ئەو مەرجە دروستانە چین بۆ دەستهێنان بەسەر خوففەكاندا لەگەڵ بەڵگە لەسەریان ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەو مەرجە دروستانە چین بۆ دەستهێنان بەسەر خوففەكاندا لەگەڵ بەڵگە لەسەریان ؟

 بۆ دەستهێنان بەسەر خوففەكان چوار مەرج هەیە :
مەرجی یەكەم : ئەبێت بەدەستنوێژەوە لەپێ كرابن ، و بەڵگەی ئەمەش ووتەی پێغەمبەری خوایە كە بە ( المغیرة ) ی كوڕی ( شعبة ) رضی الله عنه فەرمووی : " دعهما فإني أدخلتهما طاهرتين " ، واتە : وازیان لێ بێنە چونكە بەدەست نوێژەوە لە پێم كردوون .
مەرجی دووەم : ئەبێت خوففەكان یان گۆرەوییەكان پاك بن ، چونكە ئەگەر پیس بوون ئەوا دروست نیە دەستیان بەسەردا بهێنێت ، و بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە كە پێغەمبەری خوا ڕۆژێكیان نوێژی بە هاوەڵانی دەكرد و نەعلەكانیشی لەپێ بـوو ، لـە نێو نوێژەكـەیـدا نەعلەكــانی لـە پێ‌ داكەند ، و دواتر فەرمووی كە ( جبریل ) پێ‌ی ڕاگەیاندووە كە نەعلەكانی پیسیان پێوە بووە ، بۆیە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی نوێژ دروست نیە بەشتێك كە پیسی پێوە بێت ، وە لە بەر ئەوەش كە ئەگەر شتێكی پیس ( نجس ) دەستی تەڕی بەسەردا بهێنرێت ئەوا ئەو كەسەی كەدەستی بەسەردا دەسڕێت دەستەكانی پیس دەبن ، ئەو كاتەش پاك نابێت .
وە مەرجی سێ‌یەم : ئەم دەستهێنانە دەبێت لە بەتاڵبوونەوەی دەستنوێژ ( الحدث الأصغر ) بێت نەوەك لە لەش گرانی ( الجنابة ) وە لە بێ دەستنوێژی بێت نەك ئەوەی كە غوسل ( غسل ) پێویست دەكــات ، بەڵگەی ئەمــەش فەرموودەكەی ( صفوان ) ی كوڕی ( عسال ) ـە ڕەزاى خواى لێ بێ كە دەفەرمووێت : پێغەمبەر خوا فەرمانی پێكردین كە ئەگەر لەسەفەردا بووین ـ لە كاتی پیسی كردن و مێزكردن و خەوتندا ـ سێ شەو و سێ ڕۆژ بۆ دەستنوێژگرتنەوە خوففەكانمان دانەكەنین جگە لە كاتی لەش گرانی نەبێت( الجنابة ) ، ، ئەوا پێویستە دایانبكەنین . رواه أحمد في مسنده ، وصححه العلامة الألباني في : مشكاة المصابيح ، برقم : 520
بۆیە مەرجە كە ئەو دەستهێنانە لەكاتی لەش گرانی ( الجنابة ) دا نەبێت لەبەر ئەو فەرموودەیەی كە باسمان كرد .
مەرجی چوارەم : دەبێت ئەم دەستهێنانە لەو كاتەدا بێت كە لەشەرعدا دیاری كراوە ، كە ئەویش شەو و ڕۆژێكە بۆ كەسێك كە لە ماڵی خۆێدا ( واتە : المقیم ) بێت ، وە سێ‌ شەو و سێ‌ ڕۆژە بۆ كەسێك كە لە سەفەردا ( واتە : المسافر ) بێت ، لەبەر ئەو فەرموودەیەی كە ( علی ) كوڕی ( أبو طالب ) ڕەزاى خواى لێ بێ ڕیوایەتی دەكات و دەفەرمووێت : پێغەمبەری خوا شەو و ڕۆژێكی بۆ ئەو كەسە دیاری كردووە كە لــە مـاڵەكـەی خـۆیـدایە و موسـافیر نیـە ( المقیم ) ، وە بۆ كەسی موسافیریش ( المسافر ) یش سێ‌ شەو و سێ‌ ڕۆژی دیاری كردووە . صححه العلامة الألباني في : صحيح وضعيف سنن ابن ماجة ، برقم : 552 .
