فەزڵ و گەورەیى نوێژى جەماعەت چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
فەزڵ و گەورەیى نوێژى جەماعەت چیە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
الحمد لله وحده ، و الصلاة والسلام على من لا نبي بعده....
و بعد:
بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە هەوڵ دەدەین تەنها ئەو فەرموودانە بهێنینەوە كە سەبارەت بە فەزڵى نوێژى جەماعەت هاتوون وە دەقى فەرموودەكەمان بە كوردى هێناوە بۆ ئەوەى نوسراوەكە درێژ نەبێتەوە،داواكارین لە خواى گەورە بیكاتە مایەى سوود و قازانج بۆ مسوڵمانان.
پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى:
1 ـ [ هەر مسوڵمانێك برِوات بۆ مزگەوت بۆ كردنى نوێژێكى فەرز بە جەماعەت ئەوە وەك حەجێك وایە وهەر كەسێك بۆ كردنى نوێژێكى سوننەت هەنگاو بنێت ئەوە وەك عومرەیەكى سوننەت وایە ] (صحيح الجامع: 6556).
2 ـ [ هەر كەسێك برِوات بۆ مزگەوت بەیانیان یان ئێواران ئەوە خواى پەروەردگار بۆ هەموو جارێك رِۆیشتنى بۆ مزگەوت لە بەهەشتدا ماڵ و كۆشكێكى بۆ دادەنێ و بۆ دروست دەكات ] (بخاري:662).
3 ـ [ هەر كەسێك بۆشایى نێوان خۆیى و مسوڵمانێك پرِ بكاتەوە (واتە:پێ ى لەگەڵ پێیدا جووت بكاو بۆشایى نێوانیان پرِ بكاتەوە) ئەوە خواى گەورە پلەیەك بەرزى دەكاتەوە، وە لە بەهەشتدا كۆشكێكى بۆ دروست دەكات ] (صحيح الترغيب:505).
4 ـ [ هەر كەسێك نوێژى بەیانى لە مزگەوتدا بە جەماعەت بكات پاشان دابنیشێ زیكرى خوا بكات هەتا خۆر هەڵدێت،پاشان دوو رِكات نوێژ بكات ئەوە پاداشتى وەك پاداشتى حەج و عومرەیەكى تەواو، تەواو، تەواوى هەیە ] (صحيح الترغيب: 464).
5 ـ [ هەر كەسێك بۆ خوا چل رِۆژ نوێژەكانى بە بەردەوامى لە مزگەوتدا بكات،هەموو رِۆژێك بگاتە (الله أكبر) ى یەكەم، ئەوە خواى گەورە لە دوو شت رِزگارى دەكات و دەیپارێزێ، یەكەم: لە ئاگر دەیپارێزێ و بە ئاگر نایسووتێنێ،دووەم: لە دوورِوویى دەیپارێزێ و بە دوورِوو ناژمێردرێ ] (صحيح الجامع:6365).
6 ـ [ مزگەوت ماڵى هەموو لە خواترس (پارێزگارێكە) وە خواى گەورە كەفیلى و زامنى ئەو كەسەى كردووە كە مزگەوت بكات بە ماڵى خۆى بەوەى كە میهرەبانى خۆى برِژێنێ بە سەریدا و بە سەر پردى (صراط) دا تێى پەرِێنێ بۆ لێخۆشبوونى خۆى، بۆ بەهەشتى پان و بەرینى ] (صحيح الترغيب:328).
7 ـ [ هەر كەسێك بەیانیان برِوات بۆ مزگەوت هیچ مەبەستێكى نەبێت تەنها ئەوە نەبێت فێرى خێرێك ببێت، یا خەڵكى فێر بكات ئەوە پاداشتى حاجیەكى هەیە كە حەجێكى تەواوى بۆ نوسرا بێت ] (صحيح الترغيب:82 ] .
8 ـ [ هەر كەسێك دەستنوێژێكى تەواو بگرێت، پاشان برِوات بۆ ئەنجامدانى نوێژێكى فەرز لە مزگەوتدا، ئەوە خواى گەورە لە گوناهەكانى خۆش دەبێت ] (صحيح الترغيب: 299).
9 ـ [ هیچ پیاوێكى مسوڵمان نیە كە مزگەوت بكاتە شوێنى دانیشتنى خۆى و تیایدا بمێنێتەوە بۆ نوێژكردن و زیكرى خوا ئەوە بێگومان خواى گەورە پێى خۆشە و پێ خۆشحاڵە بۆى هەروەكو چۆن كەسێك لە ئێوە كەسێكى نادیار و دوورى بێتەوە چەندە ئەو كەسە دڵخۆشە،خواى پەروەردگاریش ئەوەندە پێى خۆشحاڵە ] (صحيح الترغيب: 327).
10 ـ [ كاتێك پیاوێكى مسوڵمان دەست نوێژ بگرێ و پاشان بێت بۆ مزگەوت و چاوەرِوانى كاتى نوێژ بكات، ئەوە دوو مەلائیكەتەكەى لاى رِاست و چەپى، یان مەلائیكەتەكەى لاى رِاستى بۆ هەموو هەنگاوێك كە دەینێت (10) چاكەى بۆدەنوسێت، ئەو كەسەى دانیشتووە و چاوەرِوانى نوێژ دەكات وەك كەسێك وایە بە پێوە بێت و نوێژ بكات، ئەوە لە نوێژگەران دەژمێردرێت لەو كاتەوەى لە ماڵ دەردەچێت تاوەكو دەگەرِێتەوە] (صحيح الترغيب:297).
