ئەگەر کوڕێک ویستى ژن بێنێ ئایا چ کچێک باشە بیکات بە هاوسەرى خۆى؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر کوڕێک ویستى ژن بێنێ ئایا چ کچێک باشە بیکات بە هاوسەرى خۆى؟

مەرجەكانی هاوسەرگیری
لێرەدا چەند خاڵێك دەخەمە ڕوو هەندێكیان دەبنە ( مەرج ) وە هەندێكی دیكەیان پێویستە وەكو خاڵێك ڕەچاوبكرێت لەوانەیە هەندێك جار نەبێتە مەرج ئەویش بەپێی ڕێككەوتن و ئەنجام نەدانی ئەو خاڵە .
یەکەم : دەبێت كەسێكی دیندار بخوازیت واتە ئەو كەسەی كە دەتەوێت بەهاوسەری خۆتی هەڵبژێریت پێویستە كەسێكی دیندار بێت . وەكو خوای گەورە دەفەرموێت : [ وَأَنكِحُوا الْأَيَامَى مِنكُمْ وَالصَّالِحِينَ مِنْ عِبَادِكُمْ وَإِمَائِكُمْ ... ] .
واتە : مارەیی ببڕن مەبەست لە بەرپرسیارانی ماڵەوەیە واتە ( وەلی ئەمر ) ەكان كە ئەو كوڕانەی وا ژنیان نەهێناوە یاخود ئەو كچانەی وا شوویان نەكردووە و مێردیان نیە لەو كەسانە مارەی ببڕن كەلەخۆتانن و لە كەسە چاك و باشەكانن و لەو كچ و كوڕانەی كە لەلای خۆتانن و كاردەكەن .
لێرەدا خوای گەورە ئەمر بە باوك و ئەو كەسانەی كە سەرپەرشتی ئەو كوڕ و كچانە دەكەن كەوا ژنیان نەهێناوە و شوویان نەكردووە با كەسی چاك و باشیان بۆ بدۆزنەوە و ژنیان بۆ بهێنن و كچانیش بەشوو بدەن .
هەروەها باشترین كەس لەلای خودا ئەوەیە كە لەهەموان زیاتر تەقوای خوا بكات و لەخوا بترسێت و كاری چاكە بەئەنجام بگەیەنێ بۆیە خوای گەورە لە ئایەتێكدا دەفەرموێت : [ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ ] .واتە : ئەی خەڵكینە ئێمە دروستمان كردوون لە ( نێر و مێ ) وە كردوومانن بەچەندین گەل و نەتەوەی جیاواز بۆ ئەوەی یەكتر بناسن وە باشترینتان لەلای خوای گەورە ئەو كەسانەن كە تەقوای خوای گەورە زیاتر دەكەن وە خوای گەورە زانا و دانایە .
پێویستە ئەوەش بزانین كە كەسی باش دەبێت هاوسەری لەگەڵ چاكەكاردا پێك بهێنێت چونكە نابێ موسوڵمان كەسی بێ دین و كەسی خاوەن كار و كرداری خراپە بكات بە هاوسەری خۆی چونكە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت : [ الزَّانِي لَا يَنكِحُ إلَّا زَانِيَةً أَوْ مُشْرِكَةً وَالزَّانِيَةُ لَا يَنكِحُهَا إِلَّا زَانٍ أَوْ مُشْرِكٌ وَحُرِّمَ ذَلِكَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ ] .
واتە : كەسی زیناكەر و داوێن پیس تەنها مارەیی ئافرەتی زیناكەر و هاوەڵ بڕیاردەر دەبڕێت وە ئافرەتی زیناكەر و داوێن پیس تەنها ئەو كەسانە مارەی دەبڕن كە داوێن پیس و هاوەڵ بڕیاردەرن بۆ خوای گەورە بۆیە ئەم جۆرە كەسانە حەرام و قەدەغە كراون لەسەر ئیمانداران .
