چۆنێتى نوێژی پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم هەر وەكو ئەوەی لە پێش چاوتدا بێت: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆنێتى نوێژی پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم هەر وەكو ئەوەی لە پێش چاوتدا بێت

شوكر و ستایشی بێ‌ پایان بۆ پەروەردگاری هەموو جیهان ، و دروود و سەلامیش لە سەر سەروەری پێغەمبەران بێت ، و ئەهل و بەیت و یار و یاوەرانی بەگشتی ، پاش ئەوەش :
برای موسڵمان : خوای پەروەردگار من و تۆش چاو ڕۆشنكات لە ئایینە پیرۆزەكەی ، ئەمەی كە لە بەردەستت دایە بیرخستنەوەیەكی فیقهییە ، كورتەیەكە سەبارەت بە چۆنێتی نوێژی پێغەمبەر ، پێویستت پێ‌ی دەبێت لە ژیانی ڕۆژانەت دا ، بێ‌ ئەویش ناتكرێت ، ئەو شتانەم تێدا كۆكردوونەتەوە كە بەڵگەی ( صحیح ) یان لە سەرە ، بەشێوە یەكی ئاسان وسووك ، بە شێوەیەك تێگەیشتن لێ‌ی ئاسان بێت بۆ موسڵمانان بەگشتی ، جا بەپشتیوانی خوای پەروەردگار دەڵێم :
نوێژ
1 ـ نوێژخوێن ڕوو لە قیبلە دەكات ـ كە كەعبەی پیرۆزە ـ بەوەستانەوە ، بەهەموو لەشیەوە لە هەر كوێیەك بێت (جگە لە كاتی ترس و نەخۆشی دا بە پێی توانا دەبێت .)، لە گەڵ بوونی نیەتی كردنی ئەو نوێژەی كە ئەیەوێ‌ ئەنجامی بدات لە دڵدا، لەو ڕووی حوكمەوە : ئایا نوێژەكە فەرزە یان سوننەتە ، لە ڕووی كاتیشەوە : ئایا نوێژەكە نوێژی بەیانیانە ، یان نوێژی نیوەڕۆیە ، یان نوێژەكانی ترە ، ناشبێ‌ نیەتەكەی بە زمان بڵێت لە بەر وارد نەبوون ونەسەلماندنی ئەو كردارە لە پێغەمبەری خواوە ، لە گەڵ دانانی سوترەیەك لە پێشی دا ( ، بەتاك نوێژەكەی ئەنجام بدات یان پێش نوێژ بێت بۆ كەسانی تر ( واتە : إمام ) لەم كردارەشی شوێن كەوتەی ووتەی پێغەمبەری خوا دەبێت كە فەرموویەتی :" لا تصل إلا إلى سترة ، ولا تدع أحداً يمر بين يديك ... " رواه ابن خزيمة بسند جيد .
واتە : نوێژ مەكە ئیللا ڕووەو سوترەیەك نەبێت ، ڕێگەش بە كەس مەدە بە بەردەستتدا تێپەر ببێت ...
سوترە : شتێكە نوێژگەر لە پێش خۆیدا دایدەنات ، لە دووری ڕێڕەوی شەكێك ، لە شوێنی سوژدەكەیەوە .
2 ـ پاشان تەكبیرەی ئیحرام دادەبەستێت بەوەی كە دەڵێت : ( الله أكبر ) ، لە گەڵ تێڕوانینی بۆ شوێنی سوژدەكەی ، لە كاتی ووتنی تەكبیرەی ئیحرام هەردوو دەستی بەرزدەكاتەوە تاكو ئاستی شانەكانی ، یان تاكو ئاستی گوێكانی ، هەردوو شێوەكەش وارد و سەلمێنراوە لە پێغەمبەری خواوە ، پاشان دەستە ڕاستی لە سەر دەستە چەپی لە سەر سنگی دادەنێت ، هەر وەكو چۆن لەو فەرموودەیەدا واردبووە كە (أبو داود وابن خزيمة وأحمد ) بە سەنەدێكی ( صحیح ) دەیگێرنەوە ، ئـــەو فـەرمــوودەیــەش كــە پێچەوانـــەی ئەم فەرموودەیە بێت ئــەوا ( صحیح ) نی یە .
