بیدعە و داهێنراوەكانی قوربانی: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بیدعە و داهێنراوەكانی قوربانی
پرسیار:

بیدعە و داهێنراوەكانی قوربانی

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
ئەی خوێنەری یەك خواپەرست و شوێنكەوتەی سوننەتی پێغەمبەر () بە داخەوە دەڵێم:
ئەم پەرستشە پیرۆزە و ئەم دروشمە گەورەیەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ـ وەك هەموو جۆرەكانی تری پەرستشەكان و دروشمەكانی ئاینە پاك و بێ كەم و كوڕییەكەی ئیسلام ـ بێ بەش نەبووە لە كۆمەڵێك بیدعەی ڕەش و داهێنراوی نەفامەكان و ئەوانەی لایان داوە لە ڕێگای ڕاست، بۆیە بە پێویستم زانی ئاگادارت بكەمەوە لە بیدعە و داهێنراوەكانی قوربانی.
بەڵام پێش ئەوەی بچینە سەر باسی بیدعە و داهێنراوەكان ئەوەت یاد دەخەمەوە كە خوای پاك و بێگەرد هیچ پەرستش و هیچ كردەوەیەك لە موسڵمانان وەر ناگرێت و پاداشتی بە چاكە ناداتەوە ئەگەر ئەم دوو مەرجەی خوارەوەی تێدا نەبێت:
1 ـ الإخلاص: واتە مەبەست و نییەتت لە كرەوەكەدا تەنها ڕەزامەندیی خوا بێت.
چونكە خوای گەورە فەرموویەتی: [وَمَا أُمِرُوا إِلاَّ لِيَعْبُدُوا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ] (البينة 5).
واتە: بە هیچ شتێك فەرمانیان پێنەكراوە تەنها بەوەنەبێت كە خوا بپەرستن و بە نییەتێكی پاك و پوختەوە دین داری بۆ خوا بكەن.
2 ـ الاتباع: واتە كردەوەكەت دەبێت بە پێی سوننەتی پێغەمبەر بێت () بێ زیاد و كەم.
چونكە پێغەمبەری خوا () فەرموویەتی: ((مَنْ عَمِلَ عَمَلاً لَيْسَ عَلَيْهِ أَمْرُنَا فَهُوَ رَدٌّ)) صحيح مسلم رقم: (1718).
واتە: هەر كەسێك هەر كردەوەیەك بكات، وە ئەو كردەوەیە ئەمری ئێمەی لە سەر نەبێت [واتە: بە پێی سوننەتی من نەبێت] ئەوا لـێی قەبوڵ ناكرێت و ڕەت دەكرێتەوە.
هەروەها پێغەمبەری خوا () لە سەرەتای هەموو ووتارێكدا فەرموویەتی: (( وَأَحْسَنَ الْهَدْيِ هَدْيُ مُحَمَّدٍ ()، وَشَرَّ الأُمُوڕ مُحْدَثَاتُهَا، وَكُلَّ مُحْدَثَةٍ بِدْعَةٌ، وَكُلَّ ضَلاَلَةٍ فِي النَّاڕ)) صحيح مسلم رقم: (867)، وصحيح سنن النسائـي رقم: (1578) واللفظ له، وانظر: "خطبة الـحاجة" للإمام الألبانـي، و"علم أصول البدع" لعلـي الـحلبـي ص: (5ـ 6).
واتە: باشترین و چاك ترین ڕێگا و ڕێباز: ڕێگا و ڕێبازی پێغەمبەرە ()، وە خراپترین شت: داهێنراوەكانە، وە هەموو داهێنراوێك بیدعەیە، وە هەموو بیدعەیەك گومڕاییە، وە هەموو گومڕاییەك لە گەڵ خاوەنەكەیدا لە دۆزەخدایە.
جا بۆ ئەوەی قوربانییەكەت لە سەر سوننەت بێت ئەوا دەبێت ئاگادار بیت و خۆت بە دوور بگریت لەم بیدعە و داهێنراوانە و هەر بیدعەیەكی چەپەڵی تر.
بیدعە و داهێنراوەكان:
