كاتی سەربڕینی قوربانی: ماڵپەڕی وەڵامەکان
كاتی سەربڕینی قوربانی

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
مەرجە قوربانی دوای ئەنجامدانی نوێژی جەژنی قوربان سەر ببڕێت، وە هەر كەسێك پێش نوێژی جەژن قوربانییەكەی سەر ببڕێت ئەوا بە قوربانی بۆی ناژمێرێت بەڵكو ئەو ئاژەڵە سەر بڕاوە سەربڕاوی گۆشتە نەك قوربانی.
عَنِ الْبَرَاءِ بْنِ عَازِبٍ (رضي الله عنه) قَالَ: سَمِعْتُ النَّبِيَّ () يَخْطُبُ فَقَالَ: ((إِنَّ أَوَّلَ مَا نَبْدَأُ مِنْ يَوْمِنَا هَذَا أَنْ نُصَلِّيَ، ثُمَّ نَرْجِعَ فَنَنْحَرَ، فَمَنْ فَعَلَ هَذَا فَقَدْ أَصَابَ سُنَّتَنَا، وَمَنْ نَحَرَ قَبْلَ الصَّلاَةِ فَإِنَّمَا هُوَ لَحْمٌ يُقَدِّمُهُ لأَهْلِهِ، لَيْسَ مِنَ النُّسُكِ فِي شَيْءٍ...)) صحيح البخاري رقم: (965) و (5560).
واتە: یەكەم شت كە ئەمڕۆ دەستی پێبكەین ئەوەیە نوێژی جەژن دەكەین، پاشان دەگەڕێینەوە ئەنجا قوربانی سەر دەبڕین، جا هەر كەسێ ئاوای كرد ئەوا لەسەر سوننەت و ڕێبازی ئێمەیە، وە هەركەسێ پێش نوێژی جەژن سەری بڕیوە ئەوە تەنها گۆشتی پێشكەش كەس و كاری كردووە و بە قوربانی بۆی ناژمێرێت بە هیچ شێوەیەك.
بۆیە دەبێت موسڵمانان ئاگادار بن كەوا قوربانی دوای ئەنجامدانی نوێژی جەژن سەر ببڕن، وە نابێت بڵێیت ئەی ئەگەر وابێت چۆن فریا بكەوین لە گۆشتەكەی بكەین بە چێشت و لـێی ببەخشین بە سەر دراوسێ و كەم دەست و هەژاراندا ؟ چونكە لە كوردستاندا داب و نەریت وایە خەڵك لە ڕۆژانی جەژندا چێشت زوو لێدەنێن بۆ ئەوەی بۆ دوای نوێژی جەژن ئامادەبێت !! ئەم بیانووە دروست نییە بەڵكو دەبێت دوای نوێژی جەژن قوربانی سەر ببڕێت ئەگینا دەبێت ئاژەڵێكی تر بكات بە قوربانی.
وعَنِ الْبَرَاءِ بْنِ عَازِبٍ (رضي الله عنه) أَيْضَاً قَالَ: خَطَبَنَا رَسُولُ اللَّهِ () فِي يَوْمِ نَحْرٍ فَقَالَ: ((لاَ يَذْبَحَنَّ أَحَدُكُمْ حَتَّى يُصَلِّيَ، قَالَ: فَقَامَ خَالِي [أَبُو بُرْدَةَ] فَقَالَ: يَا رَسُولَ اللَّهِ [إِنَّ هَذَا يَوْمٌ يُشْتَهَى فِيهِ اللَّحْمُ] (هذا لفظ البخاري رقم: (5544).)، وَإِنِّي عَجَّلْتُ نُسُكِي لأُطْعِمَ أَهْلِي وَأَهْلَ دَاڕي أَوْ جِيرَانِي، قَالَ: فَأَعِدْ ذَبْحَاً آخَرَ)) (صحيح سنن الترمذي رقم: (1508).)
واتە: هیچ كەسێكتان پێش ئەوەی نوێژی جەژن بكات با قوربانی سەر نەبڕێت، جا خاڵم (أبو بردة) هەستاو ووتی: ئەی پێغەمبەری خوا: (ئەمڕۆ ڕۆژێكە تێیدا حەز لە گۆشت دەكرێت)، جا من پەلەم كرد پێش نوێژی جەژن قوربانییەكەم سەر بڕی بۆ ئەوەی بكرێت بەچێشت بۆ خێزانەكەم و كەس و كاری ناو ماڵەكەم و دراوسێكانم، پێغەمبەریش () فەرمووی: دووبارە ئاژەڵێكی تر سەر ببڕە بۆ قوربانی.
وە دروستە سەر بڕینی قوربانی دوا بخرێت بۆ ڕۆژانی یەكەم و دووەم و سێیەمی دوای ڕۆژی جەژن كە پێیان دەووترێت: " أیام التشریق " چونكە پێغەمبەری خوا () دەفەرموێت: ((كُلُّ أَيَّامِ التَّشْڕيقِ ذَبْحٌ)) (مسند الإمام أحمد رقم: (17207)، وصحيح الـجامع الصغير رقم: (4537).)
واتە: هەموو ڕۆژانی تەشریق كاتی سەر بڕینی قوربانییە.
بەڵام سوننەت وایە دوای ئەنجامدانی نوێژی جەژن هەر یەكەم ڕۆژ قوربانییەكە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بكرێت بە چێشتی جەژن و دوا نەخرێت.
كەواتە: سەرەتای كاتی سەر بڕینی قوربانی لە دوای ئەنجامدانی نوێژی جەژنی قوربانەوە دەست پێدەكات تا كۆتایی سێیەم ڕۆژی دوای جەژن واتە: تا خۆر ئاوا بوونی ڕۆژی سێیەم.
[ئەم پرسیار و وەڵامە لە كتێبی (چۆنێتى قوربانى كردن لەسەر دەمى پێغەمبەردا ) وەرگیراوە لە نوسنی مامۆستا محمد عبدالرحمن]

سەردان: ٣,٢١٨ بەش: قوربانى كردن