بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
خوشکى بەڕێزمان بزانە کە : (دامركاندنەوەی شەهوەت بە دەست) یان (دەرهێنانی مەنی بە دەست) یان (دەست پەڕ) یان (خۆڕەحەت كردن بە دەست) كە بە عەرەبی پێی دەوترێت (استمناء) یان (العادة السرية) كارێكی حەرامە و ناشەرعى یە و دروست نى یە چ بۆ كوڕان بێت یان بۆ كچان لە بەر ئەم بەڵگانەی خوارەوە:
1 ـ خوای گەورە فەرموویەتی: [وَالَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ (5) إِلَّا عَلَى أَزْوَاجِهِمْ أوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ فَإِنَّهُمْ غَيْرُ مَلُومِينَ (6) فَمَنِ ابْتَغَى وَرَاء ذَلِكَ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْعَادُونَ (7) ] [سورة المؤمنون] .
واتە: ئەوانەی كە عەورەتیان دەپارێزن ئیللا لە خێزانەكانیان و كەنیزەكەكانیان نەبێت ئەوانە لەمەدا هیچ لۆمەیەكیان لە سەر نى یە، هەر كەسێك بەدوای جگە لەمەدا بگەڕێت و عەورەتی تێدا بە كار بێنێت ئەوا ئەوانە سنوری خوایان شكاندووە و تەعەدا و ستەمیان كردووە.
ئەمە ئافرەتیش دەگرێتەوە چونكە ئەویش دەبێت عەورەتی بپارێزێت تەنها لە مێردەكەی خۆی نەبێت كە حەڵاڵی خۆیەتی، كەوا بە هەر ڕێگایەكی تر ئاوی خۆی بێنێتەوە و خۆی ڕەحەت بكات ئەوا تەعەدای كردووە و تاوانبار دەبێت چونكە عەورەتی خۆی نەپاراستووە لە كاری نابەجێ.
2 ـ پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: (يا معشر الشباب، من استطاع منكم الباءة فليتزوج، فإنه أغض للبصر، وأحصن للفرج، ومن لم يستطع فعليه بالصوم، فإنه له وجاء).
واتە: ئەی چینی گەنجان هەر كەس لە ئێوە توانای ژن هێنانی هەیە ئەوا با ژن بێنێت، چونكە ژن هێنان چاو دەگرێتەوە لە نەزەر كردن و قەڵایەكیشە بۆ عەورەت و دەپارێزێت، وە هەر كەس توانای ژن هێنانی نىیە ئەوا با ڕۆژو بگرێت چونكە ڕۆژو دەبێتە پارێزەر بۆی.
هەروەها ئەمە ئافرەتیش دەگرێتەوە چونكە ئەویش دەبێت مێرد بكات بۆ ئەوەی چاوی بگرێتەوە لە نەزەر كردن و قەڵایەكیش بێت بۆی بۆ پاراستی عەورەتی لە كاری حەرام.
وە ئەگەر مێردی بۆ نەبوو ئەوا دەبێت ڕۆژو بگرێت چونكە ڕۆژو دەبێتە پارێزەر بۆی.
جا ئەگەر (دامركاندنەوەی شەهوەت بە دەست) دروست بوایە ئەوا پێغەمبەری خوا (ﷺ) رێنمایی گەنجانی بۆ دەكرد، بەڵام دەبینین رێنمایی گەنجانی كردووە بۆ ڕۆژو گرتن بۆ ئەوەی زەوق و شەهوەتیان كەم بێتەوە و لاواز بێت.
كەواتە پێویستە تۆ تەوبەیەكی ڕاستەقینە بكەیت بۆ ئەوەی خوا لێت خۆش ببێت، وە مەرجەكانی تەوبەی ڕاستەقینەش ئەمانەن:
أ / پەشیمان بوونەوە لە تاوانەكانت.
ب / وازهێنان لە تاوانەكان.
ج / بڕیار دان بۆ ئەنجامنەدانیان لە داهاتوودا.
جار ئەگەر بەم شێوازە تەوبەت كرد و وازت هێنا لە تاوان و خراپە كردن و دەستت كرد بە چاكە كردن ئەوا خوا لێت خۆش دەبێت.
