مرۆڤ چۆن وا بکات پێغەمبەری صلى الله عليه وسلم لەهەموو شتێکی دونیا زیاتر خۆش بوێت ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مرۆڤ چۆن وا بکات پێغەمبەری صلى الله عليه وسلم لەهەموو شتێکی دونیا زیاتر خۆش بوێت ؟

خۆش ویستی پێغەمبەر لەگەڵ ئیمانی موسوڵماندایە گەر مرۆڤ باوەڕی بەهێز بێت ئەو کات خۆشویستنی بۆ پێغەمبەر زیاتر دەبێت ، بێگومان خۆش ویستی پێغەمبەر عیبادەتە ، و لەشەریعەتی ئیسلام دا یەکێکە لەواجبەکان .

پێغەمبەر فەرموویەتی : " لا يؤمن أحدكم حتى أكون أحب إليه من والده وولده والناس أجمعين " . رواه البخاري ( 15 ) ومسلم ( 44 ) .
واتە : باوەڕی هیچ کەسێک لەئێوە تەواو نابێت تاوەکو من خۆشەویست تر نەبم لەلای لەباوکی و منداڵەکەی و هەموو خەڵک .

پاشان دەکرێت بەزانینی ئەم شتانە خۆشەویستی پێغەمبەر دەستە بەر ببێت :

یەکەم : نێردراوی خودایە وخودا هەڵی بژاردووە وفەزڵی داوە بەسەر هەموو خەڵکدا بۆ ئەوەی دینەکەی بگەیەنێت بەخەڵک وخودا هەڵی بژاردووە لەبەر خۆشەویستی وڕازی بوونی لێی ، گەر خودا خۆشی نەویستایە و لێی ڕازی نەبوایە هەڵی نەدەبژارد ، هەر بۆیە پێویستە لەسەرمان ئەو کەسەمان خۆش بوێت کەخودا خۆشی ویستووە ولێی ڕازی بووە ، وبزانین کە پێغەمبەر هەڵبژاردەی خودا بووە .

دووەم : پێویستە پلە و ڕێزی پێغەمبەر بزانین ، کەباشترین مرۆڤ بووە .
ئەبو هوڕەیرە دەڵێت : پێغەمبەری خوا فەرمووی : " أنا سيد ولد آدم يوم القيامة وأول من ينشق عنه القبر وأول شافع وأول مشفع " . رواه مسلم ( 2278 ) .
واتە : من گەورە وسەرداری کوڕانی ئادەمم لەڕۆژی دواییدا ویەکەم کەسم کەلەگۆڕ دێمه دەرەوە ویەکەم کەسم کەشەفاعەت دەکەم وشەفاعەتم قەبوڵ دەکرێت .

سێیەم : پێویستە بزانین کە پێغەمبەر لەپێناو گەیاندنی دینەکەیدا بەئێمە توشی جۆرەها ناخۆشی وئازاردان بوو ، و لەو پێناوەدا نزیکترین کەسی خۆی لێ بێ بەری کرد وتەنانەت تۆمەتی شێتی وساحیر وجۆرەها ناوی تریان لێ دەنا ولەپێناو ئەو دینەدا جەنگا وقوربانی دا و لەشارەکەی دەرکرا...هتد .

چوارەم : شوێن کەوتنی هاوەڵانی ؛ چونکە بەڕاستی ئەوان پێغەمبەریان زۆر خۆش دەویست تەنانەت لەماڵ ومنداڵ وخودی خۆیان زیاتر خۆشیان دەویست :

ئەنەس دەڵێت : " لقد رأيت رسول الله والحلاق يحلقه وأطاف به أصحابه فما يريدون أن تقع شعرة إلا في يد رجل " . رواه مسلم ( 2325 ) .
واتە : پێغەمبەرم بینی کاتێ حەلاق سەری چاک دەکرد وهاوەڵەکانی دەوریان دابوو هەر تاڵە مویەکی بکەوتایەتە ئەرز هەڵیان دەگردەوە .

پێنجەم : شوێنی سوننەتە گوفتار وکردارەکانی بکەویت وبیکەیتە بەرنامەی ژیانت وفەرمانەکانی پێش فەرمانی هەموو کەس بخەیت وپاشان شوێن عەقیدە وبیر وباوەڕی هاوەڵان وتابعین بکەویت کەعەقیدەی ئەهلی سوننە وجەماعەیە دوور بێت لە عەقیدە بیدعیەکان بەتایبەت ڕافیزە کە پێشەواکانیان زیاتر لە پێغەمبەر خۆش دەوێت .

نسأل الله أن يرزقنا محبة رسوله وأن يجعله أحب إلينا من أولادنا وآبائنا وأهلينا ونفوسنا .

والله أعلم .

سەردان: ٦,٦٤٧ بەش: پێغەمبەری خودا