نوێژى جەژن چۆن دەکرێ؟ وە سوننەت و ئادابەکانى چین؟ وە سەرپێچی و بیدعەکانى چین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
نوێژى جەژن چۆن دەکرێ؟ وە سوننەت و ئادابەکانى چین؟ وە سەرپێچی و بیدعەکانى چین؟

بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله وحده، و الصلاة والسلام على من لا نبي بعده:
چۆنێتێ‌ نوێژی جەژن
نوێژی جەژن بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:
یەكەم: بریتیەلە دوو ڕكات، لەبەر ڕیوایەتی ئیمامی (عمر) رضي الله عنه: نوێژی سەفەر دوو ڕكاتە ونوێژی قوربان دوو ڕكاتە ونوێژی جەژنی ڕەمەزان دوو ڕكاتە، تەواون بە بێ‌ كورت كردنەوە لەسەر زمانی محمد .
دووەم: یەكەم ڕكات دەست پێ‌ دەكرێت وەكو هەموو نوێژەكان بە الله اكبری (تكبیرە الإحرام) پاشان حەوت الله أكبر (تكبیرە) ی تێدا دەكرێت، لە ڕكاتی دووەمیشدا پێنچ (تكبیرە) ی تێدا دەكرێت جگە لە (تكبیرە)ی دەرچوون بۆ ڕكوع وسجود وهەڵسانەوە.
لە خاتوو عائیشەوە (خوای لێ‌ ڕازی بێت) كە پێغەمبەر لەنوێژی جەژنی ڕەمەزان وقوربان حەوت (تكبیرە) ی كردووە لە ڕكاتی یەكەم، وە لە ڕكاتی دووەمدا پێنچ (تكبیرە) ی دەكرد جگە لە (تكبیرە) كانی تر.
سێ‌ یەم: بە(صەحیحی) نەهاتووە لە پێغەمبەرەوە كەوا لەگەڵ (تەكبیرەكانی) نوێژی جەژن دەستی بەرز كردبێتەوە.
ئیمامی (البغوی) دەفەرمووێت: ئەمە ووتەی زۆربەی زانایانە لە صەحابەو پاش ئەوان رضي الله عنهم كە لە ڕكاتی یەكەم حەوت (تكبیرە) جگە لە (تكبیرە) ی دەست كردن بە نوێژ، وەلە ڕكاتی دووەم پێنچ (تكبیرە) جگە لە (تكبیرە) ی هەستانی پێش خوێندنی فاتحە.
چوارەم: كە(تكبیرە) كانی تەواو دەكرد دەستی بەخوێندنەوەی فاتیحە و پاشان [ق وَالْقُرْآنِ الْمَجِيدِ] ی لەڕكاتێكدا دەخوێندو لەڕكاتەكەی تردا [اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانشَقَّ الْقَمَرُ] دەخوێند. وە هەندێ‌ جاریش [سَبِّحِ اسْمَ رَبِّكَ الْأَعْلَى] و [هَلْ أَتَاكَ حَدِيثُ الْغَاشِيَةِ] ی دەخوێند.
پێنجەم: هەركەسێك فریای نوێژی جەژن نەكەوت بە جەماعەت ئەوا دوو ڕكات دەكات.
سوننەت و ئادابەكانی جەژن
1 ـ خۆ شۆردن بۆ جەژن: لە (نافع) ەوە: (عبدالله كوڕی عومەر) رضي الله عنه لە جەژنی ڕەمەزان پێش ئەوەی بچێت بۆ نوێژگە خۆی دەشۆرد.
2 ـ خواردنی چەن دەنكە خورمایەك بەرلە دەرچوون لەماڵ بۆ نوێژی جەژن: لە (أنس) رضي الله عنه دەفەرمووێت: پێغەمبەر لە جەژنی ڕەمەزاندا دەرنەدەچوو هەتا چەند دەنكە خورمایەكی دەخوارد.
3 ـ خۆ جوان كردن و خۆ ڕازاندنەوە لە جەژندا (ابن القیم) دەفەرمووێت: پێغەمبەر بۆ دەرچوون بۆ هەردوو جەژنەكان لە جوانترین جل و بەرگەكانی لەبەر دەكرد.
