ئەگەر كەسێك لە كاتی سەرەمەرگدا بوو ، ئەوا چی پێویستە لە سەر ئامادەبووان؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر كەسێك لە كاتی سەرەمەرگدا بوو ، ئەوا چی پێویستە لە سەر ئامادەبووان؟

ئەگەر كەسێك لە كاتی سەرەمەرگدا بوو ، ئەوا پێویستە لە سەر ئامادەبووان لە لایدا بەم كارانە هەستن :
أ ـ هەوڵی لە گەڵدا بدەن كە شایەتوومان بهێنێت ، واتە : تەلقین بكرێت بەو وشەیە ،و هەوڵ بدەن لە گەڵ ئەو كەسانەی كە لە سەرەمەرگدان بڵێت : ( لا إله إلا الله ) ، چونكە ئەو كەسەی دوا وتەی ( لا إله إلا الله ) بێت لە كاتی مردندا دەڕواتە بەهەشتەوە .
ب ، ج ـ دوعای خێری بۆ بكەن ، لە كاتی ئامادەبوونیان لە لایدا جگە لە وتەی چاك هیچی تر نەڵێن ، ئەوەش لە بەر فەرموودەی ( أم سلمە ) كە بۆمان دەگێڕێتەوە كە پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : ئەگەر لە سەرمەرگی كەسێك یان لە كاتی مردنیدا ئامادە بوون ، ئەوا وتەی چاك بڵێن ، چونكە فریشتەكانی خوای پەروەردگار هەرچی بڵێن ئامینی لە سەر دەكەن . أخرجه مسلم والبيهقي ( 3 / 384 ) وغيرهما .
* ـ تەلقین كردن بریتی نیە لە شایەتومان هێنان لە ئامادە بوونی ئەودا ، بەشێوەیەك بۆ ئەوەی كە ئەو گوێ‌ی لێ‌ بێت ، بەڵكو بریتیە لە فەرمان پێكردنی بە ووتنی ئەو وشەیە ( لا إله إلا الله ) ، بە پێچەوانەی گومانی هەندێك كە وا دەڵێن .
* ـ بەڵام سەبارەت بە خوێندنەوەی سورەتی ( یس ) لەلایدا ، و ڕوو كردنی لە قیبلە ، هیچ فەرموودەیەكی ( صحیح ) مان پێنەگەیشتووە لەو بارەیەوە .
* ـ وە هیچی تێدا نیە ئەگەر موسڵمان ئامادەی سەرەمەرگ و مردنی بێ‌ باوەڕ ببێ‌ ، بۆ ئەوەی ئیسلامی بۆ بخاتە ڕوو ، بەڵكو موسڵمان ببێت ، ئەوەش لە بەر ئەو فەرموودەیەی كە ( أنس ) بۆمان دەگێڕێتەوە كە :
لاوێكی جولەكە هەبوو خزمەتكاری پێغەمبەری خوای دەكرد ، نەخۆش دەكەوێت پێغەمبەری خوا دەڕوات بۆ سەردانی ، و لە لای سەریەوە دادەنیشێت ، و پێ‌ی دەفەرمووێت : موسڵمان بە ، ئەویش سەیری باوكی كرد كە لە لای دانیشتبوو ؟ ئەویش پێ‌ی وت گوێڕایەڵی باوكی قاسم بكە ، ئەویش موسڵمان بوو ، پێغەمبەری خواش ڕۆشتە دەرەوە و فەرمووی : شوكر و ستایش بۆ خوای پەروەردگار كە لە دۆزەخ ڕزگاری كرد ، ( كە لاوەكە مرد پێغەمبەری خوا بە هاوەڵانی فەرموو : نوێژ بكەن لە سەر هاوەڵەكەتان ) . أخرجه البخاري والحاكم والبيهقي وأحمد (3/ 175،227، 280،260) والزيادة له في رواية .
 وەرگیراوە لە كتێبی [ئەحكامەكانی جەنازە و داهێنراوەكانی ] نووسینی زانای فەرموودە ناسی سەردەم پێشەوا شێخ : محمد ناصرالدین الألبانی

سەردان: ٣,٢٧٠ بەش: کاتى سەرەمەرگ