە غوسل دەركردن و فەوتاندنی نوێژە فەرزەكانی !! تا ئەو ئاستەی كەوا ئافرەتێكی موسڵمان بڵێت: (جاری وا هەبووە دوای سێ یان چوار ڕۆژ غوسلم دەركردووە) !!!
ئەم كارە هەڵەیەكی زۆر گەورەیە و نابێت دووبارە بكرێتەوە..
وە ئەگەر زۆر ناڕەحەت بویت كە ڕاستەخۆ غوسلت دەربكەیت ئەوا دەبێت (تەیەموم) بكەیت بۆ ئەوەی بتوانیت نوێژە فەرزەكەی ئەو كاتە بكەیت كە تێیدا پاك دەبیتەوە تاوەكو پاشان حومام دادەخەیت و ئاو گەرم دەكەیت و خۆت دەشۆیت..
لە لایەن مامۆستا (محمد عبد الرحمن) ە وە وەڵام دراوەتەوە