ـ ئایا پێت چۆنە لە كاتێكدا كە تۆ خەركی ئەنجامدانی ئەو كارە ناشیرینەیت باوكت یان دایكت یان برایەكت بتبینێت ؟!! یان خەڵكانێكی تر بتبینن ؟! ئایا هەڵوێستت چی دەبێت و هەست بە چی دەكەیت ؟!!
ئەی باشە خۆ چاك دەزانیت خوا دەتبینێت و ئاگای لێتە.. ئایا شەرم لە خوا ناكەیت ؟!!
ئایا ناترسیت لەو كاتەدا بمریت و بەو شێوازە بگەڕێیتەوە بۆ لای خوا ؟!!
وە بێ ئومێد مەبە لە ڕەحم و لێخۆشبوونی خوا چونكە خوای گەورە فەرموویەتی: [قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا مِن رَّحْمَةِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًا إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ] [سورة الزمر: (53) ] .
بڵی بە عەبدەكانم ئەوانەی كەوا ڕۆچوون لە ستەم كردن لە خۆیان بە تاوان كردن با بێ ئومێد نەبن لە ڕەحمەتی خوا، بەڕاستی خوا لە هەموو تاوانەكان خۆش دەبێت، بەڕاستی خوا لێبووردە و بە بەزەیىیە.
وە بۆ ئەوەی تەوبەكەت ڕاست و دروست بێت و خوا لێت خۆشببێت دەبێت ئەم كارانەی خوارەوە ئەنجام بدەیت:
ـ دەستكردن بە چاكەكاری و نزیك بوونەوە و تێكەڵاوی كردنی چاكەكاران و دوور كەوتنەوە لە خراپەكاری و خراپەكاران:
چونكە لە ئایەتەكانی (سورة الفرقان)دا خوای گەورە فەرموویەتی: […إِلَّا مَن تَابَ وَآمَنَ وَعَمِلَ عَمَلًا صَالِحًا...] [سورة الفرقان]
واتە: ئیللا كەسێك نەبێت كەوا تەوبە دەكات و ئیمان و باوەڕ دەهێنێت و كردەوەی چاكە دەكات.
وعن أبي طويل شطب الممدود أنه أتى النبي ﷺ فقال: ((أرأيت من عمل الذنوب كلها ولـم يترك منها شيئا وهو في ذلك لم يترك حاجة ولا داجة إلاَّ أتاها، فهل لذلك من توبة ؟ قال:فهل أسلمت ؟ قال: أما أنا فأشهد أن لا إله إلا الله وأنك رسول الله، قال: تفعل الخيرات وتترك السيئات فيجعلهن الله لك خيرات كلهن، قال: وغدراتي وفجراتـي ؟ قال: نعم، قال: الله أكبر، فما زال يكبر حتى توارى)) [صحيح الترغيب رقم: (3164) والصحيحة رقم: (3391)]
واتە: (أبي طويل) هات بۆ لای پێغەمبەر ﷺ و وتی: هەواڵم بدەرێ سەبارەت بە كەسێك كەوا هەموو تاوانەكانی كردبێت و هچیانی بە جێ نەهێشتبێت وە ئەو كەسە لە تاونكاریدا هیچی بە جێ نەهێشتبێت ئیللا كردبێتی، ئایا ئەو كەسە بۆی هەیە تەوبە بكات ؟
پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ئایا تۆ موسڵمان بوویت ؟
وتی: من شایەتی دەدەم كەوا هیچ پەرستراوێك نى یە شایستەی پەرستن بێت ئیللا خوا نەبێت و تۆش پێغەمبەری خوایت.
پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ئەگەر كاری خێر و چاكە بكەیت و وازبێنیت لە خراپە و تاوانەكان ئەوا خوا هەموویت بۆ دەكات بە چاكە.
وتی: ئەی غەدر و خیانەت و تاوانكارىیەكانمیش ؟
پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: بەڵێ.
وتی: خوا چەند گەورەیە (الله أكبر).
لە بەر ئەمە ئەو كابرایە بەردەوام دەیوت: خوا چەند گەورەیە (الله أكبر) تاوەكو لە پێش چاو وون بوو.
هەروەها پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: ((اتق الله حيثما كنت، وأتبع السيئة الـحسنة تـمحها، وخالق الناس بخلق حسن)) [صحيح سنن الترمذي رقم: (355)] .