4 ـ دەرچوون بۆ نوێژگە (المصلی): لە (أبو سعید الخدری) ەوە رضي الله عنه فەرموویەتی: پێغەمبەر جەژنی ڕەمەزان وقوربان دەردەچوو بۆ نوێژگە (مصلی) یەكەم شت دەستی پێ‌ دەكرد نوێژەكە بوو.
5 ـ ڕۆیشتن وگەڕانەوە لە نوێژگە (المصلی): سوننەتە بە پێ بچیت بۆ نوێژی جەژن: لە (عەلی) ەوە رضي الله عنه بۆمان دەگێڕنەوە كە فەرموویەتی: (سوننەتە بە پێ بچیت بۆ نوێژی جەژن).
6 ـ ڕێگا گۆڕین: لە (جابری كوڕی عبدالله) ەوە رضي الله عنه فەرموویەتی: پێغەمبەر ئەگەر ڕۆژی جەژن بوایە ڕێگاكەی دەگۆڕی، واتە: لە ڕێگایەكەوە بڕۆیشتایە بۆ مزگەوت لە ڕێگایەكی ترەوە دەهاتەوە. (ئیمامی نەوەوی) (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) ئەفەرموێ‌: ئەگەر هۆیەكەشی نەزانراو بێ سوننەتە شوێنی بكەوین بەیەك جاری.
7 ـ جەژنە پیرۆزە كردن لە یەكتر: كە بەیەك گەیشتین سوننەتە بەم شێوەیە پیرۆز بایی لەیەكتر بكەین: تقبل الله منا و منكم.
(ابنُ الحَجَر) ئەفەرموێ‌ لە (جبیر بن نفیر) ەوە فەرموویەتی: هاوەڵانی پێغەمبەر ئەگەر لە ڕۆژی جەژن بەیەك بگەیشتنایە بە یەكتریان دەوت: (تقبل الله منا ومنكم). واتە: خوا لە ئێمەو ئێوەیشی قەبوڵ بكات.
سەرپێچیەكانی جەژن
1ـ نەكردنی نوێژی بەیانی، پێیان وایە نوێژی بەیانی و جەژن یەك نوێژە، لەكاتێكدا دوو نوێژی جیاوازن و لە دوو كاتی جیاواز ئەنجام ئەدرێن.
2 ـ دوا كەوتنی هەندێك خەڵك لە نوێژی جەژن بەهۆی ئەوەی نوێژی جەژن بە سوننەت ئەزانن. لەكاتێكدا واجبە، هەرەك ئیمامی (الشوكانی) (ڕەحمەتی خوای لێ‌ بێت) دەفەرمووێت: نوێژی جەژن واجبە چونكە پێغەمبەری خوا بەردەوام ئەم نوێژەی كردووە لەجەژنەكاندا، وە وازی لێ‌ نەهێناوە لە جەژنێك لەجەژنەكاندا، وەفەرمانی بەخەڵكی كردووە بەگشتی كەدەرچن بۆ نوێژ كردن تەنانەت ئافرەتانیش.
3 ـ وازهێنان لە نوێژ كردن بەهۆی سەرقاڵ بون بە جەژن و سەردان كردنی خزم و كەس و كار بەتایبەتی وازهێنان لە نوێژی جەماعەت پەروەردگاریش دەفەموێت: [فَوَيْلٌ لِّلْمُصَلِّينَ * الَّذِينَ هُمْ عَن صَلَاتِهِمْ سَاهُونَ ]
واتە: ئینجا سزای سەخت بۆ نوێژ خوێنەكان ئەوانەی لە نوێژەكانیان غافڵ و بێ‌ ئاگان و لەكاتی خۆیدا نایكەن.
4 ـ هەندێ‌ لە پیاوان بە مەبەست و بیانوی خۆ جوانكردنەوە ڕیشیان ئەتاشتن لەكاتێكدا زانایان فەرمویانە ڕیش تاشین لە تاوانە گەورەكانەو لاسایی كردنەوەیە بۆ بێباوەڕان، كارێكیش گەورە تاوان بێت ئیتر چ جوانیەكی هەیە ؟! پێغەمبەری خوایش فەرموویەتی: پێچەوانەی هاوەڵ بڕیاردەران ببنەوە و شواربتان سوك بكەنەوە و ڕیشیشتان بهێڵنەوە.
