حوکمى خوێندنى سورەتى فاتحیە بۆ مەئموم چیە ؟واتە ئەوانەى لە دواى ئیمام نوێژ دەكەن دەبێت سورەتى فاتیحە بخوێنن؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى خوێندنى سورەتى فاتحیە بۆ مەئموم چیە ؟واتە ئەوانەى لە دواى ئیمام نوێژ دەكەن دەبێت سورەتى فاتیحە بخوێنن؟
پرسیار:

ئایا حوکمى خوێندنى سورەتى فاتحیە بۆ مەئموم چیە ؟ ئایا سورەتى فاتیحە بخوێنین یان بێ دەنگ بین و گوێ لە ئیمام بگرین؟
چونکە لەگەڵ هەندێ برا ڕا جیاوازیمان تێ کەوتوە سەبارەت بە خوێندنى سورەتى فاتحیە لەو نوێژانەى کە ئیمام دەنگى تیا بەرز دەکاتەوە وەکو نوێژى (بەیانى ، مەغریب ، عیشا) ، دەڵێن دەبێ گوێ لە ئیمام بگریت و هیچ نەخوێنى ، بەشێکیش دەڵێن دەبێ بیخوێنى .
جا زانایان چی دەفەرموون لەم بارەییەوە؟

خوێندنی (سوڕەتی فاتیحه) ڕوکنێکە لەڕوکنەکانی نوێژ وپێویستە لەهەمو ڕکاتێکدا بخوێندرێت ، جا ئیمام بێت یاخود کەسەکە بەتەنها نوێژ بکات ؛ بەبەڵگەی ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر : ( لا صَلاة لِمَنْ لَمْ يَقْرَأْ بِفَاتِحَةِ الْكِتَابِ ) رواه البخاري (الأذان/714) ، واتە : نوێژی بۆ نی یە ئەو کەسەی (سوڕەتی فاتیحه)نەخوێنێت .

بەڵام بەنیسبەت ئەو کەسانەى کە لە دواى ئیمامەوە نوێژ دەکەن (مەئموم) لەو نوێژانەدا کە ئیمام بەدەنگی بەرز قورئان دەخوێنێت ، واتە : (مەغریب وعیشا وبەیانی) لەم بارەیەوە زانایان دوو بۆچوونیان هەیە :

بۆچوونی یەکەم :
پێیان وایە خوێندنی(سوڕەتی فاتیحه) واجبە ، بەڵگەشیان گشتگیری ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەرە : ( لا صَلاة لِمَنْ لَمْ يَقْرَأْ بِفَاتِحَةِ الْكِتَابِ ) رواه البخاري (الأذان/714) .
واتە : نوێژی بۆ نی یە ئەو کەسەی (سوڕەتی فاتیحه)نەخوێنێت .

وەکاتێ کەپێغەمبەر ئەو پیاوەی (کەبەهەڵە نوێژی ئەنجام دا) فێری نوێژ کردن کرد ، فەرمانی پێ کرد(سوڕەتی فاتیحه)بخوێنێت .