3 ـ پێویستیشە لە سەر نوێژخوێن بیری لەلای نوێژەكەی بێت ( واتە : خشوعی هەبێت ) چاوەكانیشی بەئاسماندا نەگێڕێت ، و بە لای ڕاست و چەپدا چاو نەگێڕێت ، لە بەر نەهی كردنی پێغەمبەری خوا لەهەموو ئەمانە .
4 ـ پاشان نوێژەكەی دەست پێ‌دەكات بە یەكێك لەو زیكرانەی كە واردن لە پێغەمبەری خواوە لەوانەش پێغەمبەری خوا دەیفەرموو : " سبحانك اللهم وبحمدك وتبارك اسمك ، وتعالى جَدُّك ، ولا إله غيرك " ، یان هەر زیكرێكی تر جگە لەم زیكرە .
5 ـ پاشان پەنا دەگرێت بە خوای پەروەردگار لە خراپەی شەیتانی دەركراو لە ڕەحمەتی خوا ، و پاشان دەڵێت : ( بسم الله الرحمن الرحیم ) ، سوننەتیشە بە بێ‌ دەنگی ( بسم الله ) بكات لەو نوێژانەی كە دەنگیان تیادا بەرز دەكرێتەوە ، چونكە فەرموودە( صحیح ) ەكان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن لە پێغەمبەری خواوە ، و هاوەڵە بەرێزەكانی ـ ڕەزای خوا لە هەموویان بێت ـ .
6 ـ پاشان سورەتی [ الفاتحة ] بەتەواوی دەخوێنیتەوە ـ كە ( بسم الله ) ش ئایەتێكە لێ‌ ی ـ ، سوننەتیش وایە ئایەت ئایەت جیا لە یەك بیانخوێنێ‌ ، بەشێوەیەك لە كۆتایی هەموو ئایەتێك بوەستێ‌
7 ـ پاشان ئەوەندەی كە لە توانایدایە لە گەڵ سورەتی [ الفاتحة] دا قورئانی پیرۆز دەخوێنێتەوە ، سوننەتیش وایە لە ڕكاتی یەكەمدا زیاتر درێژی بكـاتەوە تاكو ڕكاتی دووەم
8 ـ ڕێ‌ پێ‌ دراویشە لـــە شەرعدا بــۆ ئەو كەسانەی كە لـــە پشت پێشنوێژەوە نوێژ دەكــەن ( واتە : المقتدي و المأموم ) ئەگەر پێشنوێژ خوێندنەكەی لە لا تێكەڵ بوو بۆی ڕاست بكاتەوە ، یان لە كاتێكدا ئایەتەكانی لە لا تێكەڵ دەبێت ، چونكە ئەم كردارە ڕووی داوە بۆ پێغەمبەری خوا لە گەڵ هاوەڵە بەڕێزەكانی ـ ڕەزای خوایان لێ‌ بێت ـ
9 ـ كە نوێژخوێن لە خوێندنەوەی قورئان دەبێتەوە ، ساتێكی كەم بێ‌دەنگ دەبێت ، پاشان دوو دەستی بەرزدەكاتەوە ، و ( الله أكبر ) دەكات ، پاشان كڕنووش دەبات بەشێوەیەك تاكو لەشی لە جووڵە دەكەوێ‌ ، و دەستەكانی لە سەر ئەژنۆكانی دادەنێت و لێیانی تووند دەكات ، لە گەڵ بڵاوكردنەوەی پەنجەكانی لە یەكتر وەكو ئەوەی بڵێی ئەژنۆكانی گرتبێ‌ ، پشتیشی درێژ و پان دەكاتەوە ، و سەریشی لە ئاستی پشتی دادەنێت بەشێوەیەك نە نزمتری كردبێتەوە لە ئاستی پشتی نەش بەرزتری كردبێتەوە ، بەڵكو لە ئاستی پشتی دەیوەستێنێ‌ .
