چۆن دەست بکەم بە لەبەرکردنى قورئان ؟
کۆمەڵە ئامۆژگاریەک بۆ کەسێک بیەوێت قورئان لەبەر بکات
یەکەم ؛ ئامادەکاری بۆ لەبەرکــردن
١- پێویستـە خۆت ئامادە بکەیت بۆ لەبەرکردنی قورئان و ھەڵگری ڕەوشتەکانی بیت وە پەیوەست بیت بە سوننەتی پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم .
٢- نیازپاکیت ھەبێت لە کردارەکانتدا و نیەتەکەت پاک بکەیتەوە بۆ پەروەردگار و داوای نیازپاکی لێ بکەیت .
٣- خۆت بپارێزی لە خۆبەزلزانی و فەخرکردن و ھەبوونی ڕیا تاوەکو بێبەش نەبیت لە بەرەکەتی لەبەرکـردن و زاکیرەت سەلامەت بیت .
٤- پشت ببەستـە بە پەروەردگار بە تەنـھا وە داوای لێبـکە کە لەبەرکردنی کتێبەکەیت بۆ ئاسان بکات .
دووەم ؛ پێش لەبەر کردن
١- یەک نوسخـە لە قورئان بۆ خۆت ھەڵبژێرە ، ئاساییە نوسخەکە نوسخەی مەدینـە بێت یا حەرەمەین چونکە وەکو چۆن لەبەرکـردن بە بە بیستن دەبێت بە ھەمان شێوە بە بینینیش دەبێت جا وێنەی پەڕەکە و شوێنی ئایەتەکان لە مێشکدا جێگیر دەبێت بەھۆی زۆر خوێندنەوە و سەیر کردنی قورئانەکە .
٢- ڕوو بکە لەبەرکردن بە ڕاستگۆیی و ئارام گریەوە بەبێ دوو دڵى .
٣- مەپچرێ لە لەبەرکردن و دووبارە کردنەوە چونکە ئەوە دەبێتە ھۆی لەبیرچونەوە و لاوازبوونی ئیرادە .
٤- خشتەیەک بۆ خۆت دابنـێ و بیخە سەروی ھەموو ئەو شتانەی بەلاتەوە گرنگە وە لێپرسینەوە لەگەڵ خۆت بکە و ھانی بدە بۆ جێبەجێ کردنی .
٥- پێداگربە لەسەر کاتەکەت و تەرخانی بکە لەبەرکردن و دووبارە کردنەوە .
٦- سێ جوزئی کۆتایی لەبەر بکە پاشان لە سەرەتای قورئانەوە دەست پێ بکە تاوەکو بەربەستی ترس لە سورەتە درێژەکان بشکێنی .
٧- بە تەرتیب و لە دوای یەک لەبەری بکە و لەبەرکردنەکەت دابەش مەکە تاوەکو دانەبرێی وە توشی بێ تاقەتی نەبیت .
٨- ھەوڵ بدە کە ویردی ڕۆژانەت پەیوەندی دار بێت بە بابەتەکەیەوە واتە با ویردی رۆژانەت بە کۆتایی سورەتەکە یا چیرۆکە کۆتایی بێت .
سێیەم ؛ لە کاتی لەبەرکردنـدا
١- پێداگربـە لەسەر خوێندنەوەیەکی دروست ئەوەش بە خوێندن لەلای مامۆستایەک یاخـود بە بیستنی ویردی رۆژانەت چونکە زۆرێک لە وشە ھەیە کە بە ھەڵە دەخوێنرێتەوە جیاواز لە شێوەی خۆی .
٢- تێرامێنە لە مانای ئایەتەکان لەکاتی خوێندنەوەیدا وە ھەوڵ بدە لێی تێبگەی بە قەلەمێک کە ئەو بڕەی دواتر لەبەری دەکەیت بۆت ئاسان بکات .
٣- بە جوانی و دەنگی خۆشەوە قورئان بخوێنەوە .
٤- ویردی رۆژانەت دابەش بکە بۆ چەند بەشێک ، بەشی یەکەم لەبەر بکە تاوەکو جێگیر دەبێت پاشان بەشەکەی تر لەبەر بکە و پاشان ھەردوکیان پێکەوە دووبارە بکەوە و بەم شێوەیە .
٥- ھەوڵ بدە زیاتر لە جارێک گوێ لە ویردی رۆژانەت بگریت لە دوای لەبەرکردنی .
٦- ھەوڵ بدە کەسێک گوێت لێ بگرێت وە شتێکی چاکە کەسێکیش لەگەڵت بێت لەبەری بکات تاوەکو ھانی یەکتری بدەن .
٧- مەڕۆ سەر ویردی دواتر ھەتاوەکو ئەم ویردەی لەسەریت بە جوانی لەبەری دەکەیت .
٨- لە دوای تەواو بوون لە ھەر سورەتێک بە تەواوی دووبارەی بکەوە .
چوارەم ؛ لە دوای تەواو بوونى لەبەرکردن
١ - بەردەوامبە لەسەر چاودێری کردنی ئەوەی لەبەری دەکەی چونکە وەکو چۆن قورئان لەبەر کردنی ئاسانە بە ھەمان شێوە لەبیرچونەوەشی ئاسانە .
٢- بەردەوامبە لەسەر خوێندنەوەی ویردێکی جێگیری ڕۆژانە .
٣- بەردەوام با قورئانێکت پێ بێت لەگەڵ خۆت ھەڵی بگریت کاتێک لە ماڵ دەرەچیت بۆ دووبارە کردنەوە .
٤- زۆر گوێ لە قورئان بگرە .
پەروەردگارە لەوانەمان بگێرە کە قورئان دەخوێننەوە و پێی بەرز دەبنەوە و مەمانگێرە لەوانەی قورئان دەخوێننەوە و گومڕا دەبـن ، بمانگێرە لەوانەی حەلاڵی بە حەلاڵ دادەنێن و حەرامـی بە حەرام دادەنێن ، بڕوا دێنن بەو ئایەتانەی زیاتر لە مانایەک ھەڵدەگرن وە کردار دەکەن بەو ئایەتانەی دامەزراون و روون و ئاشکران وە بە شەوان و رۆژانە دەیخوێننەوە بەو شێوەیەی تۆ لێمان رازی دەبیت ، بمانگێرە لە ئەھلـی قورئان کە ئەھلی تایبەتی تۆن .
زانای بەرێز - محمد بن صالح العثیمین- رەحمەتی خوای لێبێت - فەرموویەتی :
ئەگەر تۆ رێنمویی و ھیدایەتت دەوێت ئەوا لە قورئان تێرامێنە ، وە پەلە مەکە و لێی بێ ئاگا مەبە ، زۆرینەی خەڵکى ئەمرۆ قورئان دەخوێننەوە یان لەبەر ئەوەی پاداشت وەربگرن بە خوێنەوەکەی یان بۆ تەبەروک کردن پێوەی ، بەڵام زۆرینەیان بە تێرامانەوە نایخوێننەوە بەمەش بێبەش بوونـە لە سوود بینین لێی .
[ شرح الکافیة الشافیة — ٥٠٣/١ ]