وە لەپێغەمبەرەوە بەسەحیحی هاتووە کە لەهەموو ڕکاتێکدا (فاتیحة) ی دەخوێند .
وە الحافظ ابن حجر لە ( فتح الباري )دا ، دەڵێت : " سابت بووە کەڕێگە دراوە بەخوێندنی سوڕەتی فاتیحه لەو نوێژانەدا کەبەدەنگی بەرز دەخوێندرێت وتایبەت نەکراوە ، ئەوەش لەبەر ئەو فەرموودەیەی کە ئیمامی بخارى لە ( " جُزْء الْقِرَاءَة " وَاَلتِّرْمِذِيّ وَابْن حِبَّانَ ) وجگە لەمانیش لەڕیوایەتی(مَكْحُول عَنْ مَحْمُود بْن الرَّبِيع عَنْ عُبَادَة) کە " أَنَّ النَّبِيَّ - صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ - ثَقُلَتْ عَلَيْهِ الْقِرَاءَةُ فِي الْفَجْرِ ، فَلَمَّا فَرَغَ قَالَ : لَعَلَّكُمْ تَقْرَءُونَ خَلْفَ إِمَامِكُمْ ؟ قُلْنَا : نَعَمْ . قَالَ : فَلَا تَفْعَلُوا إِلا بِفَاتِحَةِ الْكِتَابِ , فَإِنَّهُ لا صَلاةَ لِمَنْ لَمْ يَقْرَأْ بِهَا " ا.هـ .
واتە : جارێکیان پێغەمبەر خوێندنی لەسەر قورس بوو لەنوێژی بەیانیدا ، کاتێ کەتەواو بوو ، فەرمووی : وادیارە ئێوە لەدوای ئیمامەوە قورئان دەخوێنن ؟
گوتمان : بەڵێ .
فەرمووی : ئەو کارە مەکەن و تەنها (فاتیحه )بخوێنن ، چونکە نوێژی هیچ کەسێک دروست نی یە بەبێ خوێندنی سوڕەتی فاتیحه .

بۆچونی دووەم :
خوێندنی ئیمام کافییە وبەسە وجێگەی خوێندنی مەئموومیش دەگرێتەوە ، بەبەڵگەی ئەم ئایەتە پیرۆزە : ( وإذا قُرِئ القرآن فاستمعوا له وانصتوا لعلكم ترحمون ) الأعراف /204 .
واتە : کاتێ کەقورئان خوێندرا گوێی بۆ ڕاگرن وبێدەنگ بن بەڵکو ڕەحمتان پێ بکرێت .

وە ابن حجر دەڵێت : " هەندێ لەزانایان لەوانە (مالکییەکان) دەڵێن مەئمووم (سوڕەتی فاتیحه) ناخوێنێت لەو نوێژانەدا کەبەدەنگی بەرز قورئان دەخوێنرێت ، وەک (مەغریب وعیشا وبەیانی)، بەڵگەشیان ئەو فەرموودەیەیە ( وَإِذَا قَرَأَ فَأَنْصِتُوا ) وَهُوَ حَدِيثٌ صَحِيحٌ أَخْرَجَهُ مُسْلِم مِنْ حَدِيثِ أَبِي مُوسَى الأَشْعَرِي .
واتە : کاتێ ئیمام قورئانی خوێند ئێوە بێدەنگ بن .

جا ئەوانەی کەدەڵێن : واجبە بخوێنرێت ، دەڵێن : دەخوێنێت دوای ئەوەی ئیمام لەخوێندنی (فاتیحه)دەبێتەوە وپێش دەس پێکردنی سوڕەتێکی تر ، یاخود لەوکاتانەدا دەخوێندرێت کەئيمام لەنێوان ئایەتەکاندا (بێ دەنگ دەبێت) ، ابن حجر دەڵێت : " يُنْصِتُ إِذَا قَرَأَ الإِمَام وَيَقْرَأُ إِذَا سَكَتَ "
واتە : بێدەنگ دەبێت کاتێ ئیمام قورئان دەخوێنێت وفاتیحه دەخوێنێت کاتێ کەئیمام بێدەنگ دەبێت إ.هـ .

وە الشيخ ابن باز دەڵێت : مەبەست لەبێدەنگ بوونی ئیمام ئەوەیە : کاتێ ئیمام لەکاتی خوێندی سوڕەتی فاتیحه وغەیری فاتیحەشدا بێدەنگ دەبێت ، جا ئەگەر ئیمام هەر بێ دەنگ نەبوو ، ئەوا واجبە (لەسەر بۆچوونی دروستی زانایان) مەئمووم (فاتیحه)بخوێنێت هەر چەند ئیمامیش قورئان بخوێنێت و بێدەنگ نەبێت .
انظر فتاوى الشيخ ابن باز ج/11 ص/221

