هەڵوەشێنەرەوەكانی ڕۆژوو
1-2 خواردن و خواردنەوە بە عەمدی : هەر كەسێك بەبێ لە بیر چوون و بە ئارەزووی خۆی شتێك بخوات یان بخواتەوە ڕۆژووەكەی بەتاڵ دەبێت و دەبێت دوای ڕەمەزان بیگرێتەوە ، بەڵام ئەگەر كەسێك بە لەبیر چوون ، یان بە هەڵە ، یان بە زۆری شتێكی خوارد یان خواردەوە ڕۆژووەكەی دروستە و گێڕانەوەو كەفاڕەتی بۆ نیە.الفقه الميسر وأدلته : 199 .
3- خۆ ڕشاندنەوە بە عەمدی : پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت: (مَنْ ذَرَعَهُ الْقَيْءُ وهو صائمٌ فَلَيْسَ عَلَيْهِ ْقَضَاء ، ومَنْ اسْتَقَاءَ فَلْيقْضِ ) صحيح الجامع: 6243.
واتە: هەر كەسێك ڕشانەوەی هات بەبێ ویستی خۆی لەكاتێكدا كەبەڕۆژووبوو ڕۆژووەكەی دروستەو گێڕانەوەی ئەم ڕۆژووەی لەسەرنیە ، وە هەر كەسێك خۆی ڕشاندەوە بە ویستی خۆی (ئەم كەسە ڕۆژووەكەی شكاوەو) با بیگرێتەوە .
4-5 توشبوونی ئافرەت بە خوێنی (حەیز و نیفاس): هەر ئافرەتێك لە ڕۆژانی مانگی ڕەمەزاندا توشی هەر یەك لەم دوو جۆرە خوێنە بێت ئەوا ڕۆژووەكەی بەتاڵ دەبێت ، ئەم جۆرە ئافرەتانە لەم كاتانەدا دەبێت ڕۆژوەكەیان بشكێنن و دوای ڕەمەزان بیگرنەوە .
6- جووت بوون : هەر ژن و مێردێك لە ڕۆژانی مانگی ڕەمەزاندا بچنە لای یەكتری و جووت ببن ، ئەوا ڕۆژووی هەردوكیان بەتاڵ دەبێتەوەو دەبێت دوای ڕەمەزان ڕۆژووەكەیان بگرنەوە ، وە دەبێت پیاوەكە كەفارەت بدات ، كە بریتیە لە (ئازاد كردنی كۆیلەیەكی باوەڕدار) ، ئەگەر توانای نەبوو یان دەستی نەكەوت ، ئەوا دەبێت (دوو مانگ بەبێ پچڕان)بەڕۆژوو بێت ، وە ئەگەر توانای بەڕۆژوو بوونی نەبوو ئەوا دەبێت (شەست فەقیر تێر بكات) .
7- دەرخستنی ئاوی مەنی بە دەست یان بەغەیری دەست لە ڕۆژانی مانگی ڕەمەزان : هەندێك لە زانایان دەڵێن ئەم كردارە ڕۆژوو بەتاڵ دەكاتەوە، وە دەبێت دوای ڕەمەزان ڕۆژووەكە بگێردرێتەوە بەڵام كەفارەتی بۆ نیە . مجموع فتاوی ابن باز : 15/267 .
بەڵام هەندێك لە زانایانی تر دەڵێن ڕۆژوو بەم كردارە نادروست و حەرامە هەڵناوەشێتەوەو وە گێڕانەوەو كەفاڕەتیشی بۆ نیە . تمام المنە (418/ 420) وسبل السلام (2/226).