من کچێکم دەمەوێ زەواج بکەم و داواکارم زۆرە ئایا چ کەسێک باشە هەڵیبژێرم و شووى پێ بکەم؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
من کچێکم دەمەوێ زەواج بکەم و داواکارم زۆرە ئایا چ کەسێک باشە هەڵیبژێرم و شووى پێ بکەم؟

سەرەتا سوپاس و دەست خۆشیت لێ دەکەین لەوەی کە سوری لەسەر ئەوەی ئەو شتانە بزانیت کەیارمەتیت دەدات لەسەر ئەوەی پیاوێکی چاک هەڵ بژێریت ، وە مافی هەموو كچێكە داوای هاوبەشێكی ژیان بكات ، بەڵام بە پێی چەند ڕێساو ڕێكخەرێك ، چونكە كچی موسڵمان جیاوازە لە كچانی تر ، و نابێت لە كەناڵە ئاسمانیەكانەوە وەكو كاڵایەكی بازاڕی خۆی بخاتە ڕوو، هەروەها نابێت لە ڕێگای ڕۆژنامەو گۆڤار و تۆڕەکۆمەڵایەتیەكانەوە بە ئاشكرا خۆی بخاتە ڕوو وە داوای هاوسەر بكات . جا ئەمە چەند سیفەتێکە کە پێویستە لەو کەسەدا هەبێت کەهەڵی دەبژێریت ودەیکەیت بە هاوبەشی ژیانت وگونجاوە ببێت بەباوکی منداڵەکانت گەر خودا ویستی لێ بوو منداڵتان ببێت .

یەکەم : دینداری : کەگرنگترین شتە کەپێویستە لەو کەسەدا هەبێت کەدەیکەیت بەهاوبەشی ژیانت ، بۆیە دەبێ کەسێکی مولتەزیم وپابەند بێت بەشەریعەتی ئیسلامەوە ، هەر بۆیە پێویستە کەس وکاری ئافرەت ڕەچاوی ئەم خاڵە زۆر بکەن ، حەتمەن گرگترین شت لەبابەتی دینداریدا نوێژ کردنە ؛ چونکە هەرکەسێک مافی خودا پێشێل بکات ئەوا بێگومان مافی کەسانی تر پێ شێل دەکات ، جا کەسی باوەڕدار ستەم لەخێزانەکەی ناکات ، چونکە گەر خۆشی بوێت ئەوا ڕێزی لێ دەگرێت ، خۆ ئەگەر خۆشیشی نەوێت ستەمی لێ نات وئیهانەی ناکات ، حەتمەن کەسی غەیرە موسوڵمان کەمیان بەم شێوەیەن ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( ولعبد مؤمن خير من مشرك ولو أعجبكم ) ،
واتە : بەندەی موسوڵمان باشترە لەکەسی هاوبەش بڕیار دەر هەر چەند بەهاوبەش بڕیاردەرەکە سەرسام بن .

وەهەروەها فەرموویەتی : ( إن أكرمكم عند الله أتقاكم ) واتە : باشترین تان لەلای خودا ئەو کەسەتانە کەلەهەمووتان بەتەقوا ترە .
وەهەروەها فەرموویەتی : ( والطيبات للطيبين والطيبون للطيبات ) ،
واتە : ئافرەتانی داوێن پاک بۆ پیاوانی داوێن پاک ، وەهەروەها پیاوانی داوێن پاک بۆ ئافرەتانی داوێن پاک .

وەپێغەمبەر فەرموویەتی: ( إذا جاءكم من ترضون دينه وخلقه فأنكحوه ، إلا تفعلوا تكن فتنة في الأرض وفساد عريض ) رواه الترمذي 866 وصححه الألباني في صحيح سنن الترمذي 1084 .
واتە : گەر پیاوێک هاتە داوای کچەکەتان لەدین وڕەوشتی ڕازی بوون ئەوا کچەکەتانی بدەنێ گەر وانەکەن ئەوا فیتنە وفەسادیەکی زۆر لەسەر ئەرزدا بڵاو دەبێتەوە .

دووەم : باش وایە لەگەڵ دینداریدا لەخێزانێکی چاک بێت وماڵێکی ناسراو بن ، بۆیە گەر دوو پیاو هاتنە داوای کچێک لەدینداریدا وەک یەک وابوون ئەوا ئەو کەسەیان پێش دەخرێت کەلەخێزانکی چاکە وبەوە ناسراون کە فەرمانەکانی خۆدا جێ بەجێ دەکەن‌ ؛چونکە چاکی دەور وبەر هۆکارە بۆ چاکی منداڵ ، و بێگومان باشی ڕەچەڵەک وا لەکەسەکان دەکات لەزۆر کاری نەشیاو دوور بکەونەوە ، ومەعلومە چاکی باوباپیر سود دەگەیەنێت بەمنداڵ و وەچە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( وأما الجدار فكان لغلامين يتيمين في المدينة وكان تحته كنز لهما وكان أبوهما صالحا فأراد ربك أن يبلغا أشدهما ويستخرجا كنزهما رحمة من ربك )
واتە : بەنیسبەت دیوارەکەوە هی دوو منداڵی هەتیوە لەم شارەدا ولەژێری ئەو دیوارەدا کەنزێکی تێدایە و باوکیان پیاوێکی چاک بوو ، خودای تۆ دەیەوێت گەورە ببن وکەنزەکەیان دەربێنن ئائەوا ڕەحمەتی خودای تۆیە .

