ئایا شیعر لە ئیسلامدا حەرامە؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا شیعر لە ئیسلامدا حەرامە؟
پرسیار:

هاوڕێيەکم هەیە حەزی لە خوێندنەوە و نوسینی شیعر هەیە، پرسیاری ئەوە دەکات کە ئایا شیعر لە ئیسلامدا حەرامە؟ چونکە ئەو ئایەتەی لە قورئاندا خوێندووەتەوە کە خوای گەورە لە بارەی شاعیرانەوە دەفەرموێت : ( وَالشُّعَرَاءُ يَتَّبِعُهُمُ الْغَاوُونَ) واتە : بە راستی سەرلێشێواو و سەرگەردانەکان شوێنی شاعیران دەکەون .
جا بۆچونی بەڕێزتان چییە لەو بارەیەوە؟

شیعر ئەگەر ناوەڕۆک و مانای باش بێت ئەوا هیچی تێدانیە و بە پێچەوانەوەشەوە خراپە، وە هیچ ڕێگرییەک نیە لەوەی کە مرۆڤ شاعیر بێت، بە تایبەت کە لە بواری سوودبەخشدا شیعر بنوسێت، وەکو زانستە شەرعیەکان و بواری زمانەوانی و باسکردنی یەکخواپەرستی، هەروەکو ( نونیة إبن القیم ) کە هەموی بە شێوەی هۆنراوە باسی تەوحید دەکات، هەروەها ( إبن عبدالقوي ) کە هۆنراوەیەکی (۱٤٠٠٠) نیو دێری لە سەروای پیتی ( د ) نوسیوە لە بابەتی (فیقه)، وە زانایان هەر لە مێژه ئەو کارەیان کردووە، سەبارەت بە نيگەرانی هاوڕێکەيشت لە سەر ئایەتی ( وَالشُّعَرَاءُ يَتَّبِعُهُمُ الْغَاوُونَ) ئەوا دەڵێین ئایەتەکە بە تەواوەتی بخوێنەوە تا دەگەیتە ئەوەی کە خوای گەورە دەفەرموێت ( وَالشُّعَرَاءُ يَتَّبِعُهُمُ الْغَاوُونَ (224) أَلَمْ تَرَ أَنَّهُمْ فِي كُلِّ وَادٍ يَهِيمُونَ (225) وَأَنَّهُمْ يَقُولُونَ مَا لَا يَفْعَلُونَ (226) إِلَّا الَّذِينَ آَمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَذَكَرُوا اللَّهَ كَثِيرًا وَانْتَصَرُوا مِنْ بَعْدِ مَا ظُلِمُوا ) واتە : سه‌رگه‌ردان و سه‌رلێشێواوه‌کانیش شوێنی شاعیران ده‌که‌ون، ئایا نابینیت که ئه‌وانه له هه‌موو دۆڵێکدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و له هه‌موو شتێک ده‌دوێن، ) به‌ڕاستی ئه‌وانه شتێک ده‌ڵێن و به‌کرده‌وه نایکه‌ن (کردارو گوفتاریان دووره له یه‌که‌وه‌) ، جگه له‌وانه‌یان که باوه‌ڕیان هێناوه و کرده‌وه چاکه‌کانیان ئه‌نجامداوه و یادی خوایان زۆر کردووه‌، (به‌و تواناییه‌ی که هه‌یانه‌) پشتیوانیان کردووه له‌و ئیماندارانه‌ی که سته‌میان لێکراوه‌.
کە کۆی ئەم ئایەتانە پێکەوە بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە هەموویان وەک یەک نین و جیاوازن، بە بەڵگەی ئەوەی کە ئەو شاعیرانەی کە ئیمانیان هێناوە و کردەوەی چاکەیان ئەنجام داوە جودان لەوانەی کە سەرگەردانەکان شوێنيان دەکەون و خۆیان لە قەرەی هەموو باسێک دەدەن، هەر بۆيە ئەگەر هاتوو مرۆڤ دوور بوو لەو سیفاتە نەنگانەی شاعیر ، ئەوا هیچ مەترسییەکی لە سەر نیە، هەروەکو چۆن حسانی کوڕی ثابت لە حزووری پێغەمبەری خوا و لە ناو مزگەوتدا شیعری هۆنیوەتەوە .

 شێخ محمد بن صالح العثيمین رحمه الله

سەردان: ٢,٨٩١ بەش: هەمەجۆر