هەروەها پێغەمبەری خوا ( ) دەفەرموێت : ( تنكح المرأة لأربع لمالها ولجمالها ولحسبها ولدينها فاظفر بذات الدين تربت يداك ) واتە : ئافرەت مارە دەكرێت لە بەر چوار شت ( پارەكەی و جوانییەكەی و ناودارییەكەی و بەپێی دینەكەی بۆیە دینەكەی هەڵبژێرە دەستت بەخۆڵدا دەچێت ـ كە نیشانەى بەرەكەت و چاكەیە لێرەدا پێغەمبەری خۆشەویست ( ) هەموو شتێكی ڕوونكردۆتەوە چونكە ئافرەت دەبێت تۆ یەكەم مەرج دینەكەی بەهەند وەربگری و لەبەردینەكەی بیهێنی .
لە فەرموودەیەكی تر دا هاتووە : عن عبد الله بن عمرو بن العاص أن رسول الله ( ) قال : ( الدنيا متاع وخير متاعها المرأه الصالحة ) .
واتە : لە عبداللەی كوڕی عەمری كوڕی عاصەوە پێغەمبەری خوا ( ) فەرموویەتی : دونیا هەمووی خۆشی و بەختەوەرییە وە چاكترین خۆشی دونیاش ئافرەتێكی چاكە .
بابزانین كە پێشینی ئەم ئوممەتە ( سەلەفی ساڵح ) چۆن ڕوانیویانەتە ئەو كەسەی كە دێتە خوازبێنی كچەكەیان و ئەو خاڵەش كامەیە كەوا ڕەچاویان كردووە لەكاتی مارەكردنی كچەكانیان لە كوڕان لێرەدا نمونەیەك دێنینەوە ئەویش ( سەعیدی كوڕی موسەییب) ە كە بەیەكێك لە گەورە شوێنكەوتووان ( التابعين ) دەژمێردرێت كچێكی هەبوو لەڕووی دین و ڕەوشت و ئەدەب و زانستی قورئان و سوننەتەكانی پێغەمبەری خوا ( ) بێ وێنەبوو لەو دەمەدا خەلیفەی ئومەوی كە ( عەبدولمەلیكی كوڕی مەروان ) بوو هاتە خوازبێنی ئەم كچە بۆ كوڕەكەی كە ناوی ( وەلید ) بوو بەلآم ( سەعیدی كوڕی موسەییب ) پێی ڕازی نەبوو هەستا لەیەكێك لەخوێندكارەكانی خۆی كەوا دەرسی ئایینی لا دەخوێند زۆر كوڕێكی ئیماندار بوو لەگەڵ ئەوەشدا زۆر هەژار بوو ناوی ( كثير بن أبي وداعة) بوو مارەكرد و لەگەڵ ئەوەشدا ( 5000 ) درهەمی پێدا بۆ ڕۆژی دواتر ئەو كوڕە هەژارە وەكو پیشەی هەمیشەیی بەیانی زوو هەستا بۆ ئەوەی لە وانەكانی ( ئیبن موسەییب ) دوانەكەوێ بەنیازبوو لەماڵ دەربچێ بەڵام خێزانەكەی كە كچی ( سەعید ) ى مامۆستاتى بوو پێی فەرموو بۆ كوێ دەڕۆی ئەویش وتی : بۆ كۆڕی ( ئیبن موسەییب ) بۆ ئەوەی فێری زانست بم .
ئەویش پێی فەرموو وەرە دانیشە و زانستەكەی ( سەعیدی كوڕی موسەییب ) ی باوكم لەمنەوە فێربە و ئەویش لێیەوە فێربوو .
بەڕاستی پیاوچاكانی پێش ئێمە بەو شێوەیە فەزڵی ئیمانیان داوەتە سەر دەوڵەمەندی و كوڕی خەلیفە و پاشاكاندا .

