ئایا گەورەترین تاوان لای خوا چیە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا گەورەترین تاوان لای خوا چیە ؟

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
گەورەترین تاوان بریتیە لە شەریك و هاوەڵبڕیاردان بۆ خوای پەروەردگار ، بەڵگەش لەسەر ئەم ووتەیە ووتەی خوای بڵند و پایەبەرزە كە فەرموویەتی : [ وَإِذْ قَالَ لُقْمَانُ لِابْنِهِ وَهُوَ يَعِظُهُ يَا بُنَيَّ لَا تُشْرِكْ بِاللَّهِ إِنَّ الشِّرْكَ لَظُلْمٌ عَظِيمٌ ] ( لقمان : 13 ) ، واتە : لوقمانی دانا لە كاتی ئـامۆژگـاری كردنی كـوڕەكەی دەفـەرمووێت : كـوڕی شیرینم شەریك و هـاوەڵ بـۆ خوای پـەروەردگار بڕیـارمەدە ، چونكە شیرك و هـاوەڵبڕیاردان گـەورەترین ستـەم و تـاوانـە .
وە كاتێ‌ پرسیار كرا لە پێغەمبەری خوا : " أيُّ الذنب أعظم ؟ قال : أنْ تـجعلَ للهِ نِـدّاً وهو خلقك ! " ( متفق عليه ) ، واتە : ئایا گەورەترین تـاوان چیە ؟ پێغەمبەری خـوا فـەرمووی : گـەورەترین تـاوان ئـەوەیە كـە شـەریك و هـاوشێواز و هـاوەڵ بـۆ خـوای پەروەردگا دابنێیت لە كاتێكدا كە تەنها ئەو درووستی كردووی !
وه شیرك و هاوەڵبڕیاردانيش دوو جۆرە :
یەكەم : شیركی گەورە ( الشرك الأكبر ) :
كە بریتیە لە ئەنجامدانی پەرستن بۆ جگە لە خوای پەروەردگار ، وەكو دوعا و پاڕانەوە لە غەیری خوا ، وە داوای فریاكەوتن لە مردوو یان زیندووانی نادیار ، یان لەو شتانەی كە لە توانایاندا نیە ، و تایبەتمەندی خوای پەروەردگارە ، خوای پایەبەرز فەرموویەتی : [ وَاعْبُدُواْ اللّهَ وَلاَ تُشْرِكُواْ بِهِ شَيْئًا ] ( النساء : 36 ) ، واتە : بە تەنها خوا بپەرستن و هیچ شەریك و هاوەڵێكی بۆ ئەنجام مەدەن .
وە پێغەمبەر فـەرموویەتی :" أكبر الكبائر : الإشراك بالله ... " ( صحيح البخاري رقم : 6871 ) ، واتە : گەورەترین تاوان لە تاوانە گەورەكان : شیرك ئەنجامدان و هاوەڵبڕیاردانە بۆ خوای پەروەردگار .
دووەم : شیركی بچووك (الشرك الأصغر ) :
كە ئەمانەی خوارەوە هەندێك نموونەین :
1 ـ ڕووپامایی كردن لە پەرستندا ( الرياء) :
خوای بڵند و پایەبەرز فەرموویەتی : [ فَمَن كَانَ يَرْجُو لِقَاء رَبِّهِ فَلْيَعْمَلْ عَمَلًا صَالِحًا وَلَا يُشْرِكْ بِعِبَادَةِ رَبِّهِ أَحَدًا ] ( الكهف : 110 ) ، واتە : هەركەسێك ئومێدی ئەوەی هەیە كە بگاتە خوای پەروەردگاری ئەوا با كردەوەی چاكە بكات و لە پەرستنی پەروەردگاریدا كەس نەكات بە شەریكی .
وە پێغەمبەر فەرموویەتی : " إنَّ أخوفَ ما أخافُ عليكم الشركُ الأصغر : الرياء " ( الصحيحة للألبانـي ، برقم : 951 ) ، واتە : ترسناكترین شت كە لـێ‌ی بترسم تووشتان ببێت شیركی بچووكە كە : ڕووپاماییە لە پەرستنەكانتاندا .
2 ـ ووتنی : ئەگەر خوا و فڵان نەبوا ، یان ووتنی : ئەگەر خوا و تۆ ویستان لـێ‌ بێت :
پێغەمبەر فەرموویەتی : " لا تقولوا : ما شاء اللهُ وشاء فلان ، ولكن قولوا : ما شاء اللهُ ثُمَّ شاء فلان " ( صحيح سنن أبي داود برقم : 4980 ) ، واتە : مەڵێن : ئەگەر خوا ویستی لـێ‌ بێت و فڵان ویستی لـێ‌ بێت ، بەڵكو بڵێن : ئەگەر خوا ویستی لـێ‌ بێت پاشان فڵان ویستی لـێ‌ بێت .
3 ـ سوێندخواردن بە غەیری خوا :
ئەم كردارەش شیركی بچووكە ، هەروەكو پێغەمبەری خوا فەرموویەتی :" مَنْ حلفَ بغير الله فقد أشركَ " ( صحيح سنن أبي داود للألباني ، برقم : 3251 ) ، واتە : هەركەسێك سوێند بخوات بە غەیری خوای پەروەردگار ئەوا شەریك و هاوەڵی بۆ بڕیار داوە .
هەروەها پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : " مَنْ كان حالفاً فلْيَحلِفْ بالله أو لِيَصْمُتْ " ( رواه البخاري )، واتە : هەركەسێك سوێندی خوارد ئەوا با سوێند بە خوای پەروەردگار بخوات یاخود با بێ‌دەنگ بێت .

مامۆستا عدنان بارام

سەردان: ٥,٨٥٤ بەش: شیرک و جۆرەکانى