1 ـ قوربانی كردن بە مەبەستی خۆ دەرخستن و شانازی كردن بە سەر خەڵكەوە، (أبو أیوب الأنصاری) بە دڵێكی غەمبارەوە دەفەرموێت: ((ثُمَّ تَبَاهَى النَّاسُ فَصَارَ كَمَا تَرَى)) !
2 ـ هێنانی مەلایەك بۆ ئەوەی ئامادەی سەربڕینی قوربانیەكە بێت!
3 ـ چاو ڕەشتنی حەیوانی قوربانی پێش سەربڕینی!
4 ـ پارچە پەڕۆیەكی سوور دەخەنە ملی حەیوانەكە!
5 ـ مووروو و بەن بەستن بە شاخی حەیوانەكەوە!
6 ـ شەكری كوڵۆ یان نوقڵ یان شیرینی دەخەنە ناو دەمی حەیوانەكە لە كاتی سەر بڕینیدا!
7 ـ دوعا و ویرد خوێندن بە گوێی حەیوانەكەدا!
8 ـ نەووتنی (بِسْمِ اللَّهِ وَاللَّهُ أَكْبَر) لە كاتی سەر بڕینی قوربانیەكەدا بە هۆی مەشغووڵ بوون بە هەندێك ویردی تری نا شرعیەوە!
9 ـ ووتنی نیەت بە زمان لە كاتی سەر بڕینیدا، چونكە جێگای نیەت تەنها دڵە.
10 ـ ووتنی (لەڕێی خوا و مەولوودی پێغەمبەر ) لەكاتی سەر بڕینی قوربانیەكەدا، چونكە دەبێت تەنها بڵێت: (بِسْمِ اللَّهِ وَاللَّهُ أَكْبَر) وەك لە سوننەتی پێغەمبەردا هاتووە ().
11 ـ نەخواردنی گۆشتی قوربانی لە لایەن خاوخێزان و خاوەنی قوربانیەكەوە، چونكە پێغەمبەر () دەفەرموێت: " كُـلُوا " واتە: لێی بخۆن.
12 ـ هەندێك لە خەڵك دەڵێت: ئەگەر حەیوانێك پێش جەژن دیاری بكرێت بۆ قۆچ و قوربانی ئەوا نابێت لـێی بخۆیت و دەبێت هەمووی ببەخشیت !!!
ئەم شتە لە سەردەمی پێغەمبەردا () نەبووە و پێچەوانەشە بۆ فەرموودەی: " كُـلُوا " واتە: لێی بخۆن، وە ئەم بیدعەیەش بۆتە هۆی دوور كەوتنەوەی زۆرێك لەو جۆرە خەڵكانە لە ئەنجامدانی قوربانی كردن !
13 ـ فرۆشتنی پێستی قوربانیەكە یان بەخشینی بە قەصابەكە لە جیاتی كرێی سەر بڕینەكە.
14 ـ دابەش كردنی گۆشتی قوربانییەكە بە سەر هەموو دراوسێكاندا ئەگەر چی دەست كورت و موحتاجیش نەبن لە بەر لۆمە و تانەی خەڵك، چونكە صەدەقە تەنها بۆ فەقیر و هەژارانە ، وە لە فەرموودەكەی (أَبُو بُرْدَةَ) دا باسی موحتاجی دراوسێ كراوە، ((وَذَكَرَ هَنَةً مِنْ جِيرَانِهِ)) (أي حاجة).
15 ـ شاردنەوەی خوێنی قوربانییەكە لە ژێر خاكدا، بە مەبەستی ئەوەی كە ئەو خوێنە تێكەڵ نەبێت بە ئاوەڕۆ (مەجاری) چونكە وا دەزانن خوێنی قوربانی موبارەكە.
16 ـ یەكسانی لە دابەش كردنی گۆشتی قوربانییەكەدا بە سەر هەموو ماڵەكاندا وەك یەك !!! ئەمەش بووەتە هۆی نەمانی دادپەروەری لە نێوان ئەو خێزانانەی كە ژمارەیان زۆرە بەرامبەر بەوانەی كە ژمارەیان كەمە !
كەواتە: دەبێت بەش و پشكی ئەو خێزانانەی كە ژمارەیان زۆر ترە زیاتر بێت لەوانەی كە ژمارەیان كەمەترە: [إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالإِحْسَانِ] (النحل 90)
[ئەم پرسیار و وەڵامە لە كتێبی (چۆنێتى قوربانى كردن لەسەر دەمى پێغەمبەردا ) وەرگیراوە لە نوسنی مامۆستا محمد عبدالرحمن]

سەردان: ٣,٠٥٧ بەش: قوربانى كردن