وە هاوشێوەی ئەم پرسیارە کراوە لە ( اللجنة الدائمة)ولەوەڵامدا گوتویانە :
بۆچوونی ڕاستی زانایان ئەوەیە :
خوێندنی (سوڕەتی فاتیحه)واجبە لەسەر ئەو کەسەی بەتەنها نوێژ دەکات وهەروەها ئەو کەسەش کەئیمامە وئەو کەسەش کە بە جەماعەت نوێژ دەکات جا ئەو نوێژانە بێت کەبەدەنگی بەرز قورئانی تێدا دەخوێندرێت یاخود ئەو نوێژانەی کەبەدەنگی نزم قورئان دەخوێندرێت ، لەبەر سەحیحی وتایبەتی ئەو بەڵگانەی کەلەو بارەیەوە هاتوون ، بەڵام بەنیسبەت ئەو ئایەتەوە : ( وإذا قرئ القرآن فاستمعوا له وأنصتوا لعلكم ترحمون ) ،واتە : کاتێ کەقورئان خوێندرا گوێی بۆ ڕاگرن وبێدەنگ بن بەڵکو ڕەحمتان پێ بکرێت .
ئەوا (عامە)، وهەروەها ئەو فەرموودەیەش هەر (عامە) : ( وإذا قرأ فأنصتوا ) .
واتە : کاتێ ئیمام قورئانی خوێند ئێوە بێدەنگ بن .
عامە لە (فاتیحه) وغەیری (فاتیحه)شدا ، وتایبەت دەکرێن بەو فەرموودەیە : ( لا صلاة لمن لم يقرأ بفاتحة الكتاب ) واتە : نوێژی تەواو نی یە ئەو کەسەی (سوڕەتی فاتیحه)نەخوێنێت .

ئەمەش بۆ جەمع کردنە لەنێوان ئەو بەڵگە سەحیحانەدا کەلەم بارەیەوە هاتوون ، وبەنیسبەت ئەو فەرموودە کە دەڵێت : ( من كان له إمام فقراءة الإمام له قراءة ) واتە : هەر کەسێک لەگەڵ ئیمامدا نوێژی کرد ئەوا قورئان خوێندنی ئیمام قورئان خوێندنی ئەویشە .
ئەوا (زەعیفە) وسەحیح نی یە .
وە ڕاست نی یە بوترێت : (آمین) کردنی مەئمووم بۆ قورئان خوێندنی ئیمام جێگەی خوێندی (فاتیحه) دەگرێتەوە .

وبالله التوفيق وصلى الله على نبينا محمد وآله وصحبه وسلم.
اللجنة الدائمة للبحوث العلمية والإفتاء

وە نابێ ڕا جیاوازی لەم بابەتەدا بکرێتە هۆی دوو بەرەکی و ڕق و قین ، بەڵکو پێویستە لەسەرتان زیاتر ديراسە و بەدوادا چوونی زانستی بکەن .
جا گەر هەندێ لەئێوە تەقلیدی زانایەک دەکات و پێی وایە :
واجبە سورەتی فاتیحه بخوێندرێت لەو نوێژانەدا کەئیمام بەدەنگی بەرز دەیکات ، وهەندێکی ترتان تەقلیدی زانایەک دەکەن وپێیان وایە : کەپێویستە بێدەنگ بن لەکاتی قورئان خوێندنی ئیمامدا بەدەنگی بەرز و فاتیحه نەخوێندرێت ، ئەوا هیچی تێدا نی یە وئاساییە ، وهیچ پێویست بەوە ناکات ئەمە ببێتە هۆکاری دوو بەرەکی تەشەنووجات .

وە پێویستە لەسەریان دڵ فراوان بن لەو بابەتانەدا کەزانایان ناکۆکن تیایدا ، وخیلافی زانایان ئاسایی بێت لە لایان ، و داوا بکەن کەخودا هیدایەتیان بدات بۆ حەق لەو شتانەدا کەخیلاف و ڕا جیایی لەسەرە لەنێو زانایاندا ، وصلى الله على نبينا محمد .

سەردان: ٦,٤٠٠ بەش: نوێژى جەماعەت