بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
بێ گومان دروست نییە تەماشای فلیمە توركی و ئێرانی و بیانییە دۆبلاژكراو و جگە لە دۆبلاژكراو بكرێت چونكە پڕە لە ئافرەت و گۆرانی و مۆسیقا، موسڵمانان لەو فلیمانەوە فێری زۆر شتی خراپ بوونە لەوانە هاوبەش بۆ خوا دانان و خۆشەویستی و دزی و مەی خواردن و تلیاك كێشان و ناپاكی كردن و چەندەها خراپەی تر ، وە تەنها كات بەفیڕۆ دانە و هیچ سوودێكیشی نییە.
وە ئەبێت ئەمەش بزانین کە کات ژیانى موسڵمان دەگرێتەوە،گرنگىیەكى تایبەتى هەیە لە لاى خواى پەروەردگار، بۆیە دەبینین مرۆڤى بەرپرسیار كردووە لەوەى كە ئەو گەوهەرە بەنرخە چۆن، و لە چیدا سەرفى بكات بیباتە سەر ؟
خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [وَالْعَصْرِ ] واتە: سوێند بێت بە كات و زەمانە، یان بەكاتى تایبەت بە عەسر.
ئاشكراشە كە ئەم سوێند خواردنەش لە لایەن خواى پەروەردگارەوە بە كات و زەمانە، بەڵگەو نیشانەیە لە سەر گرنگى كات، بۆیە سوێندى پێدەخوات.
وە پێغەمبەرى خواش لەو بارەیەوە فەرموویەتى: "لا تزول قدما ابن آدم يوم القيامة من عند ربه حتى يسأل عن خمس....عن عمره فيما أفناه، وعن شبابه فيما أبلاه،.." صححه العلامة الألباني في السلسلة الصحيحة، برقم(946)
واتە: هیچ بەندەیەك لە بەندەكانى خواى پەروەردگار هەنگاو هەڵناگرێت تاكو پرسیارى لێ نەكرێت سەبارەت بە پێنج شت (لە هەندێك ڕیوایەتدا هاتووە: بە چوار شت)
سەبارەت بە تەمەنى لە چیدا سەرفى كردووە، و سەبارەت بە لاوێتى لە چیدا بە سەرى بردووە ؟
جا ئایا شیاوە موسڵمان كاتى زێڕینى خۆى بە سەیر کردنى ئەو فلیمە خراپانەوە بە سەر بەرێت ؟!یان پێویستە لە باشترین كار و كرداردا بە سەرى بەرێت، كە ببێتە هۆى بە دەست هێنانى ڕەزامەندى پەروەردگار، و گەیشتن بە بەهەشتى بەرین، و ڕزگار بوون لە ئاگرى دۆزەخى هەتا هەتایى، و بێتە سودمەندى موسڵمانان، و پێشخستنیان لە بوارە جۆر بەجۆرەكانى ژیانى دونیا ؟!