سەبارەت بە وەرزی نوێی خوێندن چ ئامۆژگاریەکتان بۆ قوتابیان و خوێندکاران هەیە بۆ ئەوەى توشى تاوان نەبن؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سەبارەت بە وەرزی نوێی خوێندن چ ئامۆژگاریەکتان بۆ قوتابیان و خوێندکاران هەیە بۆ ئەوەى توشى تاوان نەبن؟

‏‏ الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسلام على رسول الله الأمين:‏
‏ وێڕای پیرۆزبایی و ئومێدی خۆشبەختی و سەركەوتن بۆ هەموو خوێندكارانی ئازیز و موسڵمان بەهۆی دەستپێكردنەوەی ‏دەوامی زانكۆو پەیمانگاكانەوە، بەئەركی خۆمانی دەزانین ئامۆژگاری و بیرخستنەوەیەك بهێنینەوە یادی ئێوەی بەڕێز ‏ئەوەش لەپێناو فەرمایشتی پێغەمبەری ئازیز كە كۆمەڵگای وێنا كردووە بە كەشتیەكی دووقات كە ‏ئەگەر هاتوو ئەوانەی لەسەرەوەن ڕێگری نەكەن لە خەڵكانی خوارەوە لەوەی بنی كەشتیەكە بشكێنن و ئاو دەربكەن ئەوا ‏هەموویان پێكەوە نوقمی ئاو دەبن.‏
‏ بەڕێزان وەكو ئاشكرایە كە ڕەگەزی مرۆڤ لەوەتەی خوای كاربەجێ‌ خولقاندوویەتی هەرلەوساتەوەختەوە ئارەزوو حەزو ‏غەریزەی جنسیشی لەناخدا بەدی هێناوە، كە هەر بەسروشت هەردوو ڕەگەز حەز بەیەكتر دەكەن، وە ئیسلامیشی ‏ناردووە وەكو پەیامێك بۆ ئەوەی ئەو دوو ڕەگەزە تووشی تاوان نەبن بەهۆی وروژاندن و بەرەڵاكردنی هەستیانەوەو ‏بەڵكو بەپێچەوانەوە ڕێكی خستووەو لە كرداری هاوسەرگیریدا بەرجەستەی كردووەو گوزارشتی لێكردووە....‏
‏ بۆیە دەبێت هۆشیاری بدرێت لەو شوێن و كاتانەدا كە ئەو دوو ڕەگەزەی تێدا كۆدەبنەوە چونكەمەترسی ڕوودانی چەندین ‏تاوان و سەرپێچی لێ‌ دەكرێت، ئازیزان خوای پەروەردگار دەفەرموێت: ‏ [وَلا تَقْرَبُوا الزِّنَى إِنَّهُ كَانَ فَاحِشَةً وَسَاءَ سَبِيلاً ] ‏واتە: هەرگیز نزیك و توحنی زینا مەكەونەوە چونكە بەڕاستی كردەوەیەكی زۆر بێزراوو ناشرین وڕێگەیەكی ‏پیس و خراپە.

ئەگەر سەرنج بدەن لەئایەتەكە خوای گەورە فەرموویەتی " نزیكی مەكەونەوە" واتە ئەو كردەوەیە ‏ئەوەندە بۆگەن و نەخوازراوە تەنانەت بەنزیك كەوتنەوە لێیشی موسڵمان تووشی پێ هەڵخلیسكان دێت. وە یاخود نزیك ‏پێشەكی و هەنگاوەكانی بەرەو زینا مەبنەوە كە بریتین لە تێكەڵاوی و سەیركردن وزەردەخەنەو قسەكردن و مەوعید ‏دانان، خوای گەورە خۆی مرۆڤی خولقاندووە ناخی مرۆڤ دەزانێت هەربۆیە ئەو ڕێگایانەی لەسەر حەرام و یاساغ كردوون ‏بۆ ئەوەی تاكی داوێن پاك و پاكیزە پێ بگات لەنێو كۆمەڵگەدا.‏

‏ خوێندكارانی داوێن پاك و موسڵمان:
لەبەر ئەوەی بەداخەوە زانكۆو پەیمانگاكانمان كوڕو كچ تێكەڵن بۆیە دینداری و ‏خۆپاك ڕاگرتن لەو شوێنانەدا هەوڵ وكۆششی زیاد لەپێویستی دەوێت ئەوەش تەنها بەوە دەبێت كە پەیوەست بن بە ‏دینەكەتانەوە لەفەرمانی خواو پێغەمبەرتان لامەدەن. وە دڵنیابن هەتا ناڕەحەتی و دژواری ببینن و ناحەزان تانەو ‏تەشەرتان لێ بدەن لەسەر خۆڕاگریتان بەئیسلامەوە ئەوا بەردەوام پاداشتتان بۆ دەنوسرێت و لای خوا پلەتان بەرز ‏دەبێتەوە، بۆیە خۆتان بەدووربگرن لەو تاوان و گوناهانەی كە زیاتر لەوێ‌ ئەنجام دەدرێن وەكو: سەیركردنی كوڕو كچان ‏بۆ یەكتری قسەوپێكەنینی نێوان كوڕان كچان و گوێ‌ گرتن لە گۆرانی و جگەرەكێشان و لەپێش هەموویانەوە پابەندبن بە ‏لەبەركردنی جل و بەرگی شەرعی با ئافرەتان عابا بپۆشن و جوانی خۆیان بۆ كوڕان دەرنەخەن و كوڕانیش چاویان داخەن ‏لەئاست نامەحرەم و جل وبەرگێك بپۆشن كە سیمای ئیسلامەتی پێوەدیاربێت نەوەك ئەو پانتۆڵە تەسك و سێ‌ ‏چارەكیانەی كە تەنانەت لەناونوێژیشدا عەورەتیان بەدەردەكەوێت. ‏

‏ پێویستە كوڕان ئەو ڕاستیە بزانن كە خۆیشیان خوشك و خوشكەزاو دایكیان هەیە و چۆن نایانەوێت خەڵكی دەستیان ‏بۆ درێژ بكات ئاوهایش ئەو كچانە كەس و كاریان هەیە و وەكو ئێوە غیرەتیان ئەجوڵێت.