واتە: لە خوا بترسە و خۆپارێزی بكە لە تاوان لە هەر كوێك هەبیت، وە بە دوای تاون و خراپەدا خێر و چاكەیەك بكە بۆ ئەوەی بیسڕێتەوە، وە هەڵسوكەوت بكە لە گەڵ خەڵدا بە ڕەوشتی چاك و جوان.
وە ئامۆژگاری تۆ و ئەو كەسانەش دەكەم كە بەم تاوانە و جگە لەمەش گرفتار بوون بە:
وازهێنان و دوور كەوتنەوە و بە جێهێشتنی هاوەڵ و برادەری خراپ و تاوانبار و دوور لە خوا، وە بە پێچەوانەشەوە نزیك بوونەوە و تێكەڵاوی كردنی هاوەڵ و برادەری خوا ناس و چاكەكار، چونكە هاوەڵ و برادەر كاریگەریان هەیە بۆ دوور كەوتنەوە لە تاوان بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیە: پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: ((إنَّما مَثَلُ الـجَليس الصالـح والـجليس السوء: كحاملُ الـمسك ونافخ الكيـر، فحاملُ الـمسك إمَّا أنْ يُـحْذِيَكَ، وإمَّا أنْ تَبْتاعَ منه، وإمَّا أنْ تَجِدَ منهُ ڕيـحاً طَيِّبةً، ونافِخُ الكِيـر إمَّا أنْ يُحڕقَ ثيابَكَ، وإمَّا أنْ تَجِدَ منه ريـحاً خَبيثةً)) [صحيح البخاري رقم: (2101) و (5534) وصحيح مسلم رقم: (2628) من حديث أبـي موسى، واللفظ الـمذكور لـمسلم] .
واتە: نموونەی هاوەڵی چاك و هاوەڵی خراپ: وەكو هەڵگری بـۆنـی میسك (واتە بۆن فرۆش) و فۆكار بە كوورەدا (واتە ئاسنگەر) وایە، جا هەڵگری بۆنی میسك یان لەو بۆنەت پێ دەبەخشێت یان لێ ی دەكڕیت یان بۆنی خۆشی لێ دەبینیت و هەڵیدەمژیت، بەڵام فۆكار بە كوورەدا یان جلەكانت دەسوتێنێت یان بۆنی پیسی لێ دەبینیت و هەڵیدەمژیت.
هەروەها پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: ((لا تُصاحِبْ إلاَّ مؤمناً، ولا يأكلْ طعامك إلاَّ تَقي)) [صحيح أبي داود رقم: (4832)] .
واتە: هاوەڵێتی ئیماندار نەبێت نەیكەیت، وە با كەس خواردنت نەخوات ئیللا كەسێكی لە خوا ترس و خۆپارێز لە تاوان نەبێت.
وە بۆ ئەوەی لەم تاوانە ڕزگارەت ببێت ئەوا دەبێت ئەم كرانەی خوارە ئەنجام بدەیت:
1 ـ هەوڵبدە شوو بكە بە پیاوێكی بە دین و بە ئەخلاق.
2 ـ ئەگەر ئەوەت بۆ نەكرا ئەوا ڕۆژووی سوننەت زۆر بگرە بە تایبەت دووشەمان و پێنجشەمان بۆ كەم بوونەوە و دامركاندنەوەی زەوق و شەهوەت.
3 ـ وازهێنان لە سەریر كردنی كەناڵە ئاسمانى یە خراپەكان.
4 ـ وازهێنان لە هاوڕێی خراپ و نەخوێندنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامە خراپەكان.
5 ـ تێكڵاوی نەكردنی ئەو جێگایانەی كە دەبێتە هاندەرت بۆ ئەو تاوانە.
6 ـ دەست بكە بە قورئان خوێندن و لە خوا بپاڕێتەوە بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات بۆ وازهێنان لەو تاوانە.
7 ـ خوێندنەوەی كتێب و گۆڤار و نامیلكە بەسوودەكانی سایتی بەهەشت.
داوا كارم خوا لێت خۆش ببێت، بەڵام خۆتیش ڕەحم بە خۆت بكە.
لە لایەن مامۆستا (محمد عبدالرحمن) ەوە وەڵام دراوەتەوە