ئایا ئەو خۆشەویستی و دڵدارییەى کە بە زەواج کۆتایی پێ بێت هەر حەرامە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ئەو خۆشەویستی و دڵدارییەى کە بە زەواج کۆتایی پێ بێت هەر حەرامە ؟

یەکەم :
ئەو پەیوەندیەی کە لەنێوان کچ وکوڕی نامەحڕەمدا دروست دەبێت وخەڵک ناویان لێ ناوە (خۆشەویستی) حەڕامە .
هیچ کەسێکی عاقڵ گومانی لەوەدا نی یە کە ئەم جۆرە پەیوەندیانە حەڕامە ، چونکە بەتەنها بوون و خەڵوەتی نێوان کچەکە و کوڕەکە دروست دەبێت ، وتەماشای یەک دەکەن ، وجۆرەها قسەی عەجیب وغەریب وغەڕامیات کەدەبێتە هۆی جوڵاندنی ئارەزووى یەکتر دروست دەبێت .
وە هەندێ جار ئەم پەیەوەندیانە سەر دەکێشێت بۆ شتی گەورە تر ، هەروەک لەواقیعدا دەیبینین و دەیبیسین و زانراوە لای هەموان .

هەر لە ماڵپەرى وەڵامەکان لە بەشى (گەنجان و لاوان) لە لقى (عیشق و خۆشەویستى)کۆمەڵێک پرسیارى لەم جۆرە بڵاوکراوەتەوە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆی .

دووەم :
لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەس نیشان کردووە کەزۆربەی ئەو زەواجانەی کە لەئەنجامی پەیوەندی حەڕام دێنە بەرهەم سەر کەوتو نابن ، لەکاتێکدا ئەو زەواجەی کەلەسەر پەیوەندی پێش زەواج بونیات نەنراوە زۆر جار سەرکەوتووە ئەوەی کە خەڵک پێی دەڵێن (زەواجی تەقلیدی ) .

لەسەر ژمێریەکی مەیدانیدا کە مامۆستایەکی فەڕەنسی (سول جور )کردویەتی نەتیجەکەی بەم شێوەیە بووە :

زەواج کاتێ زیاتر سەرکەوتوو دەبێت کە کچ وکوڕ پێشتر پەیوەندیان نەبوبێت ".

وە لە لێکۆڵینەوەیەکی تردا کەماۆستایەکی کۆمەڵایەتی بەناوی إسماعيل عبد الباري لەسەر (1500) خێزان کردوویەتی لە ئەنجامەکەیدا هاتووە زیاتر لە (75 %) ئەو زەواجانەی کە بەخۆشەویستی پێش زەواج دروست بووە بەتەڵاق کۆتایی هاتووە ، لەبەرانبەردا کەمتر لە (5%) ئەو زەواجانەی کە بەبێ خۆشەویستی پێش زەواج دروست بووە بەتەڵاق کۆتایی هاتووە .

جا گرنگترین هۆکارەکان ئەم ئەنجامە بریتین لە :

1- پاڵنەری عاتفی وا لەبەرانبەر دەکات کە عەیبەکان نەبینێت ، هەروەک وتراو : ( "وعين الرضا عن كل عيب كليلة" ).
واتە : چاوی ڕازی بوون لەئاست هەموو عەیبێکدا نابینایە .

حەتمەن لەهەردوو لادا ڕەنگە عەیبێک هەبێت وا بکات ئەو دوو کەسە گونجاو نەبن بۆ یەک ، جا عادەتەن ئەو عەیبانە دوای زواج بەدەر دەکەون .

2- کەسانی عاشق لەکچ وکوڕەکە وا گومان دەبەن کەژیان گەشتێکی خۆشەویستی یە و کۆتای نایەت !
بۆیە دەبینی باسی هیچ ناکەن تەنها خۆشەویستی و ئاوات و خەون نەبێت ، بەڵام بابەتی ژیان وکێشەی ژیان و ڕووبەڕوو بوونەوەی بوونی نییە لەنێوانیاندا ولەبارەیەوە نادوێن ، حەتمەن ئەم گومانە دوای بەتەواوی پێچەوانە دەبێتەوە ، کاتێ کە ڕوو بەڕووی هەندێ کێشە وبەرپرسیاری دەبنەوە .

3- کەسانی عاشق لەکچ وکوڕ ، لەسەر ئەوە ڕانەهاتوون حیوار وموناقەشە بکەن بەڵکو تەنها لەسەر ئەوە ڕاهاتوون قوربانی بدەن وتەنازول بکەن لەپێناو ڕازی کردنی دڵی یەکتردا ، بەڵکو زۆر جار کێشە دروست دەبێت وهەردوو لا دەیانەوێت تەنازول بۆ یەکتر بکەن بۆ ڕارزی کردنی بەرانبەر ، حەتمەن ئەمەش دوای زەواج پێچەوانە دەبێتەوە وزۆر جار موناقەشەیان بەکێشە کۆتایی دێت ؛ چونکە هەردوو لا لەسەر ئەوە ڕاهاتوون لایەنی بەرانبەر تەنازولی بۆ بکات بەبێ موناقەشە .

4- ئەو وێنەیەیی کەهەردوو لا پێش زەواج بەیەکی پیشان دەدەن وێنەیەکی ڕاستەقینە وحەقیقی نی یە ، وەک نەرمی وسۆز بۆ ڕازی کردنی یەکتر ...ئەمانە چەند وێنەیەکن کەهەردولا دەیانەوێت بە یەکتری پیشان بدەن ، حەتمەن ئەمەش ناتوانرێت بەدرێژای ژیان بەردەوام بێت ، وێنەی حەقیقی دوای زەواج بەدەر دەکەوێت و لەو کاتەدا کێشە دروست دەبێت .