10 ـ وە لە كڕنووشەكانیدا دەڵێت : (سبحان ربي العظيم ) ، یان هەر زیكرێكی تر كە لە پێغەمبەری خواوە واردوو ، و سەلمێنراوبێت ، ئەوەش سێ‌جار یان زیاتر ، وە ناشبێ‌ نوێژگەر لە كڕنووش و سوژدەكانیدا قورئانی پیرۆز بخوێنێت .
11 ـ پاشان هەڵدەسیتەوە لە كڕنووشەكەی ، لە كاتی هەستـانەوەكەشی دەڵێت : ( سمع الله لمن حمد ) لە گەڵ بەرزكردنەوەی هەردوو دەستی ، كە ڕادەوەستێت و ڕێك دەبێتەوە ، دەڵێت : ( ربنا و لك الحمد ) ، یان هەر زیكرێكی تر كە لە پێغەمبەری خواوە واردوو،وسەلمێنراوبێت .
12 ـ پاشان دەڕوات بۆ سوژدە بردن ، بەشێوەیەك دەستەكانی پێش ئەژنۆكانی بخاتە سـەر زەوی ، لــە بەر ئەو فــەرموودەیەی كــە پێغەمبــەری خـوا تیایدا فــەرموویەتی : " إذا سجد أحدكم فلا يبرك كما يبرك البعير،وليضع يديه قبل ركبتيه" صحيح الجامع : 609 .
واتە : ئەگەر هەریەك لە ئێوە سوژدەی برد ، با وەكو ووشتر نەكات ، بەڵكو دەستەكانی پێش ئەژنۆكانی بخاتە سەر زەوی .
ئەو فەرموودانەش كە پێچەوانەی ئەمەبن (ضعيف) ن و كاریان پێ‌ناكرێت .
13 ـ پاشان سوژدە دەبات ، و متمانە دەكاتە سەر ناو لەپەكانی بە كراوەیی ، و لە گەڵ بەیەكەوە لكاندنی پەنجەكانی هەردوو دەستی ، و ڕووكردنیان لە قیبلە ، باڵەكانیشی نالكێنێت بە زەویەوە ، لەبەر بوونی نەهی لەو كردارە ، و نیوچاوان و لووتی لە زەوی جێگر دەكات لە گەڵ هەردوو چۆكەكانی ، لە گەڵ چەقاندنی پەنجەكانی بە زەوی دا ، و دەڵێت : ( سبحان ربي الأعلى ) سێ‌جار یان زیاتر .
14 ـ پاشان سەر بەرزدەكاتەوە و ( الله أكبر ) دەكات ، تاكو جەستەی لە جوولە دەكەوێت ، پێ‌ی چەپی ڕادەخات و لە سەری دادەنێشێت ، پێ‌ی ڕاستیش بە زەویدا دەچەقێنێت ، لەم دانیشتنەشی دەڵێت : ( ربِّ اغفر لي) و دووبارەشی دەكاتەوە .
15 ـ پاشان جارێكی تر ( الله أكبر ) دەكات و دەچێتە سوژدەی دووەمەوە ، هەموو ئەو شتانەش تیایدا دووبارە دەكاتەوە كە لە سوژدەی یەكەمدا كردوویەتی .
16 ـ پاشان دانیشتنێكی كەم دادەنیشێ‌ كە پێ‌ی دەوترێت ( جلسة الإستراحة ) ، دوای ئەوە هەڵدەسێتەوە بە متمانە كردنی لە سەر دەستەكانی كە بەستراون وەكو دەستەكانی هەویر شێل ، ئەوەش پێچەوانەی ئەوەبێت ، سەنەدی هیچیان ( صحیح ) نی یە .
17 ـ لە ڕكاتی دووەمیشدا هەموو ئەوانە ئەنجام دەدات كە لە ڕكاتی یەكەمدا ئەنجامی دابوو ، بەڵام زیكری دەست پێكردنی نوێژ دووبارە ناكاتەوە .
