ئایا نوێژى جەماعەت واجبە یان سوننەتە؟ بەبەڵگەوە بۆمان ڕوونبکەنەوە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا نوێژى جەماعەت واجبە یان سوننەتە؟ بەبەڵگەوە بۆمان ڕوونبکەنەوە

الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه ومن والاه... أما بعد:
‏بزانە برای موسڵمان كە زانایانی ئیسلام بە گشتی باوەڕیان وایە ئەنجامدانی پێنج ‏نوێژەكە بەجەماعەت لە مزگەوت دا لە گەورەترین پەرستنەكانەوەو مەزنترین شیعاری ‏ئیسلامەو خێرێكی زۆری هەیە وەك پێغەمبەر (‏‏) دەفەرموێت(نوێژی جەماعەت ‏خێری زیاترە لە نوێژی بە تەنهای بە 25پلە،وەلە ڕیوایەتێكی تردا دەفەرموێت (بە 27 ‏پلە)فەرمودەكەش صەحیحە.
بەڵام زانایانی ئیسلام بۆچونیان جیاوازە سەبارەت بە حوكمی ‏نوێژی جەماعەت
أ-كۆمەڵەی یەكەمی زانایان دەڵێن: ‏
جەماعەت سوننەتێكی تەئكید لەسەر كراوەو واجب نی یە. ‏
ب- كۆمەڵەی دووەمی زانایان دەڵێن:‏
جەماعەت واجبە بكرێت لە هەموو گوندو شارێكدا لەناو هەموو كۆمەڵێدا،بەڵام واجب ‏نییە لەسەر هەموو پیاوێكی موسڵمان،بەڵكو ئەگەر كۆمەڵێك پێ‌ی هەستان ئەوا لەسەر ‏ئەوانی تر لادەچێت.واتە (فەرزی كیفائی)یە. ‏
ج-كۆمەڵەی سێیەمی زانایان دەڵێن: ‏
جەماعەت واجبە لەسەر هەموو موسڵمانێكی پیاو كەعوزری نەبێت:
وەئەم ڕەئیەی سێیەم ‏بەڵگەی قورئان و حەدیسی لەسەرەو هاوەڵانی پێغەمبەر (‏‏) بەجێیان هێناوە،مەزهەبی ‏ئیمامی (أحمد)ەو زۆر لەزانایانی فیقه و حەدیس ئەم بۆ چوونەیان بووەو ئیمامی ‏‏(نەوەوی) لە كتێبی (المجموع شرح المهذب)دا فەرموویەتی:(ئەم ڕای سێیەمە ڕای دوو لە ‏زانا گەورەكانمانە كە باڵادەستن لە فیقه و حەدیس كە بریتین لە:أبو بكر بن خزیمە،وابن ‏المنذر)وە ئیمامی ڕافعی فەرموویەتی:دەڵێن ئەمە قسەی ئیمامی شافعی یە) ‏
وە ابن المنذر:
دەفەرموێ‌ ئیمامی شافعی فەرموویەتی: (ڕێگە نادەم بە كەسێك كە ‏بتوانێت نوێژی جەماعەت بكات و نەچێت مەگەر عوزری هەبێت ڕوخسەتی بۆ ‏هەیە)بەڵگەش لەسەر ڕاستێتی ڕای سێیەم ئەمانەی خوارەوەیە: ‏
یەكەم لەقورئاندا
‏1-خوای گەورە فەرموویەتی: [وَإِذَا كُنتَ فِيهِمْ فَأَقَمْتَ لَهُمُ الصَّلاَةَ فَلْتَقُمْ طَآئِفَةٌ مِّنْهُم مَّعَكَ........] سورة النساء (102). واتە ئەگەر لەگەڵیان بوویت لەكاتی ترس دا ئەوا ‏نوێژەكەتان بەجەماعەت بكەن.‏
‏ أ-خوای گەورە فەرمانی بەو موسڵمانانە كرد كە لەگەڵ پێغەمبەرن(‏‏) لە كاتی ترس دا ‏لە جەنگدا كە بەجەماعەت نوێژی لەگەڵ بكەن،وە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوە كە نوێژ ‏بەجەماعەت واجبە لە كاتی ترس دا كەواتە لە كاتی ئاسایی دا زیاتر پێویستە.‏