دووەم : دەبێت ئەو ئافرەتە توانای منداڵ بوونی هەبێت ، وەكو لەم فەرمودەیەی پێغەمبەری خوادا ( ) دەردەكەوێ : ( جاء رجل إلى النبي ( ) فقال إني أصبت امرأة ذات حسب وجمال وإنها لا تلد أفأتزوجها قال لا ثم أتاه الثانية فنهاه ثم أتاه الثالثة فقال تزوجوا الودود الولود فإني مكاثر بكم الأمم ) .
واتە : پیاوێك هاتە لای پێغەمبەری خوا ( ) و پێی وت من ئافرەتێكی ناودار و شۆخ و شەنگم دۆزیوەتەوە بەڵام منداڵی نابێ ئایا بیهێنم پێغەمبەری خواش ( ) پێی فەرموو ( نەخێر ) دووبارە هات و وتی بیهێنم پێغەمبەری خوا ( ) پێی فەرموو ( نەخێر ) بۆ سێهەم جار هاتەوە پێغەمبەری خوا ( ) پێی فەرموو ( ئافرەتێكی خۆشەویستی منداڵ بوو بهێنن چونكە من لەڕۆژی قیامەتدا شانازی بەزۆریتانەوە دەكەم بەسەر ئوممەتەكانی تر ) .
كەواتە یەكێكی تر لەمەرجەكانی ژن هێنان ئەوەیە كە پێویستە ئەو كەسەی كەوا مارەی دەكەین دەبێت توانای منداڵ بوونی هەبێت ، بێگومان لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە ( ئایا چۆن بزانین كە ئەو كەسەی كە بەنیازین مارەی بكەین منداڵی دەبێت یان نا ؟؟ ) ( الشيخ ندا أبو أحمد ) لەكتێبی ( من تختار ؟ ) دا بەم شێوەیە وەڵامی دابووەوە كە دەڵێت ( بۆ ئەوەی بزانین كە ئەو ئافرەتەی مارەی دەبڕین دەبێت تێبینی ئەوە بكەین كە لەڕووی تەندروستی و توانای لاشەیی و كەم و كورتییەكانی بەتەواوی بزانین ئەمەش بەهۆی پرسیاركردن لەكەسە نزیكەكانی ئەو ئافرەتە كە مارەی دەبڕین یاخود دەبێت ئەوەش بزانین كە لەوانەیە لە خێزانێكدا دەركەوتبێت كە بەهۆی بۆماوەوە ( الوراثة ) زۆربەی ئافرەتانی ئەو خێزانە منداڵیان نابێت ) والله أعلم .
دەبێت ئەوەش بزانین كە منداڵ یەكێكە لە خۆشی و شتە جوانەكانی دونیا كە باوك و دایك زۆر دڵخۆش دەبن بەو منداڵەیان چونكە بڕوایان وایە كە بەرهەمی ئەو ژنهێنانە بەدەست هاتووە و خوای گەورە دەفەرموێت : [ الْمَالُ وَالْبَنُونَ زِينَةُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا ] .
واتە : سەروەت و سامان و منداڵ زینەت و جوانی و ڕەونەقی ژیانی دونیان

سێیەم : جوانی ئافرەت یەكێكە لەو خاڵانەی كە دەبێت ڕەچاوبكرێت لەكاتی ژن هێناندا چونكە گەر كەسێك مارەی ئافرەتێكی بڕی ئافرەتەكە بەو شێوەیە جوان نەبوو كە دڵی ئەو كوڕە پێی ئارام بێت ئەوا دەبێتە كێشە و گیروگرفت و هیچ دەمێك دڵخۆشی و خۆشبەختی بەدەست ناهێنێت ، بەڵام ئەمەش نابێتە ( مەرج ) بەڵكو خاڵێكە پێویستە جێبەجێ بكرێت ، وەكو لەم فەرمودەیەی پێغەمبەری خوادا ( ) دەردەكەوێت : ( عن أبي هريرة قال : كنت عند النبي ( ) فأتاه رجل فأخبره أنه تزوج امرأة من الأنصار فقال رسول الله ( ) : أنظرت إليها قال : لا قال : فاذهب فانظر إليها فإن في أعين الأنصار شيئا ) .
