ئایا لە ڕێگەى ئینتەرنێت یان تەلەفۆن مارە بڕین دروستە لە حاڵەتى زەروریدا؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا لە ڕێگەى ئینتەرنێت یان تەلەفۆن مارە بڕین دروستە لە حاڵەتى زەروریدا؟

بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان

مارە كردن و ژن بە مێرددان لاى زانایان چەندین مەرجى هەیە دواى ئەوەى هەردوو لا واتە: (كوڕ و كچ)موسڵمان بن وە لە ئیسلام دەرنەچوبن. ئەو مەرجانەش بریتین لە: (ڕەزامەندى كچ و كوڕ سەرپەرشتى كردنى بەشوودان لەلایەن خاوەنى كچەوە، مارەیى دانان، بونى دوو شایەت، داڕشتە (صيغة‌)ى گرێبەستى هاوسەرگیرى).
پێویستە (لاى زۆربەى زانایان)بۆ هەموو ژن بە مێردانێك ئەم مەرجانە هەبێت ئەگەر نەبوون ئەوا ئەو هاوسەرگیریە دروست نەبووە، جا ئەوەى كە لە پرسیارەكەدا هاتووە دەربارەى ژن بە مێرددان لەڕێگەى تەلەفۆنەوە یان ئینتەرنێت یان هەر دەستەواژەیەك لەم جۆرە، بۆ وەڵامى ئەم شێوازە پێویستە دیراسەى ڕوكنەكانى ژن بە مێرددان بكەین ڕەزامەندى كچ و كوڕ، دانانى مارەیى بۆ كچ، پێدانى (إیجاب) و قەبوڵكردن لە لایەن مێردەوە ڕوبدات تا ئێرە كێشەمان نییە هەموو هەیە تەنها شایەتەكان جا ئەوانەى كە دەڵێن ئامادەبوونى شایەتەكان مەرجى دروست بوونى زەواجەكەیە دەڵێن لەبەر ئەوەى شایەتەكان لە گەڵ كچ و كوڕەكە لەیەك شوێندا كۆنابنەوە دروست نیە. بەڵام ئەوانەى كە ئەڵێن بوونى شایەت مەرجى دروستبوونى زەواجەكە نیە هەبوونى شتێكى باشە بەڵام مەرجیش نیە. وە ئەو فەرموودانەى كراون بە بەڵگە بۆ ئەم مەسەلەیە هەموو لاوازن لەوانە حەدیسى (لا نكاح الا بوليّ وشاهدي عدل) رواه الدارقطني والطبراني والبيهقيئەمە وەكو فەرموودەى (مرفوع) وەكو قسەى هاوەڵان (ابن عباس) وتوویەتى.
بۆیە ئەم مەسەلەیە دیراسەى زیاترى دەوێ بەڵام ڕاى پەسەند إن شاء الله ئەوەیە ئەگەر شایەتیش نەبوو دروستە بەمەرجێ ئەو بە مێردانە ئاشكرا بكرێت وەكو شێخى ئیسلام ابن تیمیە ئەڵێ: ئەگەر ژن بە مێرددان شایەتیش نەبێت بەڵكو خاوەنى كچەكە بەشوى بدات و ئەم شوكردنەش لەناو خەڵكدا بڵاوبێتەوە دروستە لە مەزهەبى ئیمامى مالیكدا وە ڕیوایەتێك لە ئیمامى ئەحمەدەوە ئەم ڕاوبۆچونەش دیارترین و ڕونترین ووتەى زانایانە موسڵمانان لەسەردەمى پێغەمبەردا ژنیان بە شوو دەدا و پێغەمبەر فەرمانى پێ نەدەكردن بە شایەت گرتن وە لە بەمەرجگرتنى شایەت لە هاوسەرگیرى هیچ فەرموودەیەكى سەلمێنراو نیە نە لە (صحاح)دا و نە لە (السنن) دا و نە لە (المساند) دا...هتد.
وە ئەگەر بكرێت ئەو شایەتانە كوڕو كچەكە بناسن باشترە هەروەها دەتوانرێ لاى كوڕە دوو شایەت هەبێ و لاى كچیش دوو شایەت هەبێ. شایەتەكانیش خۆیان گوێیان لە گفتوگۆى هەردوو لاببێ: ژنپێدانى خاوەن و قەبوڵكردنى مێردەكە و ڕەزامەندى كچەكە ببیسین ئەمە ئەگەر نەتوانرا لە جێگایەكدا كۆببنەوە ئەگەر بكرێت بەیەكەوە دابنیشن باشترە.
لە لایەن مامۆستا (خلیل أحمد) ەوە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٣,٧٥٠ بەش: ژنهێنان و شوکردن