‏ ب- هەروەها لەبەر خاتری بە جەماعەت نوێژ كردن (لەكاتی جەنگدا)چەندان ڕوكن و ‏پێویستی ناو نوێژ چاو پۆشییان لێ‌ دەكرێ‌ و موخالەفە كردنی ئیمامیش ڕیگەی ‏پێدراوە،جا ئەگەر نوێژ بە جەماعەت واجب نەبوایە لەسەریان ئەوا ئەم هەموو شتە ‏واجبانەی ناو نوێژ چاوپۆشی لێ‌ نەدەكرا. ‏
‏2-خوای گـەورە فـەرمانی بە موسڵمانان كــردوە كە نــوێژ بكــەن لەگــەڵ نــوێژ كـەران ‏واتــە بــە جەماعەت وەك دەفەرموێت: [وَأَقِيمُواْ الصَّلاَةَ وَآتُواْ الزَّكَاةَ وَارْكَعُواْ مَعَ الرَّاكِعِينَ] سورة البقرة (43)..وە ئەم فەرمانەش بۆ واجب بوونە.‏
دووەم لە سوننەتی پێغەمبەردا(‏‏)
‏1-پێغەمبەر (‏)فەرموویەتی: (ئەوەی بانگ ببیستێ‌ و نەیەت بۆ نوێژی جەماعەت بەبێ‌ ‏عوزر ئەوا نوێژەكەی بۆ نی یە).واتە تەواو نی یە.فەرموودەیەكی ڕاستە لە كتێبی ‏‏(صحیح الترغیب والترهیب)دا هاتووە.‏
‏2- پێغەمبەر (‏‏) فەرموویەتی: (هەرسێ‌ كەسێك لە گوندێك یان لە شارێك بن و ‏جەماعەتیان تێدا نەكرێت ئەوا شەیتان زاڵ بووە بەسەریاندا).كەوا بوو لەگەڵ جەماعەت ‏بن چونكە (گورك تەنها مەڕی دابڕاو دەخوات لە مێگەل). (صحیح الترغیب والترهیب).‏
لەم فەرموودەی پێغەمبەر (‏‏)دا دەردەكەوێت كە جەماعەت واجبەو،وازهێنان لەم واجبە ‏ڕێگا خۆشكەرەو هۆیەكی سەرەكییە بۆ زاڵ بوونی شەیتان بەسەر مرۆڤدا.وەئەگەر ‏جەماعەت تەنها سوننەت بوایە،ئەوا واز هێنان لە سوننەتێك نابێتە هۆی زاڵ بوونی ‏شەیتان بەسەریاندا.هەروەك لە حەدیسی كابرای عەرەبی دەشتەكی دا دەردەكەوێت ‏كاتێك پرسیاری لە پێغەمبەر (‏‏) كرد(چەند نوێژی لەسەر واجبە،فەرمووی تەنها پێنج ‏نوێژ،مەگەر حەز بكەی سوننەتەكان بكەی،كابرا ووتی:والله لەم پێنجانە زیاتر ناكەم و ‏هیچ سوننەتێك ناكەم.) پێغەمبەر (‏‏) فەرمووی (أفلح إن صدق)،سەركەوتووە ئەگەر ‏ڕاست بكات نوێژە واجبەكان ئەنجام بدات با سوننەتەكانیش نەكات،وە مرۆڤی ‏سەركەوتوو ڕزگار بوو شەیتان زاڵ نابێت بەسەریا،كەواتە ئەگەر جەماعەت تەنها سوننەت بووایە و واجب نەبوایە ئەوا نەكردنی ‏نەدەبووە مایەی دۆڕان بەرامبەر شەیتان و زاڵ بوونی شەیتان.جا وورد بەوە لەم باسە!!!‏
‏3-وە لەفەرموودەیەكی تردا هاتووە (كە گرانترین نوێژ لەسەر مونافیقەكان نوێژی عیشا ‏و نوێژی بەیانی یە،وە ئەگەر بزانن چەند خێریان تێدایە ئەوا ئامادەی جەماعەتی ئەو ‏دوو نوێژەش دەبوون ئەگەر لەسەر ئەژنۆش بۆی بخشێن بە گاگۆڵكە)!!.وە نیازم بوو كە ‏فەرمان بكەم بەیەكێك كە جەماعەتەكە بۆ خەڵكی بكات و خۆشم بڕۆم لەگەڵ كۆمەڵە ‏پیاوێك كە باقە داریان پێ‌بێت بۆ لای ئەو كەسانەی كە نایەن بۆ نوێژی جەماعەت بۆ ‏ئەوەی خانوەكانیان بەسەر دا بسوتێنم.(بوخاری وموسلم ئەم فەرموودەیان ‏گێڕاوەتەوە).