5 ـ بەكارهێنانی بۆنی خۆش و عەتر و گوڵاو لەلایەن ئافرەتانەوە چ لەماڵ بەمەبەستی پێشوازی كردن لە میوان یان بە مەبەستی دەرچوون بۆ ماڵی خزم و دۆست و پیاسە كردنی باخچە و شوێنە گشتیەكان لەكاتێكدا پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: ئەگەر ئافرەت خۆی بۆن خۆش بكات و بەلای كۆمەڵە خەڵكێكدا تێپەڕ ببێت ئەوا وەك تاوانی داوێن پیسی وایە.
6 ـ وازهێنانی ئافرەتان لە پۆشاكی شەرعی و گەڕانەوەیان بۆ سەر جلی ناشەرعی و تەسك نیوە ڕوت لەبەر كردن بەبیانوی خۆشی جەژن و پێشوازی كردن لە میوان یان دەرچونیان لەماڵ بەبێ‌ كارێكی پێویست خوای پەروەردگاریش ئەفەرموێ‌: [وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَى جُيُوبِهِنَّ ] واتە: جوانی و خشڵی خۆیان دەرنەخەن لە ئاست نامەحرەم جگە لەوەی لێی دەرئەكەوێ‌ (واتە: تەنها هەردوو دەست و دەم و چاویان) و با سەرپۆش و لەچكەكانیان بدەن بەسەر گەردن و سنگیانیشدا تا سنگ و بەرۆكیان دەر نەكەوێ‌. بۆیە دەبێ‌ ئافرەتان خۆیان بپارێزن لە خۆ ڕازاندنەوەی ناشەرعی و بەكارهێنانی مكیاج و كەرەستەی خۆ جوانكردنەوە و جلی ناشەرعی.
7 ـ تەوقە كردنی ئافەرتان و پیاوان لەگەڵ یەكتر بەهەمان شێوە كوڕان و كچانی باڵغ بوو بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە و بەبیانوی دڵپاكی و خزمایەتی، پێغەمبەری خوایش فەرموویەتی: ئەگەر مێخێكی ئاسنین لەسەر پیاوێك دابكوترێت باشترە بۆی لەوەی دەستی بەر دەستی ئافرەتێك بكەوێت كە بۆی حەڵاڵ نەبێت.
8 ـ چاو نەپاراستن لە ئاست نامەحرەم و تێڕوانینی حەرام، لەكاتێكدا خوای پەروەردگار ئەفەرموێ‌: [وَقُل لِّلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ ] واتە: بە ژنانی باوەڕدار بڵێ‌: با چاویان دابخەن لە تەماشاكردنی نامەحرەم. بە هەمان شێوە بۆ پیاوانیش ئەفەرموێ‌: [قُل لِّلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ ] واتە: بە پیاوانی باوەڕدار بڵێ‌: چاو دابخەن لە ئاست تەماشاكردنی ژنانی نامەحرەم. (نظر) كردنیش جۆرێكە لە جۆرەكانی زینا كردن هەروەك پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: زینا كردنی چاوەكانیش بریتیە لە تەماشاكردنی نامەحرەم. وە هەندێك لە هاوڕێكانی (سفیان الثوري) یش فەرمویانە: ڕۆژی جەژن لەگەڵ سوفیان دەرچووین پێی وتین: یەكەم شتێك لەم ڕۆژەماندا لەسەرمانە ئەنجامی بدەین چاو داگرتنە لەئاست نامەحرەمدا.
9 ـ یاری كردن بە تەرەقە و هاوشێوەكانی: ئەمەش ئەبێتە هۆی ترساندن و ڕاچەڵەكاندنی موسوڵمانان پێغەمبەری خوایش فەرموویەتی: دروست و ڕەوا نیە بۆ هیچ موسڵمانێك موسوڵمانی تر بتۆقێنێت.
10 ـ تایبەت كردنی ڕۆژی جەژن لەلایەن هەندێ‌ خەڵكی بێ‌ ئاگا بەسەردان كردنی گۆڕستان و تازەكردنەوەی تەعزیە و یادكردنەوەی مردوو بە گریان و ناسزاییەكی زۆر و بەشێوەیەكی ناشەرعی.
