چۆن بتوانم چاوی خۆم بپارێزم لەسەیركردنی نامەحرەم،هەرچی هەوڵ ئەدەم سوودی نیە ، تكایە ڕێگەیەكم پێپیشان بدەن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن بتوانم چاوی خۆم بپارێزم لەسەیركردنی نامەحرەم،هەرچی هەوڵ ئەدەم سوودی نیە ، تكایە ڕێگەیەكم پێپیشان بدەن

بەناوى خواى بەخشندەو میهرەبان
خۆپاراستن لە ڕوانینی حەرام سەرەڕای ئەوەی جێ بە جێ كردنی فەرمانی خوای میهرەبانە لەهەمان كاتدا دەبێتە هۆی لێخۆشبوونی خوایی بۆ بەندەكەی، بێگومان ئەم خۆپاراستنەش تەنها لە ترسی خوایەو بەس، چونكە ئەگەر بەندە ئارەزووی بكات ئەوا هیچ ڕێگرێك وبەربەستێك سەرەڕای توانای كردنی تاوانەكەو ئاسانی بۆی، بۆیە ئێستاش بەیارمەتی خواچەندڕێگە چارەیەك باس دەكەین بەهیوای سوود بەخشین بەهەموولایەك:
یەكەم:- هاوسەرگیری
هاوسەرگیری سوننەتێكی خواییەو هۆكاری بەختەوەریشە بۆمرۆڤ ، چارەسەرێكی هەمەلایەنەشە بۆ زۆرێك لەمەسەلەكان، بۆیە هەر بەم پەیوەندیەش بەختەوەری خێزان و پتەوی نێوان ئەندامە كانی كۆمەڵگە بەهێز دێتە دی، هەروەها دەبێتە هۆی دامەزراوی و جێگیری دڵەكان ، هەربۆیەش قەڵایەكی بەهێزە لەتاوان، بەوەش كەئەم پرۆسەی هاوسەرگیریە لەدینی خوادا گرنگی تایبەتی پێدراوەو چەكێكی زۆر بەهێزیشە بۆبەرەگاربونەوەی شەیتان، هەربۆیە پێغەمبەری خوا دەفەرموێت:( يا معشر الشباب من استطاع منكم الباءة فليتزوج فإنه أغض للبصر وأحصن للفرج ومن لم يستطع فعليه بالصوم فإنه له وجاء)( رواه البخاري (1905) ومسلم (3384). ) .
واتە: ئەی كۆمەڵی لاوان هەركەسێك لەئێوە توانای (جەستەیی و ماددی ) هەیە با هاوسەرگیری بكات چونكە ئەمە هۆكارە بۆ پاراستنی چاو لەتاوان و وەپارێزگاری داوێنیشە لە كاری خراپ و بەد ڕەوشتی
دووەم:- بەڕۆژووبوون
لەوانەیە بە بیرتدا بێ یان بیانوی ئەوە بهێنیتەوە كە توانای ژن هێنان یان شوكردنم نیە، بەڵام باش بزانە كەخوای گەورە بەخششێكی تری بۆمرۆڤ داناوە كەبەڕاستی ڕوخێنەری هەواو ئارەزووە كانە، هۆكاری پتەوكردنی نێوان مرۆڤ و خوای میهرەبانە، ئەویش بەڕۆژووبونە، بۆیە گەر وتمان گرفتی لایەنی ( ماددی یان جەستەیی ) هاتە پێش ئەوە باشترین ڕێگە چارە بەڕۆژووبونە، هەربۆیە پێغەمبەری خوا ڕۆژوی بەپارێزگاری داناوە، هەروەك دەفەرموێت:( ومن لم يستطع فعليه بالصوم فإنه له وجاء) واتە: ئەگەر توانای ژن هێنانتان نەبوو، ئەوا بەڕۆژووبن، چونكە بە ڕاستی ڕۆژووگرتن هۆكارێكی گرنگە بۆ پارێزگاری و سەركوت كردنی ئارەزووەكان، كەواتە بە ڕۆژووبون جگە لەوەی قەڵغانیشە دەبێتە هۆی پەیدابونی لایەنی ڕوحی و سنوربەندكردنی غەریزە جەستەیی و بەوپێیەی كە مرۆڤ برسی بوو بێگومان لایەنی ئارەزوو شەهوەتی دادەبەزێت و تەنهابیركردنەوەی لای خواپەرستی وگەیشتنە بەخۆشترین كاتی ئیمانی و ڕوحی كە ڕوژووشكاندنە
سێ یەم:- دووركەوتنەوە لە ئەندیشەو بیركردنەوەی خراپ .
زۆری بیركردنەوەو ئەندیشەی خراپ، ترسناكە بۆ وروژاندنی غەریزە جنسیە كان و ڕێگای خەفەكردنی ئەو غەریزانە هەربۆیە وا لەمرۆڤ دەكات كە بەردەوام ئارەزووەكانی بەرەڵا بكات شوێن هەواو هەوەس بكەوێت، كە ئەمەش گەورەترین فێڵی شەیتانە، بۆیە بەردەوام هەوڵ بدە كە خۆت سەرقاڵ بكەیت بە شتی باش و تێكەڵاوی كەسانی باش بكەیت و هۆكارەكانی بیركردنەوە لە مێشكتدا بسڕیتەوە .
چوارەم:- پاراستنی داوێن پاكی
گومانی تێدانیە كە پاراستنی داوێن پاكی و دووركەوتنەوە لە حەرام و جڵە وگیری لە هەواو ئارەزوو هۆكارێكی گرنگە بۆ ڕزگاربوون لە تاوانی( تێڕوانینی حەرام ) هەروەك لەپێناسەی داوێن پاكیدا هاتووە ( وازهێنانە لە هەرشتێك كە قەدەغەو ناشرین بێت، وەداوێگرتنە لە تەماح و شتی بێ نرخ و قێزەون ) جابۆیە داوێن پاكی بۆمرۆڤ چ پیاو بێت یان ئافرەت، خو ڕەوشتێكی زۆربەرزو پیرۆزەو نیشانەی باوەڕداریە
پێنجەم:- ئــارام گرتن
ئارام گرتن پلەیەكی بەرزو بەڕێزە ، بۆتاكی موسوڵمان كەلەكاتی بەرەنگاربونەوەی هەواوئارەزوودا بیكتە قەڵغانی خۆی بەوەی كە موسوڵمان پێویستە سوور بێت لەسەر جێبەجێ كردنی فەرمانی خوایی و دوریش بكەوێتەوە لە قەدەغەكراوەكان
شەشەم:- پەیوەست بوون بەشەرمەوە .
شەرم بۆمرۆڤی موسوڵمان جوانترین ڕەوشتە كە خۆی پێ بڕازێنێتەوەو پەیوەست بێت بەو ڕەوشتەوە، چونكە بەڕاستی شەرم ڕێگریەكی بەهێزە لە ڕزگاربوون لەتاوانی(تێڕوانینی حەرام ) هەربۆیە هەركات شەرم و حەیا لەدەروونی مرۆڤدا كۆچی كردو نەما ئەوا هیچ هۆكارێكی تر ناتوانێت مرۆڤ لە سەرپێچی خوا بپارێزێت .

تێڕوانینی حەرام پێشەنگی ئارەزووەكان وهۆكارو دەرەنجامەكانی لەسەر تاك و كۆمەڵ لە نوسینى مامۆستا فەرەیدون محمد

سەردان: ٥,٩٩٤ بەش: شوێنکەوتنى ئارەزووەکان