وە لە ڕیوایەتێكی تردا لای ئیمام أحمد دا هۆی هەڵنەستانی بە سوتاندنیان ‏ڕوون كردۆتەوە كە لەبەر خاتری ئەو ژن و منداڵانەیەكە لەناو خانوەكاندان و بێ‌ گوناهن ‏و ناكرێت بەهۆی سوتانی پیاوە تاوانبارەكان كە نەهاتوون بۆ جەماعەت ژن و منداڵی ‏بێ‌ تاوانیش بسوتێن.‏
وە هەندێك لە زانایان دەڵێن بۆیە هەڵنەساوە بەسوتاندنی خانوەكانیان ‏بەسەریاندا،چونكە دروست نییە جگە لە خوادا كەس بەئاگر تاوانباران سزا بدات ‏جالەم حەدیسەدا دەردەكەوێت كە واجبە چوون بۆ مزگەوت بۆ نوێژی جەماعەت،جا ‏ئەگەر واجب نەبوایە لەسەر هەموو پیاوێك و تەنها سوننەت بوایە یان بەئەنجام دانی ‏كۆمەڵێك لەسەر ئەوانی تر لابچوایە ئەوا ئامادە نەبوونی نەدەبووە شایستەی بیر ‏كردنەوەی سزادانی بە سوتاندن،
چونكە وازهێنان لە واجب شایستەی سزادانە نەك وازهێنان لە سوننەت.وەك لە زانستی ‏‏(أصول الفقە)دا باس كراوە.كەواتە وازهێنان لە جەماعەت گوناهێكی گەورەیەو ‏تاوانێكی ترسناكە و لە سیفەتی مونافیقانە،بە تایبەتیش وازهێنان لە جەماعەتی ‏بەیانیو عیشا.‏

پوچەڵ كردنەوەی گومانێك‎
برای موسڵمان: دروست نییە بەستنەوەی ئەم سزایە بەواز هێنان لە (نوێژی ‏جومعە)چونكە حەدیسەكە بە تایبەت باسی نوێژی بەیانی و عیشا دەكات.‏
وە هەروەها دروست نی یە بەستنەوەی سزاكە بە مونافیقان چونكە پێغەمبەر(‏) ‏سزاكەی بە ستۆتەوە بەوانەی ئامادەی جەماعەت نابن بە گشتی نەیبەستۆتەوە بە ‏مونافیقانەوە.‏
وەك لە ڕیوایەتێكی لای ئیمام أحمد بە ڕوونی هاتووە كە فەرموویەتی :
(إنى لأهم أن أجعل للناس إماما،ثم أخرج،فل أقدر على إنسان يتخلف عن الصلاة في بيته إلا أحرقته عليه)واتە (هەر ‏مرۆڤێك) بەردەست كەوێت لەماڵەوە جاهەركەسێك بێت مونافیق بێت یان موسڵمان كە ‏دوا كەوتبێت لە نوێژی جەماعەت ماڵەكەی بەسەر دا دەسوتێنم.
دیارە ووشەی ئینسان ‏گشتی یەو تایبەت نی یە بە مونافیق.