كەواتە : كاتی دەستهێنان بەسەر خوففەكان ماوە دیاری كراوەكە لە یەكەم جاری دەستهێنانەوە دوای دەستنوێژ شكان دەست پێ دەكات ، بۆ كەسی نیشتەجێ‌ لە ماڵەكەی خۆی بە بیست و چوار سەعات كۆتایی دێت ، وە بۆ كەسی گوزەركار ( واتە : موسافیر ) یش بەحەفتاو دوو سەعات كۆتایی دێت .
وە ئەگەر وادابنێین كە كەسێك دەستنوێژی گرت بۆ نوێژی بەیانی ڕۆژی سێ شەممە و دەستنوێژەكەی ماوە و نەشكا تاكو نوێژی خەوتنانی ( عیشا ) شەوی چوار شەممە و خەوت و ئینجا هەستا بۆ نوێژی بەیانی ڕۆژی چوار شەممە و دەستی هێنا بەسەر خوففەكانیدا ئەوا بۆی هەیە دەستیان بەسەردا بهێنێت تاكو سەعاتی پێنجی بەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ، وە ئەگەر وادا بنێین كە ڕۆژی پێنج شەممە پێش سەعات پێنجی بەیانی دەستی هێنا بەسەریاندا ، ئەو كاتە بۆی هەیە كە نوێژی بەیانی ـ واتە : بەیانی پێنج شەممە ـ بەو مەسحكردنەی بكات ، هەرچەند دەوێت نوێژی سوننەتیش بكات تاكو دەستنوێژەكەی ماوە و نەشكاوە ، چونكە دەستنوێژ بەتەواو بوونی كاتی دەستهێنان ( مدة المسح ) بەتاڵ نابێتەوە لەسەر بۆچوونی هەڵبژاردە و دروست ( الراجح ) ی زانایان ، ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە پێغەمبەری خوا ماوەی بۆ دەستنوێژ دانەناوە ، بەڵكو ماوەی تەنها بۆ كاتی دەستهێنان داناوە .
وە ئەگەر كاتی دەستهێنانكە كۆتایی هات ئیتر نابێت دەست بسڕێت بەسەر خوففەكاندا ، بەڵام ئەگەر دەستنوێژی مابوو نەشكا بوو ـ لە دوای تەوابوونی ماوەی دەست بەسەرهێنانەكە ئەوا دەستنوێژەكەی ماوە چونكە ئەم دەستنوێژە بە بەڵگەیەكی شەرعی جێگیربووە ، وە ئەو شتەی كە بە بەڵگەی شەرعی جێگیر بێت بە بەڵگەیەكی شەرعی تر نەبێت حوكمەكەی لانابرێت ، وە هیچ بەڵگەیەكیش نیە لەسەر بەتاڵ بوونەوەی دەستنوێژ بە كۆتایی هاتنی ماوەی دەستهێنان بەسەر پێكاندا ، چونكە بنەوا ( أصل ) وایە كە هەرشتێك لەسەر حوكمەكەی خۆی بمێنێتەوە تاكو نەمانی حوكمەكەی ڕوون دەبێتەوە .
ئەمە ئەو مەرجانەیە كە بۆ دەستهێنان بەسەر خوففەكاندا پێویستن ، وە هەندێك لە زانایان هەندێ‌ مەرجی ترییان باس كردووە ، بەڵام هەندێكیان قسەی لەسەرە .

شێخ محمد بن صالح العثیمین رحمه الله

سەردان: ٢,٣٠٠ بەش: مەسح کردن لەسەر گۆرەوى و خوف