دەوترێت ناوەكانی خوات لەبەربێت بە تەواوەتی، دەچیتە بەهەشتەوە، ئایا وایە؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
دەوترێت ناوەكانی خوات لەبەربێت بە تەواوەتی، دەچیتە بەهەشتەوە، ئایا وایە؟

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
پێغەمبەری خوا () فەرمویەتی: ((إن لله تسعة وتسعين إسماً أو مئة إلا واحدة من أحصاها دخل الجنة)) واتە خوای گەورە نەوەدو نۆ ناوی هەیە (سەد یەك كەم)، هەركەسێك (إحصاء)ی بكات دەچێتە بەهەشتەوە، زانایان لە شەرحی ئەو حەدیپهدا دەفەرموون (من أحصاها) تەنها ئەوە نییە كە هەمووی كۆبكاتەوەو بیژمێرێت یان بینوسێتەوەو ئەزبەری بكات، (إحصاء) بەوە دەبێت كە ناوە پیرۆزەكانی خوای پەروەردگار بزانیت وە تێی بگەیت كە مانای چییە، وە چ سیفەتێكیش لە هەریەكێك لەو ناوانەدا وەردەگیرێت (هەر ناوێك بەڵگەیە لەسەر چ سیفەتێك) وە ئیمانت بە سیفەتەكەش هەبێت وەكو خۆی بە بێ گۆڕانكاری و تەحریف و تەشبیه و تەمپیل وە بەگوێرەی هەریەكێك لەو سیفەتانە و ناوەڕۆكەكەی هەستیت بە پەرستنی خوای پەروەردگار، كاتێك كە هەست دەكەیت خوای پەروەردگار (السمیع)ە، (المجیب)ە، ئەوە تەنها هاوار بكەیتە خواو داوا لە خوا بكەیت چونكە تەنها ئەو بیسەرەو وەڵامت دەداتەوە،
وە كە هەست دەكەیت خوای پەروەردگار (العفو) یان (الغفور)ە، ئەوا هیوای ڕەحمەتی خوای پەروەردگار زۆر بكەیت، كە هەست دەكەیت خوای پەروەردگار (القوی)، (العزیز)ە لە توِرەیی خوای پەروەردگار بترسیت و خۆتی لێبپارێزێت، كەواتە هەستیت بە پەرستن بە گوێرەی ماناو داواكاری ناوە پیرۆزەكانی خوای پەروەردگار، ئەوە لە خۆتدا بڕازێنیتەوەو بهێنیتە جێ، ئەوەیە كە پێغەمبەری خوا () فەرمویەتی هەركەسێك بیانژمێرێت دەچێتە بەهەشتەوە، بەڵام (بۆ نمونە) كەسێكی خورافی و گۆڕپەرست و شەخس پەرست هەر نەوەدو نۆ ناوەكە ئەزبەربكات، بەڵام لە جیاتی ئەوەی هاوار بكاتە (السمیع)و (المجیب)، هاوار بكاتە شێخێك یان مردوویەك وە بڵێت من نەوەدو نۆ ناوەكەی خوام ئەزبەركردووە، چیت ئەزبەركردووە تۆ لە كاتێكدا ئیمانت پێی نییە لە حەقیقەتدا و كردەوەشی پێناكەیت، تۆ هاوار ناكەیتە (السمیع)و (المجیب)، هاوار دەكەیتە مردویەك یان هاوار دەكەیتە دروستكراوێك، كەواتە دەبێت تێبگەین كە ئەم فەرمودە پیرۆزە مانای ئەوەیە كە مرۆڤ دەبێت لە ناوەكانی خوا تێبگات وە ئیمانی بە سیفاتەكانیش هەبێت كە ئەو ناوانە بەڵگەن لەسەریان بە بێ گۆڕانكاری وە هەروەها بە گوێرەی ناوەڕۆكەكەی و داخوازی ئەو ناوانەش هەوڵدەیت پەرستشی خوا بكەیت.
[بەرِێز: د.عبداللطيف وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە]

سەردان: ٣,٤٩١ بەش: فەرموودە