حوکمی کەسێک بەتەنها لە ڕیزێک نوێژ دەکات: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی کەسێک بەتەنها لە ڕیزێک نوێژ دەکات
پرسیار:

گفتوگۆیەك لەنێوان كۆمەڵە نوێژخوێنێكدا روویدا لەسەر ئەوەى كە ئەگەر كەسێك درەنگ هات بۆ مزگەوت و بینی قامەت كراوەو ڕیـزى نوێژەكە تەواوبووە و هیچ بۆشاییەك لە ریزەكەدا نییە، جا ئایا بۆ ئەم كەسە دروستە كە كەسێكى تر لەریزەكە ڕابكێشێتە دواوە بۆ ئەوەى لەگەڵیدا هاوشانى نوێژ بكات؟ یان بەتەنها لە پشت ڕیزەكە نوێژ بكات؟ یان چی بكات؟

ئەم بابەتە سێ شێواز و ڕووى هەیە : ئەگەر كەسێك هات و بینی ریزەكە تەواوبووە.

یان ئەوەتا خۆى بەتەنها نوێژ دەكات لەپشت ریزەكەوە.

یان ئەوەتا كەسێك ڕابكێشێتە دواوە لە ریزەكە ولەگەڵیدا نوێژ بكات.

وە یان ئەوەتا پێش بكەوێت و بڕواتە پێشەوە و لەلاى ڕاستى ئیمامەوە بوەستێت.

جا ئەم سێ شێوازە بۆ كەسێكە كە بڕواتە ناو نوێژەوە، وە یان واز لە نوێژكردن بهێنێت لەگەڵ ئەو جەماعەتەدا، جا لەم حاڵەتانە كامیان هەڵبژێرێت؟

دەڵێین: حاڵەتى هەڵبژێردراو لەم خاڵانە ئەوەیە: كە خۆى بەتەنها بوەستێت لە دواى ڕیزەكە و نوێژەکەى بە جەماعەت بكـات، ئەوەش لەبەر ئەوەى واجب ئەوەیە لەگەڵ جەماعەتدا نوێژ بكات و لە ڕیزیشدا بێت، ئەمە دوو واجبە، جا ئەگەر یەكێكیان نەتوانرا یان نەكرا كە وەستانە لەنێو ڕیزدا خۆ واجبەكەى تر هەر دەمێنێتەوە كە نوێژكردنە لەگەڵ جەماعەتدا.

جا بۆیە دەڵێین: لەگەڵ جەماعەتدا نوێژەكەت بكە بۆ ئەوەى فەزڵى جەماعەتت دەست بكەوێت، وە وەستان لەنێو ریزدا لەم حاڵەتەدا واجب نییە لەسەرت لەبەر نەتوانین و بۆنەكران، وەخواى گەورەش فەرموویەتى: (فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ ) (التغابن: الآية16). واتە: دەسا ـ ئەى باوەڕداران ـ هەموو هەوڵ و كۆششێكى خۆتان لە تەقواى خوادا بخەنەگەڕ وبەگوێرەى ئەو توانایەتان تەقوا ولەخواترسانتان هەبێت.

وە پاڵپشتێكى تر بۆ ئەم باسە ئەوەیە كە ئافرەت بۆى هەیە لە دواى ریزەوە بەتەنها بوەستێت ئەگەرهاتوو ئافرەتى ترى لەگەڵدا نەبوو، ئەوەش لەبەر ئەوەى شوێنێكى شەرعى بۆ نییە بەوەى لەریزى پیاوان بوەستێت.

جا ئەگەر هاتوو لەشوێنى شەرعى خۆى كەنێو ڕیزە و پیاوانیشە بۆى نەكرا ئەوا بەتەنها نوێژەكەى دەكات.

جا ئەم پیاوە كە دێتە ناو مزگەوتەوە ودەبینێت ڕیــزەكە تەواوبووە و شوێنێكى بۆ نییە تێیدا ئەوا ئەركى لەنێو ڕیز وەستانى لەسەر دەكەوێت، بەڵام ئەرك و واجبێتى جەماعەتەكەى لەسەر ناكەوێـت. و با خۆى بەتەنها لەپشتەوەى ریزەكە نوێژ بكات، بەڵام نابێت یەكێك ڕابكێشێتە دواوە بۆ لاى خۆى بۆ ئەوەى لەگەڵیدا بوەستێت و ڕیز دروست بكەن، چونكە ئەم كارە سێ كارى نەخوازراوى لێ دەكەوێتە لەڕووى شەرعیەوە:

 یەك ەم: بۆشاییەك لە ریزەكە دروست دەبێت، و ئەمەش پێچەوانەى ئەوەیە كە پێغەمبەرى خوا فەرمانى كردووە بە پڕكردنەوە و نەهێشتنى بۆشایی لەنێو ریزەكاندا.

دووەم: گواستنەوەى ئەو كەسە لە شوێنێكى باشەوە بۆ شوێنێك كە كەمتر باش و كەمتر خێرە، و ئەمەش جۆرێكە لە دەستدرێژى كردنە سەرى.

سێ یەم: تێكدانى نوێژەكەى لێى، چونكە ئەم نوێژخوێنە كاتێك كە دێتە دواوە بێگومان لەدڵ و ناخیدا جوڵە و شڵەژانێك دروست دەبێت و ئەمەش دیسان جۆرێكە لە دەستدرێژى كردنە سەرى.

وە ڕووى سێ یەم ئەوەیە كە لەگەڵ ئیمامدا بوەستێت: ئەوەش بۆى نییە ونابێت ئەو كارە بكات، چونكە ئیمام دەبێت شوێنى جیاواز ودیار بێت لەگەڵ مەئمومەكاندا، وەكو چۆن لەوان جیاوازە لەڕووى ئەوەى پێشیان دەكەوێت لە وتە وكردەوەدا، لەپێش ئەوانەوە الله أكبر دەكات و ركوع دەبات وسوجدە دەبات بۆیە دەبێت لەشوێنیشدا لەوان جیاواز بێت.

وە ئەوەش رێباز و رێچكەى پێغەمبەرى خوایە بەوەى كە ئیمام پێش مەئمومەكان دەكەوێـت، و ئەمەش گونجانێكى تەواوە لەبەر ئەوەى تایبەتمەندە لەوان بە شوێن، و ئەگەر هەندێ لە نوێژخوێنان لەگەڵیدا بوەستن ئەوا ئەم تایبەتمەندیە لەدەست دەدات ونامێنێت كە بە تەنها وەستانە.

بەڵام ڕووى چوارەم ئەوەیە كە واز لە جەماعەتەكە بهێنێت، ئەمەش نابێت چونكە جەماعەت واجبە و لەریز وەستانیش واجبە، جا ئەگەر یەكێكیان نەكرا و ئەوا ئەو واجبەكەى تر لەسەرى ناكەوێت لەبەر ئەوەى یەكەمیانى نەتوانیوە.

 سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –

سەردان: ١,٦٩٢ بەش: نوێژى جەماعەت