وەهەروەها پێغەمبەر(‏‏) سزای مونافیقانی ‏نەدەدا لەسەر نیفاقیان، چونكە نیفاق تاوانێكی دەروونـی یە و نادیارە وە خودا پێ‌ی ‏ئاگادارە بەڵام سزای دەدان لەســەر تاوانە دیارو دەرەكییەكان جا ئەگەر ‏ئـامادە نەبوونی جەماعەت تاوان نەبوایە ئەوە پێغەمبەر (‏‏) بیری لە سزادانیان ‏نەدەكردەوە بە سووتاندن.‏
‏4- باوكی أُمامە (خوای لێ‌ ڕازی بێت)فەرمووی: (عبد الله ی كوڕی دایكی مكـتوم هات- ‏كە كوێرە –بۆ لای پێغەمبەر (‏‏) وە پێ‌ ی فەرموو: ئەی پێغەمبەری خوا من بەم ‏شێوەیەم كە دەمبینی:‏
أ-بەساڵاچووم ‏
ب-ئێسقانم نەرم بووە ‏
ج-بینینم نەماوە ‏
د-كەسیشم نی یە هەموو ڕۆژێك بم هێنێت بۆ مزگەوت ‏
هـ-ماڵیشم دوورە ولەڕێگاش دار خورماو درەختی لێ‌ یە جا ئایا ڕوخسەتێك هەیە بۆ من ‏نوێژ لەماڵەوە بكەم،!!‏
پێغەمبەر (‏‏) لەسەرەتادا ڕوخسەتی پێداو كە پشتی كردەوە بۆ ڕۆیشتن بانگی ‏كردەوەو پێ‌ ی فەرموو ئایا گوێت لەبانگە لەماڵەوەدا ؟ ووتی بەڵێ‌،پێغەمبەر (‏‏) پێ‌ ی ‏فەرموو:دەی بەدەنگ بانگەوە وەرە هیچ ڕوخسەتێكم پێ‌ نی یە بۆت)!!‏

سێ‌ یەم: بەڵگە لەسەر واجبێتی جەماعەت لە سوننەتی صەحابە ‏
عبدالله ی كوڕی مەسعود فەرمووی: (ئەوەی پێی خۆش بێت كە بەیانی ‏بەموسڵمانی بە خوا بگات،با ئەو پێنج نوێژانە بە جەماعەت بكات لەو شوێنەی كە بۆیان ‏بانگ دەدرێ واتە لە مزگەوت دا..وە ئەو پێنج نوێژانە لە مـزگەوت بـە جەماعەت ‏لەسوننەتی پێغەمبەرن (‏‏)،وە ئەگەر ئێوەش لەماڵەوە نوێژ بكەن،ئەوا وازتان هێناوە ‏لە سوننەتی پێغەمبەرەكەتان (‏‏)،وە ئەگــەر وازیـش بـێـنـن لە سونەتی ‏پێغەمـبەرەكەتــان (‏) ئەوا گومڕا بوون. وە ئـێمـە لەسەردەمی پـێـغەمبەردا ‏‏(‏‏) كەس دوا نەدەكەوت لە جەماعەت تەنها مونافیقێكی ئاشكرا نەبووایە،وە ‏هاوەڵانی پێغەمبەر(‏‏) كە یەكێكیان نەخۆش بووایە ئەوا لەنێوان دووكەس دا دەهێنرا ‏لەڕیزی جەماعەت دا ڕادەگیرا)صحیح مسلم.‏
ئەم فەرموودەیەی عبدالله بەڵگەیە لەسەر واجبێتی ‏نوێژی جەماعەت لە چەند ڕوویەكەوە
أ-جەماعەت، لەوجۆرە سوننەتانەی پێغەمبەرە(‏‏) كە واجبن و وازهێنانی گومڕا بوونە ‏،نەك كافربوون.‏
ب- كەس دوا نەدەكەوت لە جەماعەت مونافیقە ئاشكراكان نەبن، كەواتە دواكەوتن لە ‏جەماعەت پیشەی مونافیقەكانە نەك بڕواداران.‏
ج- كەسێك نەخۆشیش بووایە بەدوو كەس دەیان هێنا بۆ جەماعەت (هەر چەندە ‏عوزریشی هەبوو)،بەڵام ئیمانەكەی ڕێی پێ‌ نەدەدا ئەم شیعارە مەزنە لەدەست بدات و لە ‏گەڵ مونافیقە بێ‌ شەرمەكان بمێنێتەوەو لەماڵ نوێژ بكات.‏