واتە : ئەبو هورەیرە وتی : لەلای پێغەمبەری خوا بووم ( ) پیاوێك هات بۆلای و پێی ڕاگەیاند كە ئافرەتێكی لە ئەنصارییەكان هێناوە ( خواستووە ) ، پێغەمبەری خواش ( ) پێی فەرموو : ئایا تەماشات كرد ؟ وتی : نەخێر ، پێغەمبەریش ( ) پێی فەرموو بڕۆ تەماشای بكە چونكە لەچاوی ئەنصارییەكاندا شتێك هەیە .

چوارەم : خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە ئەو ئافرەتە با كەسێكی بێ لەچك و كەسێكی ڕووت نەبێت بەڕاستی ئافرەتێك كە خاوەنی ( حجاب ) نەبێت ئەوا نابێت كەسێكی موسوڵمانی پەیوەست ( ملتزم ) بچێتە خوازبێنی چونكە بەڕاستی جیاوازییەكی زۆر دروست دەبێت لەژیانی ئەو دو كەسە ، لەگەڵ ئەوەشدا پێغەمبەری خوا ( ) دەربارەی كەسێك نیوە ڕووت و بێ لەچك بێت دەفەرموێت : ( صنفان من أهل النار لم أرهما : قوم معهم سياطٌ كأذناب البقر يضربون بها الناس ، ونساء كاسيات عاريات . مميلات . مائلات . رؤوسهن كأسنمة البُختِ . المائلة لا يدخلنَ الجنةَ ولا يجدنَ ريحها ، وإن ريحها لتوجدُ من سيرة كذا وكذا ) .
واتە : دوو جۆرە كەس هەن من نەمبینیون و لەئاگری دۆزەخدان ئەوانیش كەسانێكن كەقامچییان پێیە لە كلكی مانگا دەچێت و لەخەڵكی دەدەن بەو قامچییە وە ئافرەتانێكی پۆشتەی ڕووت بەلار و لەنجە بەڕێگادا دەڕۆن و سەرنجی پیاوان بۆ لای خۆیان ڕادەكێشن ، قژەكانیان لەبان سەریان خڕ دەكەن وەكو بان پشتی وشتر ، ئەمانە ناچنە بەهەشتەوە و بۆنی بەهەشتیش ناكەن هەرچەندە بۆنی بەهەشت لە دووری ئەوەندە ئەوەندەوە دێت .
دواتر لەم سەردەمەی خۆماندا هەندێ شت دەبیستی لەوانە هەندێ كەس دەڵێن : حیجاب مەرج نییە لە خوازبێنی كردن كەی ڕازی بوو ئەوجا خۆمان دەیگۆڕین و دەیكەینە كەسێكی دیندار و خاوەن باوەڕ . لەكاتێكدا كەسانێكی وا ئەو قسانە دەكەن خۆشیان هێشتا ئەوەندە كەسێكی باوەڕ بتە و خۆڕاگر نین لەسەر دینەكە ، برام هێشتا تۆ خۆت كەسێكی دیندار و پەیوەست نیت بەدینەكەوە وتنی ئەو قسانەش باجی لەسەرە و لەدواییدا بەسەرتدا دەشكێتەوە .
 بەڕاستی خۆشبەختی لەو كەسەدایە كە بەپێی ئاینی پیرۆزی ئیسلام كاردەكات و گوێڕایەڵی فەرمانەكانی پێغەمبەری خوا دەبێت ( ) .

سەردان: ٤,٣٦٠ بەش: ژنهێنان و شوکردن