تایبەت کردنى شەوی بەرات بە زیکر و دوعا و قورئان خوێندن بیدعەیە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
تایبەت کردنى شەوی بەرات بە زیکر و دوعا و قورئان خوێندن بیدعەیە
پرسیار:

خەڵکانێک لە شەوی (15) شەعباندا (شەوی بەرات) خەریکى هەندێ زیکر و دوعا و خوێندنى سورەتى (یس) دەبن ، جا پرسیارەکە ئەمەیە ئایا لەم شەوەدا هیچ عیبادەت و زیکرێک سوننەتە بکرێ؟ تکایە ڕونکردنەوەیەکمان بدەنێ سەبارەت بەشەوى بەرات

سەبارەت بە شەوی بەرات ( 15ی شه‌عبان) تەنها ئەوەی سەحیحە: خوا سبحانە شەوەكەی لە تاوانی هەمو موسڵمانێك خۆش دەبێت، مه‌گه‌ر كەسێك شیرك بڕیار بدات، یان قسەی لەگەڵ براكەی نەبێت وڕق وكینیەكیان لە ئاست یەكتردا هەبێت.
جا بۆیە:
یەکەم : نە دوعایەكی تایبەت هەیە به‌م شه‌وه‌وه‌، هەرچیش هاتووە سەحیح نیە.

دووەم : نە نوێژێكی تایبەتی هەیە، هەرچیش ئەوترێ زیادەیە؛ وەكو نوێژە سەد ڕكاتیەكە، ونوێژی ئەلفیە ... وهتد.
تەنانەت نەوەوی ئەڵێ:
«ئەم نوێژە بیدعەیە ومونكەرێكی خراپە، ئیتر فریو مەخۆ بەوەی لە «قوت القلوب» و«إحیا‌ء علوم الدین»دا، وبەوەی لە حەدیسەكان دا لەو بارەوە هاتوون، چونكە هەموو ئەوانە پوچ وبێ بنەمان، فریویش نەخۆیت بەو پێشەوایانەی حوكمی ئەم نوێژەی لێ گۆڕاوە وڕۆیشتوە چەند لاپەڕەكی نوسیوە لەبارەی سوننەتێتی ئەم نوێژە، چونكە بەڕاستی هەڵەی كردوە!». بڕوانە «المجموع».

سێیەم : نە شەوەكەشی تایبەت دەكرێت بە شەو نوێژەوە، بەڵێ ئەمەش لە هەندێك لە سەلەفەوە هاتوە، بەڵام لەوە زیاتریان لێوە هاتووە لەسەر نەكردنی، بۆیە عیبرەت بە بەڵگەیە نەك بوونی خیلاف. بڕوانە: «لطائف المعارف» ص263، هه‌روه‌ها بڕوانە: «مجموع الفتاوی» (23/132). بشزانه‌ حەدیسی: «فقوموا لَيْلَها، وصوموا يومَها» سەنەدەكەی بە كەڵك نایەت. بڕوانه‌: «السلسلة الضعیفة» (2132).

ئیبن ڕەجەب لە «لطائف المعارف»دا ل263 ئەڵێ: «قيام ليلة النصف من شعبان لم يثبت فيه شيء عن النبي ولا عن أصحابه».

خۆ ئەگەر تایبەتكردنی شەوێ بە شەو نوێژ بە هۆی فەزڵێكەوە دروست بوایە ئەوا شەوی جومعە لە پێشتر بوو. بڕوانه‌: «التحذیر من البدع» ص15.

چوارەم : نە ڕۆژەكەشی تایبەت دەكرێت بە ڕۆژوەوە. بڕوانە: «اقتضا‌ء الصراط المستقیم» (1/302). و«الاعتصام» (1/46).

پێنجەم : هه‌روه‌ها نە ئاخر خێری ونه‌ ئاخر شەڕی بەندەكان لەم شەوەدایە.

شەشەم : هه‌روه‌ها نە نوسینی مردوانی ئەو ساڵە لەم شەوەدایە. بڕوانه‌: «أحكام القرآن» (4 /117).

حەوتەم : نە دروستە ئاهەنگی بە هۆوە بگێڕیت.

هەشتەم : نە سورەتی یاسین ونه‌ ئیخلاص، خوێندنیان هیچ تایبەتمەندیەكی نیە لەم شەوەدا.

نۆیەم : خێر بۆ مردوان لەم شەو وڕۆژە دا هیچ تایبەتمەندیەكی نیە.

دەیەم : نە خێری ئەم شەوەش وەكو خێری «لیلة القدر»ه.

یانزەیەم : هه‌روه‌ها نە قورئان لەم شەوە دا دابەزیوە.

دوانزەیەم : نە موسڵمانان كۆ دەبنەوە بۆ عیبادەت كردن كە ئەمەیان زیادەیەكی زیاترە، با لە هەندێك لە پیاوچاكانیشەوە هاتبێت. بەڵام لەوە زیاتریان لێوە هاتووە لەسەر نەكردنی وعیبرەت بە بەڵگەیە نەك خیلاف.

مامۆستا على خان

سەردان: ١٢,٣٦٨ بەش: بیدعە و داهێنراوەکان