د- عبد الله ی كوڕی عمر (‏رضي الله عنهما‏) فەرمووی: (ئێمە هاوەڵانی پێغەمبەر (‏‏) ئەگەر ‏كەسێكمان نەبینیبا لەنوێژی بەیانی و عیشا گومانی خراپمان پێ‌ دەبرد) صحیح الترغیب ‏والترهیب. ‏
واتە: گومانی نیفاقیان پێ‌ دەبرد چونكە ئەم دوو نوێژە بە جەماعەت قورسن لەسەر ‏مونافیقەكان و دواكەوتن لێیان پیشەی ئەوانە، جا نابێت بڕوادار بەوانە بچێت.‏

‎ڕاست كردنەوەی تێگەیشتنێكی هەڵە ‏‎
بەڵگەی كۆمەڵی یەكەم و دووەمی زانایان كە دەڵێ‌ جەماعەت واجب نی یە لەسەر هەموو ‏پیاوێكی موسڵمانی بێ‌ عوزر بریتییە لەو فـەرموودەیە كەدەفەرمـوێت نوێژی ‏جەماعەت خێری ‏
زیاترە لە نوێژی تاك بە (25) یان (27) پلە.جا دەڵێن لەو حەدیسە دا كە نوێژی تاكیش ‏هەر خێرەو دروستە، بەڵام وەكو جەماعەت نابێت.جا ئەگەر جەماعەت واجب بوایە ئەوا ‏نوێژی تاك هیچ پاداشتی نەدەبوو!! ‏
لەوەڵامی ئەم تێگەیشتنە هەڵەیەدا زانایان وتوویانە
یەكەم:
مەبەست لەم حەدیسەدا ڕوونكردنەوەی پاداشت و پلەی جەماعەتە بەس نەك ‏ڕوونكردنەوەی حوكمەی كە ئایا واجبە یان سوننەتە. وەحەدیسی تری زۆرمان هەیە كە ‏حوكمی جەماعەتمان بۆ ڕوون دەكاتەوە كەواجبە جگە لەو حەدیسە وەك باسكرا.‏
دووەم:
وەبوونی پاداشت لەسەر نوێژی تاكیش ئەوەی لێ‌ فام ناكرێت كەجەماعەت ‏واجب نییە وتەنها سوننەتە چونكە ئەگەر فەزڵی شتێك درا بەسەر شتێكی تر مانای ‏ئەوە نی یە كە (هەركامێكیان هەڵبژێرێت هەر ببێت) ئەگەر شتە پلە كەمەكە هەڵبژێریت ‏ئەوا شتە پلە بەرزەكەت لەسەر لابچێت و پێویست نەكات بیكەی. ‏
بۆ نموونە: ‏
‏* خوای گەورە كاتێك باسی باوەڕ هێنان دەكات بەخوا،دەفەرموێت ئەوەتان خێرترە ‏لەباوەڕ نەهێنان [ تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَتُجَاهِدُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ بِأَمْوَالِكُمْ وَأَنفُسِكُمْ ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ ] الصف (11). ‏
جا ئایە باوەڕ نەهێنانیش هەر دروستە ؟! یاخود ئایا باوەڕ هێنان بە خودا تەنها سوننەتەو واجب ‏نییە؟! ‏
‏ *وە لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت ئەگەر بانگ كران بۆ نوێژی جومعە ئەوا واز ‏لەبازرگانی و كڕین و فرۆشتن بهێنن و بڕۆن بۆ نوێژی جومعە بۆ یادی خوا. ‏