5- ماوەی خۆشەویستی عادەت زۆر جار زۆر زیادەڕەوی لەخۆشەویستی دا دەکرێت وجۆرەها خەونیان هەیە ،حەتمەن ئەمەش لەگەڵ واقعی دوای زەواج دا گونجاو نی یە .

پیاوی عاشق وەعدی ئەوەی پێ دەدات کە ناهێڵێت لەژیانیدا بەهیچ شێوەیەک ناحۆشی ببینێت ...هتد .
لەبەرانبەریشدا کچی عاشق دەڵێت من ڕازیم لەیەک ژوردا لەگەڵت بژیم و لەسەر ئەرز وهیچ داواکاریەکم نابێت مادام ئەو گەشتۆتە ئەو کەسەی کەویستویەتی ، و ئەوە بەسیەتی ، هەروەک یەکێکیان دەڵێت (هێلانەی چۆلەگەیەک بەسیەتی) وپاروە نانێک بەسیەتی ...هتد ،چەندان قسەی عاتفی تر ، حەتمەن ئەم قسانە زۆر موبالەغەی تێدا دەکرێت .
هەر بۆیە هەرزوو هەردوو لا دوای زەواج ئەم قسانەیان لەبیر دەچێت ، ئافرەت گلەیی ئەوە دەکات کە مێردەکەی ڕەزیلە وپێویستیەکانی بۆجێ بەجێ ناکات ، وپیاویش لەو لاوە شین وڕۆ ڕۆیەتی لەدەس زۆری داواکاری خێزانی ...هتد .

جا لەبەر ئەم هۆکارانە وجگە لەمانەش ، هیچ بەلامانەوە سەیر نی یە کاتێ یەکێک لەو دوو لایەنە بڵێن : فێڵم لێ کراوە ، پاشان کوڕ پەشیمان دەبێتەوە وخۆزگە دەخوازێت ئەو کچەی مارە بکردایە کەباوکی بۆی دەس نیشان کردبوو ، بەهەمان شێوەش ئافرەتەکە خۆزگە دەخوازێت شوی بەو کەسە بکردایە کەکەس وکاری حەزیان لێ بوو ، بەڵام ئەوان لەبەر ئەو ڕازی بوون !
هەر بۆیە ئەو ڕێژە زۆرەی تەڵاقی لێدەکەوێتەوە ، کە واگومانیان دەبرد کە دڵخۆشترین وخۆش گوزەرانترین کەس بن لەدونیادا !!!
وە ئەبێت ئەوەش باس بکەین کە تەنها لە ساڵى (2018) لەهەرسێ پارێزگاى هەولێر و دهۆک و سلێمانى (9192) ئافرەت تەڵاق دراوە .

سێیەم :
ئەم هۆکارانەی کەئاماژەمان پێ دا بەچاو دەبینرێت وهەستی پێ دەکرێت ، بەڵام ئێمە دەبێ هۆکاری سەرەکی لەبیر نەکەین ئەوەش ئەوەیە :
ئەو زەواجە لەسەر بێ فەرمانی خودا بونیات نراوە ، حەتمەن ئیسلام ئەو پەیوەندیە حەڕامە بەباش نازانێت ، هەرچەند بەنیەتی مارە کردن وزەواجیش بێت ، هەر بۆیە سزای خودا عادلانەیە وجێ بەجێ دەبێ بەسەر سەر پێچی کاراندا ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( وَمَنْ أَعْرَضَ عَنْ ذِكْرِي فَإِنَّ لَهُ مَعِيشَةً ضَنْكاً ) طـه/124 .
واتە : هەر کەسێک پشت بکاتە قورئان و دینی من ئەوا ژیانێکی تاڵیان دەبێت .

جا ژیانی ناخۆش وتاڵ سەرەنجامی بێ فەرمانی خودایە وپشت کردنە قورئانە .

وە خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( وَلَوْ أَنَّ أَهْلَ الْقُرَى آمَنُوا وَاتَّقَوْا لَفَتَحْنَا عَلَيْهِمْ بَرَكَاتٍ مِنَ السَّمَاءِ وَالأَرْضِ ) الأعراف/96 ،
واتە : گەر گەلان باوەڕ بێنن وتەقوای خودا بکەن ئەوا لەئاسمان وزەویەوە خێر وبێری دونیایان بەسەردا دادەبارێنین .

بەرەکەت لەخوداوەیە و لەئەنجامی باوەڕ وتەقواوە دێتە بوون ، جا گەر باوەڕ وتەقوا نەبوون یاخود کەم بوون ، ئەوا بەرەکەت کەم دەبێت یاخود هەرنابێت .

وەهەروەها خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( مَنْ عَمِلَ صَالِحاً مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَى وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُمْ بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ ) النحل/97 ، واتە : هەر کەسێک پیاو بێت یاخود ئافرەت کاری چاکە بکەن لەکاتێکدا باوەڕدار بن ئەوا بەخۆشترین شێوە دەیان ژێنین وبەباشترین شێوە پاداشتی کردەوەکانیان دەدەینەوە .

حەتمەن ژیان خۆش بەروبوومی باوەڕ و کردەوەی چاکەیە .

هەر بۆیە پێویستە لەسەر ئەو کەسانەی کەزەواجیان لەسەر پەیوەندی ناشەرعی بونیات ناوە پەلە بکەن لەتەوبە کردندا وداوای لێ خۆش بوون بکەن ، وژیانێکی تازە دەس پێ بکەن و دەس بکەن بەکردنی کردەوەی چاکە .
وفق الله الجميع لما يحب ويرضى .
والله أعلم .

سەردان: ١٢,٦٢١ بەش: عیشق و خۆشەویستى