گەر مزگەوتێك قەبرى تێدابێت نوێژكردن تێیدا دروستە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
گەر مزگەوتێك قەبرى تێدابێت نوێژكردن تێیدا دروستە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
ئەگەر قەبرەكە هەبووبێت و مزگەوتەكە لە سەر قەبرەكە دروستكرابێت ئەوە نابێت نوێژى تێدابكرێت وە پێویستە ئەومزگەوتەش تێكبدرێت، چونكە بنچینەكە قەبرەكەیە، پێغەمبەرى خوا () دەفەرموێت: ((لعن الله اليهود والنصارى إتخذوا قبور أنبيائهم وصالحيهم مساجد)) لەعنەتى خوا لە جولەكەو گاور بێت چونكە قەبرى پێغەمبەران (علیهم الصلاة والسلام)و پیاوچاكانیان دەكردە مزگەوت، كەواتە بنچینەى دروستكردنى مزگەوتەكە لەسەر ئەو قەبرە كارێكى بێ شەرعییە وە نابێت ئەو بێ شەرعییە بمێنێت، نابێت نوێژى تێدابكرێت بەڵكو دەبێت تێكبدرێت، بەڵام كە مزگەوتەكە هەبووەو دوایى كەسێكى تێدا نێژراوە ئەوە دەبێت تەماشا بكەین، ئەگەر قەبرەكە لە بەردەمى شوێنى نوێژى مزگەوتەكە بێت ئەوە دیسان نابێت نوێژى تێدا بكرێت، چونكە پێغەمبەرى خوا () ((نهى عن الصلاة الى القبور)) نەهى كردووە نوێژ ڕووەو قەبر بكرێت، كەواتە ئەومزگەوتە بووە بە بە قەبرستان و قەبرى تێدایە، بەڵام ئەگەر هاتوو قەبرەكە لە دەرەوەى شوێنى نوێژكردنەكە بوو (لە دەرەوەى مزگەوتەكە بوو) وە دیوار هەبوو لەنێوان مزگەت و قەبرەكە ئەوەیان حوكمەكەى ئەهوەنترە وە باشتر وایە موسڵمان لەو مزگەوتە هەر نوێژ نەكات ئەگەر مزگەوتى ترى دەستكەوێت بۆ ئەوەى بۆ موسڵمانان ڕونبێتەوە كە ئەوە كارێكى خراپە كراوە وە نابێت قەبر لە ناو مزگەوتدا لێ بدرێت، بەڵام ئەگەر دەستى نەكەوت ئەوە نابێت جەماعەتى خۆى بچوێنێت و نوێژەكەى تێدا بكات دروستە إن شاء الله.
لە لایەن بەڕێز [مامۆستا عبداللطيف] ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٣,١٦٩ بەش: نوێژى جەماعەت