18 ـ كە لە ڕكاتی دووەم دەبێتەوە ، بەو شێوە دادەنیشێت كە لە خاڵی ( 14 )دا ڕوون كراوەتەوە ، كە پێ‌ی دەوترێت ( الإفتراش) ، و دەستی ڕاستی لە سەر ڕان و ئەژنۆی ڕاستی دادنێت ، دەستی چەپیشی دەكاتەوەو لە سەر ڕان و ئەژنۆی چەپی دادەنێت ، پەنجەكانی دەستی ڕاستی دەبەستێت ، و پەنجە گەورەشی لە سەر پەنجەی ناوەڕاستی( واتە : پەنجەی هەڵمەقووتە ) دادەنێت ، و پەنجەی شایەتومانی ڕوو دەكات لە قیبلەو چاویشی تێ‌ دەبڕێت ، و دەیجولێنێتەوە پێ‌ی دەپاڕێتەوە لە سەرەتای تەحیات خوێندنەكەی تاكو كۆتایی ، لە بەر جێگر بوون ، و واردبوونی ئەم كردارە لە پێغەمبەری خواوە ، هەروەكو چۆن ( وائل ) ی كوڕی ( حجر ) ڕەزاى خوای لێ بێ بۆی گێڕاوینەتەوە ، فەرموودەكەشی ( أبو داود و النسائی و أحمد ) لێ‌یەوە دەیگێڕنەوە ، و ( ابن خزيمة و ابن حبان ) و جگە لەمانیش بە ( صحیح ) ی دادەنێن ، ئەوەش پێچەوانەی ئەمە بێت ئەوا ( شاذ )ە ، چونكە پێچەوانەی یەكێك لە گێڕەرەوەكانی هەمان فەرموودەیە ، وە پێچەوانە بوونەوەشە لە گەڵ كەسێكی ئەولاتر لە خۆی .
19 ـ تەحیاتەكەشی بە بێ‌دەنگی دەخوێنێتەوە ، چەند شێوەیەكیشی هەیە لەوانە : " التحيات لله والصلوات و الطيبات ، السلام على النبي ورحمة الله وبركاته ، السلام علينا وعلى عباد الله الصالحين ، أشهد أن لا إله إلا الله ، وأشهد أن محمداً عبدُه ورسولُه " .
20 ـ پاشان صەڵاوات دەدات لە سەر پێغەمبەری خوا بە یەكێك لەو شێوانەی كە لە پێغەمبەری خواوە وارد بووە ، لەوانەش :" اللهم صلِّ على محمد وعلى آل محمد ، وبارك على محمد وعلى آل محمد ، كما صليت وباركت على إبراهيم وعلى آل إبراهيم ، إنك حميد مجيد"
ئەم صەڵاواتە یان هەر صەڵاواتێكی تر بخوێنە كە لە سوننەت دا هاتبێ‌ ، وەك : " اللهم صل على محمد وعلى آل محمد كما صليت على إبراهيم وعلى آل إبراهيم إنك حميد مجيد اللهم بارك على محمد وعلى آل محمد كما باركت على إبراهيم وعلى آل إبراهيم إنك حميد مجيد "
22 ـ ئەگەر نوێژەكەی دوو ڕكاتی بوو ئەوا سەلام دەداتەوە ـ هەروەكو ئەوەی كە دێت ـ ئەگینا ( الله أكبر ) دەكات و هەڵدەستێتەوە بۆ ڕكاتی سێ‌یەم و دەستەكانی بەرز دەكاتەوە ، لەم ڕكاتەو لە ڕكاتی چوارەمیش دا چی لە ڕكاتی دووەمدا ئەنجام داوە تیایاندا ئەنجامی دەدات ، پێویستیشە لە هەموو ڕكاتێكدا سورەتی ( الفاتحة) بخوێنێت
23 ـ پاشان دادەنیشێت بۆ خوێندنەوەی تەحیاتی كۆتایی ، چیشی لە تەحیاتی یەكەمدا ئەنجامدابێ‌ لێرەشدا ئەنجامی دەدات ، بەڵام شێوەی دانیشتنەكەی بەشێوەی ( التورُّك ) دەبێت .