بیدعەكانی نوێژی جەژن
1: تەكبیر كردن بە كۆمەڵ لەناو مزگەوت: ئەمەش تاوانە چونكە بیدعەیەكە نە پێغەمبەری خوا بەو شێوەیە كردویەتی و نە هاوەڵە بەڕێزەكانیشی، چونكە جێگیر بووە كە پێغەمبەر جەژنی ڕەمەزان كە لە ماڵ دەردەچوو بۆ خۆی بەتەنها الله ئەكبەری دەكرد هەتــا دەگەیشتە نوێژگە (مصلی) وە هەتا نوێژی تەواو دەكرد، كە نوێژی تەواو بكردایە (الله أكبر) ی نەدەكرد.
2: جگە لە (تحیە المسجد) نوێژی سوننەت لە پێش و پاشی نوێژی جەژن نیە: عبدالله بن عباس رضي الله عنه ئەفەرموێ‌: پێغەمبەری خوا جەژنی ڕەمەزان دوو ڕكاتی كرد نەلەپێش و نە لەپاشی نوێژی تری نەكرد.
(ابن القیم) ئەفەرموێ: نە پێغەمبەر و نەهاوەڵان رضي الله عنهم كە بگەیشتنایەتە نوێژگە (مصلی) نوێژیان نە ئەكرد نەلە پێش و نەلە پاش نوێژی جەژن. (ابن حجر) ئەفەرموێ: دەست كەوتوو سەرئەنجام ئەوەیە كە نوێژی جەژن هیچ سوننەتێك نە لەپێش و نە لەپاش جێگیر نەبووە.
3: بانگ و قامەت كردن و وتنی (الصلاة جامعة) لە نوێژی جەژن بیدعەیە: لە (جابری كوڕی سەمورە) ەوە رضي الله عنه دەفەرمووێت: لە هەردوو جەژندا زیاد لەجارێك و دووجار بەبێ‌ بانگ وقامەت نوێژم لەگەڵ پێغەمبەری خوا كردوە. ابن عباس وجابر رضي الله عنه: فەرموویانە: لەجەژنی ڕەمەزان و قورباندا بانگ نەدەدرا. (ابن القیم) دەفەرمووێت: پێغەمبەر ئەگەر بگەیشتایەتە نوێژگە (مصلی) نوێژی دەكرد بەبێ‌ بانگ وقامەت، وەنەیشووتراوە (الصلاة جامعة) سوننەت وایە هیچ لەمانە نەوترێت.
4: دەست بەرزكردنەوە لە تەكبیرەكانی نوێژی جەژن بیدعەیە: چونكە بە (صەحیحی) نەهاتووە لە پێغەمبەرەوە كەوا دەست بەرز بكاتەوە لەگەڵ (تكبیرە) كانی نوێژی جەژن.
كۆتایی
ماوەتەوە بڵێم ئەگەر وویستت داب و نەریت و ڕەوشتی هەر میلەتێك بزانیت ئەوا چاو ببڕە جەژنەكانیان، وە هەندێك لەزانایان سەبارەت بە هەڵە تێگەیشتنەی خەڵكی لە جەژن فەرموویانە: ((ئەگەر ئەو خەڵكە پێشوەخت خوای پەروەردگار پێی ڕاگەیاندوون كە ڕۆژوو و تەراویحی لێ‌ وەرگرتوون ئەوا دەبوایە لەڕۆژانی جەژن دا سەرقاڵی شوكرانە بژێری بن كە خوای پەروەردگار پەرستشەكانی لێ‌ وەرگرتوون. وە ئەگەر لەوە دەترسن كە پەرستشەكانیان لێ‌ وەرنەگیرا بێ‌ ئەوا دەبێت زیاتر و زیاترسەرقاڵی پاڕانەوە بن بۆ وەرگیرانی پەرەستشەكانیان)).
وە یەكێك لە پیاو چاكانیش لە ڕۆژی جەژندا بەلای كۆمەڵە خەڵكێكدا تێپەڕی بینی سەرقاڵی خۆشی و چەنەبازین ئەویش پێی وتن ئەگەر ئێوە لە ڕەمەزاندا چاكەتان كردبێت ئەوا بەم شێوەیە شوكرانە بژێری ئەو چاكەیە ناكرێت كە پەروەردگار لەگەڵتانا كردویەتی، وەئەگەر لەڕەمەزاندا خراپەتان كردبێت ئەوا ئەم شێوە كردەوانە ڕەفتاری كەسێك نیە كە خراپەی بەرامبەر بە پەروەردگار كردبێت.
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ

ستافى وەڵامەکان

سەردان: ١٩,٧٧٩ بەش: نوێژى جەژن