بڕوانە چۆن خودا دوای مردنی ئەو پیاوە منداڵەکانی پاراست وەک ڕێز لێ نانێک لەباوێکیان دوای مردنی ، حەتمەن مێردیش بەو شێوەیەیە خودا دەیپارێزێت وەک ڕێزێک لەدایک وباوکی .

سێیەم :باش وایە کەسێکی خاوەن ماڵ بێت کەخۆی وکەس وکاری پێ بپارێزێت لەداوا کردن لەخەڵک ، لەبەر ئەو فەرموودەیەیی پێغەمبەر کاتێ کە فاتیمەی کچی قەیس هات بۆلای وپرسی پێ کرد وگوتی سێ کەس هاتوونەتە داوام ، پێغەمبەر فەرمووی : ( أما معاوية فرجل تَرِب ( أي فقير ) لا مال له .. ) رواه مسلم 1480 .
واتە : بەنیسبەت موعاویەوە پیاوێکی هەژارە وهیچی نی یە .
جا مەرج نی یە کەسەکە بازرگان بێت ودەوڵەمەند بێت ، بەڵکو ئەوەندە بەسە کە شتێکی هەبێت کار وباری ژیانی پێ بباتە سەر وبێ پێویستی بکات لەخەڵک .
جا هەرکات کەسێکی خاوەن دین لەگەڵ کەسێکی خاوەن ماڵدا هاتنە داوای کچێک ئەوا خاوان دینەکە پێش دەخرێت .

چوارەم : باش وایە کەسێکی نەرم و نیان بێت لەگەڵ ئافرەتاندا ، چونکە پێغەمبەر بەفاتیمەی کچی قەیسی لەفەرموودەی ڕبردودا فەرموو : ( أما أبو جهم فلا يضع العصا عن عاتقه )
واتە : بەنیسبەت ئەبو جەهمەوە پیاوێکە دارەکەی لەبانی شانی داناگرێت .
وەک ئاماژەیەک بەوەی زۆر دەدات لەئافرەتان .

پێنجەم :  هەروەها باش وایە کەسێکی شارەزا بێت بەقورئان وسوننەت ، ئائەمە گەر هەبێت زۆر چاکە .

شەشەم : دروستە ئافرەت تەماشای ئەو پیاوە بکات کەدێتە داوای هەروەک چۆن دروستە پیاو تەماشای ئافرەت بکات ، بەڵام دەبێت ئەو تەماشا کردنە بەئامادە بوونی مەحڕەمێکی بێت ، ونابێت زیادە ڕەوی بکرێت لەتەماشا کردندا وەک ئەوەی بەتەنها تەماشای کات یاخود لەگەڵیدا بەتەنها لەجێگەیەکدا کۆ ببێتەوە ویاخود چەند جارێک دوو بارەی بکەنەوە .

حەوتەم : دروستە کەس وکاری ئافرەت پرسیاری پیاوەکە بکەن وپرسیار لەو کەسانە بکەن کەهاوڕێیەتیان کردووە وپرسیاری دین و ئەمینی وڕاستگۆی کەسەکە بکەن ، ئەو کەسەش کەپرسیاری لێ دەکرێت پێویستە ڕاست گۆ بێت بەشێوازێکی گونجاو وەڵامیان بداتەوە .

هەشتەم : پێش هەموو ئەمانە پێویسته ڕوو بکاتە خودا ولێی بپاڕێتەوە خوا کاری بۆ ئاسان بکات وکەسێکی چاکی بکاتە قسمەت ، پاشان دوای ئەوەی کەسێکی بەدڵ بوو ئەوا دەتوانی نوێژی ئیستخاڕە بکەیت وداوا لەخودا بکەیت چ چاکە ئەوەت بۆ بەدی بێنێت .

نۆیەم : پاشان پشت ببەستە بەخودا بێگومان خودا باشترین یارمەتی دەره .

کۆتا قسە : هەر کەسێک تەقواى خواى گەورە بگات و لە خواى گەورە بترسێت و سنورەکانى خواى گەورە بپارێزێ و پشت بە خواى گەورە ببەستێ ئەوا خواى گەورە دەروى خێرى لێ دەکاتەوە وەکو دەفەرموێ : [‏‏وَمَن يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَل لَّهُ مَخْرَجًا ، وَيَرْزُقْهُ مِنْ حَيْثُ لَا يَحْتَسِبُ وَمَن يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ] واته :  هه‌ركه‌سێك له‌ خوا بترسێ و سنووره‌كانی بپارێزێ، خوا ده‌رووی خێری لێ ئه‌كاته‌وه‌ ، وه‌ ڕزق و ڕۆزی ده‌داتێ له‌شوێنێكه‌وه‌ كه‌ خۆیشی گومانی نه‌ده‌برد، واته‌: ڕێنموونی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگای ژیانی ده‌كات ، وه‌هه‌ركه‌سێك پشت به‌خوا ببه‌ستێ دوای به‌كار هێنانی هۆكار، ئه‌وه‌ ته‌نیا خوای به‌سه‌و كاروباری بۆ ئاسان ده‌كات .

سەردان: ٤,٩٦١ بەش: ژنهێنان و خێزان