كەبریتی یە : لە دانانی پێ‌ی چەپی لە ژێر قاچی ڕاستی كە چەقاندوویەتی بە زەویدا ، پاشان تەحیات دەخوێنێت و صەڵاواتیش دەدات لە سەر پێغەمبەری خوا ، بەو شێوەیەی كە لە خاڵی ( 18 )ەو ( 19 )ەو ( 20 )دا ڕوونمانكردۆتەوە , پاشان پەنا دەگرێت بە خوای پەروەردگار لە چوار شت ئەوەش بەم شێوەیە : " اللهم إني أعوذ بك من عذاب جهنم ، ومن عذاب القبر ، و من فتنة المحيا والممات ، ومن شر فتنة المسيح الدَّجال " ، پاشان هەردوعاو پاڕانەوەیەكی بەدڵ بێ‌ دەیكات
24 ـ پاشان سەلام دەداتەوە بۆ كۆتایی هێنان بە نوێژەكەی ، بە یەكێك لەم شێوانەی خوارەوە :
( أ ) (السلام عليكم ورحمة الله وبركاته) بەلای ڕاستدا ، و( السلام علیكم ورحمة الله ) بەلای چەپدا .
( ب ) هەمان شێوەی یەكەم بە لابردنی ( وبركاته ) لە سەلامی یەكەم دا ، جگە لەم دوو شێوەیەش شێوەی تر واردە لە پێغەمبەری خواوە .
تێبینی : نوێژخوێنی بەڕێز : ئەوە بزانە كە نوێژی پیاو و ژن هیچ جیاوازیەكیان لە نێواندا نییە ، لە بەر گشتێتی ئەو فەرموودەیەی كە پێغەمبەری خوا تیایدا فەرموویەتی : " إنما النساء شقائق الرجال " صحیح الجامع : 2329 . ، واتە : ژنان هاوشان و برای پیاوانن .ئیللا مەگەر جیاوازیەك بە پێ‌ی فەرموودەی ( صحیح ) ی پێغەمبەری خوا بێت .
تێبینی : هیچ فەرموودەیەكیش نەهاتوە لەو فەرموودانەی كە سەبارەت بە چۆنێتی دەستنوێژ و نوێژی پێغەمبەری خوا باسم كردوون بكرێت بە بەڵگە بۆ ئەو جیاكاریە ، بەڵكو هەندێك فەرموودە هاتوون لەو بارەیەوە ، بەڵام هەموو ( ضعیف )ن ، و زانایانی فەرموودە و لێكۆڵەرەوان ئەوەیان ئاشكرا كردووە .

كۆتایی :
برای موسڵمان :
هەر ئەوەندەم پێكرا سوننەت لە سوننەتەكان پێغەمبەری خوا بخەمە ڕوو ، لە چۆنێتی نوێژەكەی ، بۆ ئەوەی ڕوون بێت لە لای تۆی بەڕێز ، بۆئەوەی شێوەكەی لە مێشكتدا بێت ، هەر وەكو ئەوەی لە پێش چاوتدا بێت و بەچاوی خۆت بیبینی ـ إن شا‌ء الله ـ جا ئەگەر تۆ بە شێوەیەكی نزیك لەم شێوەیەی پێغەمبەری خوا نوێژەكەت ئەنجامت دا ، ئەوا داواكارم لە خوای پەروەردگار نوێژ وهەموو كردەوە چاكەكانت لێ‌ وەرگرێت ، چونكە بەو كردەوەت ئەو فەرموودەیەیی پێغەمبەری خوات بەجێهێناوە كە فەرموویەتی : " صَلُّوا كما رأيتموني أُصلي " رواه البخاري .
واتە : نوێژەكانتان ئەنجام بدەن هەر وەكو چۆن منتان بینیوەنوێژ ئەنجامی دەدەم .
وآخر دعوانا أن الحمد لله ربِّ العالمين .

مامۆستا عدنان بارام

سەردان: ١٤,٤١٩ بەش: چۆنێتى نوێژ