11 ـ [ هەركەسێك برِوات بۆ مزگەوت بۆ ئەوەى نوێژ بە جەماعەت بكات، ئـــــەوە بە هەنگاوێكى تــــــــــاوانێكى لێدەسرِێتەوە، وە بــــــــە هەنگاوێكى ترى چاكەیەكى بۆ دەنوسرێت، بەرِۆیشتن و هاتنەوەیشەوە ] (صحيح الترغيب: 299).
12 ـ [ نوێژى جەماعەت خێرتر و گەورەترە لە نوێژى بە تەنها بە بیست و حەوت پلە ] (مسلم:650).
13 ـ [ هەر كەسێك پارێزگارى لە نوێژە فەرزەكان بكات و بە جەماعەت بیان كات ئەوە بێگومان بە خۆشى و شادى دەژێت، وە بە خۆشى و شادى دەمرێت، وە لە تاوان و گوناه پاك دەبێتەوە وەك ئەو رِۆژەى كە لە دایك بووە ] (صحيح الترغيب:194).
13 ـ [ كەسێك لە ئێوە بە بەردەوامى لە ناو نوێژدایە مادام نوێژكردن لە مزگەوتدا گلى داوەتەوە بە شێوەیەك هیچ شتێك نیە قەدەغەى بكات لە گەرِانەوەى بۆ ماڵ تەنها نوێژكردن نەبێت ] (صحيح الجامع:7688).
14 ـ [ مژدە بدەن بەو كەسانەى كە بە تاریكى دێن بۆ مزگەوت (واتە: لە نوێژى بەیانى و مەغریب و عیشا) كە لە رِۆژى قیامەتدا نوورى تەواویان پێدەدرێت ] (صحيح الترغيب:315).
15. [ حەوت تاقم هەن لە رِۆژى قیامەتدا لە ژێر سێبەرى عەرشى خوادان... یەكێك لەو حەوت تاقمە پیاوێكە دڵى بە مزگەوتەوە بەستراو بێت ] (بخاري:660) واتە: لە هەر جێگایەك بێت دڵى لاى نوێژە جەماعەتەكەیەتى و حەز ناكات لە كیسى بچێت.
16 ـ [ گەورەترین خەڵك لە پاداشت و خێردا ئەو كەسانەیە كە لە دوورەوە دێن بۆ مزگەوت هەتا دووربن زیاتر خێر و پاداشتەكەیان گەورەیە ] (صحيح الجامع: 1065).
17ـ [ هەر كەسێك دەستنوێژ بگرێت لە ماڵەوە دەستنوێژێكى تەواو و درووست، پاشان بێت بۆ مزگەوت ئەوە بێگومان میوانى خوایە و سەردانى خواى كردووە وە هەقە ئەوەى كە سەردان دەكرێت رِێز لە سەردانكەرەكە بگرێت ] (صحيح الترغيب: 322).
18 ـ [ بێگومان مزگەوتەكان مێخیان هەیە، مەلائیكە دانیشتوویەتى، ئەگەر ئەهلى مزگەوت دیار نەبن ئەو مەلائیكانە سەردانیان دەكەن و بە دوایاندا دەگەرِێن، وە ئەگەر نەخۆش بن ئەو مەلائیكانە سەردانیان دەكەن، وە ئەگەر ئیش و كاریان هەبێت ئەو مەلائیكانە یارمەتیان دەدەن و ئیش و كاریان بە ئیزنى خوا بۆ ئاسان دەكەن ] (صحيح الترغيب:329).
19. [ هەر كەسێك نوێژى عیشا بە جەماعەت بكات وەك ئەوە وایە نیوەى ئەو شەوە بە پێوە وەستا بێت و شەونوێژى كردبێت، وە هەركەس نوێژى بەیانیشى بە جەماعەت كرد ئەوە ئەو شەوەى هەمووى بە شەونوێژ بۆ دەژمێردرێت ] (مسلم: 656).
20. [ سێ كەس هەن لە لایەن خواى پەروەردگارەوە زەمانەتیان پێدراوە ئەگەر بژین ئەوە رِزق و رِۆزیەكى جوان و بە پێى پێویستیان پێ دەبەخشێت، وە ئەگەر بیشمرن ئەوە خواى گەورە دەیانخاتە بەهەشتەوە... یەكێكیان ئەو پیاوەیە دەچێ بۆ مزگەوت بۆ كردنى نوێژى جەماعەت ئەوە زامن كراوە لە لایەن خواى گەورەوە هەتا ئەگەر لەو رِێگاى مزگەوتەدا بمرێت دەیخاتە بەهەشتەوە، یان بە سەلامەتى دەیگەرِێنێتەوە بەو هەموو پاداشت و غەنیمەتەوە كە دەستى دەكەوێت ] (صحيح أبي داود: 2494).
21. [ ئەگەر نوێژى كرد بە بەردەوامى مەلائیكە دوعاى بۆ دەكەن و دەڵێن: خوایە دروود و سەلامى خۆت برِێژە بە سەریدا، خوایە رِەحمى لێ بكە، خوایە لێى خۆشبە، خوایە تەوبەى لێ وەرگرە، بەو مەرجەى ئازارى كەس نەدات و بێ دەستنوێژ نەبێت لە جێگاى نوێژەكەیدا ] (بخاری: 647).
لە كتێبى [ فەزڵ و گەورەیى نوێژى جەماعەت ــــــ مامۆستا عبید محمد أمین ] وەرگیراوە، بۆیە بۆدەستكەوتنى زانیارى زیاتر دەربارەى نوێژى جەماعەت بگەڕێرەوە بۆ ئەو كتێبە بە سوودە.

وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ

سەردان: ٣,٧٢٢ بەش: نوێژى جەماعەت