ئایا ژن هێنان واجبە و پێویستە لەسەر پیاوان ژن بهێنن ؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ژن هێنان واجبە و پێویستە لەسەر پیاوان ژن بهێنن ؟

حوکمی ژن هێنان بۆ پیاوان لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە بەگوێرەی جیاوازی کەس وحاڵیان ، بێگومان واجبە لەسەر کەسێک کەتوانای ژن هێنانی هەبێت وترسی لەخۆی هەبێت توشی تاوان ببێت ؛ چونکە پاراستنی نەفس ودوور کەوتنەوە لەحەڕام واجبە ، وەحەتمەن ئەوەش تەنها بەژن هێنان بەدەس دێت .

ئیمامی القرطبي دەڵێت : ئەو کەسەی کەتوانای هەیە ژن بێنێت وترسی هەیە توشی تاوان ببێت گەر بەگەنجی بمێنێتەوە وحەتمەن خۆ پاراستن تەنها بەژن هێنان دەبێت ئەوا هیچ جیاوازیەک نی یە لەنێوان زانایاندا کە واجبە ئەو کەسە ژن بێنێت .

وەئیمامی المرداوي رحمه الله لە كتابەکەیدا ( الإنصاف ) دەڵێت : بەشی سێیەم : ئەوەی ترسی هەیە توشی تاوان ببێت ، ژن هێنان بەنیسبەت ئەم کەسەوە واجبە بەیەک دەنگی زانایان ، جا مەبەست لەترسی تاوان لێرەدا : زینایە لەسەر بۆچوونی ڕاست .
وەوتراوە مەبەست لێی لەنێو چوونە بەهۆی زیناوە ... . الإنصاف ج8 : كتاب النكاح : أحكام النكاح .

خۆ ئەگەر حەزی لێ بوو بەڵام توانای ژن بەڕێوە بردنی نەبوو ئەوا بەر ئەو ئایەتە دەکەوێت : [وَلْيَسْتَعْفِفِ الَّذِينَ لَا يَجِدُونَ نِكَاحًا حَتَّى يُغْنِيَهُمُ اللَّهُ مِنْ فَضْلِهِ]
واتە :  وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌یشی كه‌ توانای هاوسه‌رگیریان نیه‌ با دامێنی خۆیان بپارێزن و داوێن پاك بن (به‌رۆژوو بن) تا خوای گه‌وره‌ ڕزقیان ئه‌دات و ده‌وڵه‌مه‌ندیان ئه‌كات به‌ فه‌زڵ و ڕه‌حمه‌تی خۆی و به‌هۆیه‌وه‌ بتوانن هاوسه‌رگیری بكه‌ن

وە با زۆر بەڕۆژو ببێت ، لەبەر ئەو فەرموودەیەیی کە ابن مسعود رضي الله عنه گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : ( أن رسول الله قال : " يا معشر الشباب ، من استطاع منكم الباءة فليتزوج ، فإنه أغض للبصر ، وأحصن للفرج ، ومن لم يستطع فعليه بالصوم ، فإنه له وجاء " ).
واتە : ئەی کۆمەڵی گەنجان هەرکەسێک لەئێوە توانای ژن هێنانی هەیە با ژن بێنن چونکە چاو دەپارێزێت ، وداوێن دەپارێزێت ، هەرکەسێک توانای نەبوو با ڕۆژو بگرێت ؛ چونکە ڕۆژو دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی ئارەزوو .

وەئیمامی عومەر بە أبي الزوائد گوت : (إنما يمنعك من التزوج عجز أو فجور) . أنظر : فقه السنة 2/15-18 .
واتە : ئەوەی ڕێگرە لەبەردەم ژن نەهێنانتدا یان بێ تواناییتە ویاخود نیشانەی خراپی و فاجریتە .

وەهەروەها پێویستە لەسەر ئەو کەسانەش ژن بێنن کەتاوان ئەنجام دەدەن هەر چەند بەتەماشا کردنیش بێت ویاخود بەماچ کردن گەر ژن نەهێنن ، جا گەر پیاو یاخود ئافرەت گەر وا گومان دەبات وپێی وایە گەر ژن نەهێنێت وشوو نەکات توشی زینا ویاخود هاوشێوەکانی دەبێت وەک دەسپەڕ ئەوا پێویستە پیاو ژن بهێنێت وئافرەت شوو بکات، و حوکمی واجب بوونی ژن هێنان لەسەر کەسێک لاناچێت کە دەزانێت توشی تاوان دەبێت هەر چەند ژنیش بێنێت ؛ چونکە هەندێ جار سەڕ قاڵ و بێ ئاگا دەبێت لەتاوان بەپێچەوانەی کەسی گەنج کە بەردەوام دەستی بەتاڵە وزیاتر ئەگەری تووشی بوونی تاوانی هەیە .

وەبێگومان ئینسان کاتێ دەڕوانێتە ئەم ڕۆژگارەی خۆمان و ئەو هەموو جۆرە لەخراپەکاری وهۆکاری تاوان ئەوا قەناعەت بەوە دەکات کە واجبە پیاوان ژن بێنن وئافرەتانیش شوو بکەن ، نسأل الله أن يطهّر قلوبنا ويباعد بيننا وبين الحرام ويرزقنا العفّة والعفاف وصلى الله على نبينا محمد .

سەردان: ٧,٠٨٣ بەش: ژنهێنان و شوکردن