چونكە ئەوتان خێرترە لەنەچوون. [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا نُودِي لِلصَّلَاةِ مِن يَوْمِ الْجُمُعَةِ فَاسْعَوْا إِلَى ذِكْرِ اللَّهِ وَذَرُوا الْبَيْعَ ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ] (9) سورة الجمعة جا ئایا چوون ‏بۆ جومعە تەنها سوننەتەو نەشچی هەر خێرە؟!‏
‏*وە لەنمونەیەكی تردا خوای گەورە دەفەرموێت كۆمەڵی بەهەشت شوێنیان خێرترە و ‏باشترە لەكۆمەڵی دۆزەخ [أَصْحَابُ الْجَنَّةِ يَوْمَئِذٍ خَيْرٌ مُّسْتَقَرًّا وَأَحْسَنُ مَقِيلًا] (24) سورة الفرقان..‏
‏ جا ئایا دەتوانین بڵێین شوێنی هەردوو كۆمەڵەكە هەر باشە بەڵام كۆمەڵی بەهەشت ‏باشترە؟! نەخێر. كەواتە ئەگەر شتێك پەسەند كرا بەسەر شتێكی تردا بەڵگە نی یە ‏لەسەر ئەوەی كە شتە پەسەند لەسەر نەكراوەكەش هەر باش بێت!! یاخود بێ‌ پێویستت ‏كات لەشتە پەسەند كراوەكە،ئەوپەڕی دەتوانین بڵێین بەئەنجام دانی نوێژ بەتاكیش ‏نوێژەكە هەر ڕاستەو ئەركی نوێژەكەی لەسەر لادەچێت، بەڵام ئەركی جەماعەتەكەی ‏لەئەستۆ ماوەو گوناهبارەو تاوانێكی گەورەی كردوەو خۆی بەمونافیقان چوواندووەو ‏سەرپێچی لە فەرمانی خوا كردووەو سوننەتی پێغەمبەری (‏‏) پشت گوێ‌ خستووەو ‏بەرەو گومڕایی ڕۆشتووە. ‏

‎گەورەیی خێری نوێژی جەماعەت بەگشتی وبەیانی وعیشا بەتایبەتی ‏‎
یەكەم:
پێغەمبەری خوا (‏‏) فەرموویەتی (هەركەسێ‌ دەست نوێژ بگرێت بەتەواوی –بە ‏گوێرەی سوننەت-لەپاشان بڕوا بۆ نوێژی جەماعەت و بیكات بەجەماعەت لەگەڵ ئیمام ‏دا ئەوا خوای گەورە لە گوناهەكانی بوراوە)صحیح ابن خُزیمة.‏
دووەم:
پێغەمبەری خوا (‏‏) فەرموویەتی (هەر كەسێ‌ نوێژی عیشا بەجەماعەت بكات ‏وەك ئەوە وایە نیو شەو شەونوێژی كردبێ‌،وە هەركەسێ‌ بەیانیەكەش بە جەماعەت ‏بكات وەك ئەوە وایە هەموو شەوەكە شەونوێژی كردبێ‌) رواه مسلم.‏
سێ‌ یەم:
پێغەمبەری خوا (‏‏) فەرموویەتی (هەر كەسێ‌ لە تاریكی شەودا بچێت بۆ ‏مزگەوت –بۆ جەماعەت- ئەوا لە ڕۆژی دوایی بەڕووناكێكی تەواوەووە بە خوا دەگات) ‏صحیح الترغیب والترهیب.‏
چوارەم:
پێغەمبەری خوا (‏‏) فەرموویەتی (هەر كەسێ‌ نوێژی بەیانی بە جەماعەت ‏بكات ئەوا ئەو ڕۆژە لە ژێر چاودێری خوادا دەبێت) رواه ابن ماجە.‏
[تێبینی:‏]
یەكەم: عوزری نەچوون بۆ نوێژی جەماعەت بریتییە لە:.‏
أ- ترس‏
ب- نەخۆشی‏
ج- باران‏
د-ئامادەبوونی خۆراك كاتی قامەت ‏
ه-تەنگاوی.‏
والحمد لله الذي بنعمته تتم الصالحات
وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.

دکتۆر عبداللطیف أحمد

سەردان: ٥,٨٧٧ بەش: نوێژى جەماعەت