بۆ ئەو مەبەستە ڕووداوێكی ‏سەردەمی پێغەمبەرتان بۆ باس دەكەم:

جارێكیان لاوێكی تازە پێگەیشتوو لە پێغەمبەر دەخوازێ‌ ‏مۆڵەتی زینای بدات! خەڵكەكەی دەوروبەری پێیان ناخۆش بوو ویستیان دەمكوتی بكەن، پاشان پێغەمبەر هێوری ‏كردنەوەو ڕووی كردە لاوەكە و فەرمووی: ئەرێ‌ حەز دەكەی خەڵكی لەگەڵ دایك و خوشك و پورتا زینا بكات؟ لاوەكە ‏ووتی: نەخێر، دایك و باوكم بە قوربانت بێت. ئەویش فەرمووی: دەسا خەڵكیش حەزناكەن تۆ لەگەڵ كەس وكاریانا زینا ‏بكەیت، پاشان دەستی پیرۆزی خستەسەرشانی و فەرمووی: خوایە! لەم گەنجە خۆشببە، دڵی لە گوناح پاكەوە بكە، ‏عەورەتی لەكاری حەرام بپارێزە، ئیتر لاوەكە بڕاوبڕ بیری لەو شتانە نەكردەوە. ‏

‏ خوێنەری خۆشەویست ئەی ئەو كەسەی ئێستا ئەم ووشانە دەخوێنیتەوە: ئەو ڕاستیە بزانە كە ئێمەی مرۆڤ دوو دوژمنی ‏سەرسەختمان هەیە كە هەمیشە لەهەوڵدان بۆ ئەوەی فریومان بدەن و تووشمان بكەن، یەكێكیان دوژمنی ناوەكیە ئەویش ‏نەفسە كە هەردەم فەرمان بە خراپە دەكات و دەیەوێت خاوەنەكەی تووشی هەڵدێر بكات، ئەوی ترش دوژمنی دەرەكی ‏وناوەكیە كە شەیتانە، شەیتانیش پێویست بەناساندن ناكات دڵنیام هەموومان دەیناسین بەهۆی ئەو ئایەت و ‏فەرموودانەوە كەباسی فێڵ و تەڵەكەكانی دەكات دژ بە ئێمە. كەوابوو ئەگەر كەسێك دوو دوژمنی هەبێت و هەمیشەش لە ‏هەوڵدا بن بۆ لەخشتەبردنی، ئیتر دەبێت ئێمە چۆن لەهەوڵدا نەبین بۆ بەرەنگاربوونەوەیان و ناڕەحەتی نەچێژین؟ بۆیە ‏باخۆمان پڕچەك بكەین بە فێربوونی زانستی شەرعی و عیبادەت و خۆپارێزی بكەین لە تاوان وسەرپێچی و لەگەڵ برادەری ‏چاكەخوازو پابەندبەدینەوە هەڵسوكەوت بكەین و ببین بە چرایەك بۆ ڕووناكی و نموونەیەكی جوان بۆ دەوروپشتمان، هەتا ‏ئەبین بەو بەندانەی كە خودی شەیتان لەبارەیانەوە دەڵێت:‏ [....لأغْوِيَنَّهُمْ أَجْمَعِينَ (39) إِلاَّ عِبَادَكَ مِنْهُمْ الْمُخْلَصِينَ] ‏واتە: شەرت بێت لە زەویدا هەموو گوناهو تاوانێكیان لا جوان و شیرین بكەم هەرهەموویان سەرلێ شێواو وسەرگەردان ‏بكەم جگە لە بەندە پوخت ودڵسۆزەكانی خۆت نەبێت.

جا بۆ ئەوەی ببین بەیەكێك لەوبەند دڵسۆزانە با هەمیشە لە ناو ‏خواپەرستیدا بین لەهەموو شوێن و كاتێكدا لە ماڵەوە، لە كاتی دەوام، لەفەرمانگە، لەبازاڕ.... دەم بەزیكربین چاولەخوار ‏بین لەئاست نامەحرەم كەم قسەو كەم پێكەنین بین ڕەفتارمان قورئانیانە بێت ڕوولەخواو پشت لەشەیتان بیت بۆ ئەوەی ‏خوا وەرمان بگرێت لە: ‏ [ إِنَّ عِبَادِي لَيْسَ لَكَ عَلَيْهِمْ سُلْطَانٌ....] ‏واتە: بەڕاستی بەندە چاك وپاكەكانی من ‏بەتۆ(شەیتان) فریو نادرێن و تۆ هیچ دەسەڵاتێكت نیە بەسەریاندا.‏

ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٢,٢٠٦ بەش: شوێنکەوتنى ئارەزووەکان