ڕێگاکانی خۆ پاراستن لەنیفاق ودوو ڕوویی : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ڕێگاکانی خۆ پاراستن لەنیفاق ودوو ڕوویی
پرسیار:

من وەکو موسڵمانێک چۆن خۆم بپارێزم لە نیفاق و دووڕووى؟ چی بکەم بۆ ئەوەى خواى گەورە بمپارێزێ و لەکەسە مونافق و دووڕووەکان نەبم؟

ڕێگاکانی خۆ پاراستن لەنیفاق ودوو ڕوویی :

یەکەم : ناسینی نیشانەکانی مونافیق و کەسی دوو ڕوو لەقورئان وسوننەتدا : (کە پێشتر لە ماڵپەڕى وەڵامەکان باسی ترسناکى نیفاق و سیفاتەکانى مونافیقمان کردووە)، جا کاتێ شارەزای ئەم نیشانانە بووی پێویستە لەسەرت لێیان دوور بکەویتەوە ، بێگومان هەرکەسێک شەڕ نەناسێت نزیکە تێی کەوێت  .

دووەم : دوور کەوتنەوە لەشوێن کەوتنی هەواو وئارەزوو ، و دەمارگیری ناحەق و بۆ شتی ناڕاست .
 سێیەم : حەز کردن لە دواڕۆژ ، و تامەزرۆ بوون بۆ بەهەشت ، خوای پەروەردگار دەفەرموێ : ﴿ إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ كَانَتْ لَهُمْ جَنَّاتُ الْفِرْدَوْسِ نُزُلًا * خَالِدِينَ فِيهَا لَا يَبْغُونَ عَنْهَا حِوَلًا ﴾ [الكهف: 107، 108]
واتە :به‌ دڵنیایى ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئیمانیان هێناوه‌و كرده‌وه‌ی چاكیان كردووه‌، (كرده‌وه‌ى چاك ئه‌وه‌یه‌ بۆ خوا بێت و بۆ ریا نه‌بێت، وه‌ له‌سه‌ر سوننه‌ت بێت و بیدعه‌ نه‌بێت) ، ئه‌مانه‌ به‌هه‌شتی فیرده‌وسیان بۆ هه‌یه‌ كه‌ ناوه‌ڕاست و به‌رزترین و چاكترین پله‌ی به‌هه‌شته‌، فیرده‌وس واته‌: داری چڕ زیاتر بۆ دار مێو به‌كاردێ له‌ زمانی عه‌ره‌بدا، وه‌ له‌ زمانی تردا به‌ مانای بێستان دێت ، واته‌: شوێنێكه‌ بۆیان ئاماده‌ كراوه‌ .
به‌ نه‌مری و هه‌میشه‌یی له‌ فیرده‌وسدا ئه‌مێننه‌وه‌ ، به‌هیچ شێوازێك لێی لاناده‌ن و بۆ شوێنێكی تر ناچن و بێزار نابن، چونكه‌ ئه‌وێ باشترین و به‌زرترین شوێنی به‌هه‌شته‌ كه‌ عه‌رشی خوای گه‌وره‌ له‌سه‌رووی فیرده‌وسه‌وه‌یه‌ .

چوارەم : زۆر داوای لێ خۆش بوون کردن ، و پەلە کردن لە تەوبە کردندا کاتێ کە تاوانێک دەکات .

پێنجەم : تۆمەت بار کردنی نەفس بەکەم تەرخەمی و نیفاق بەڵکو هەوڵی خۆ ڕزگار کردن بدات ، وئەمین نەبێت لەخۆی و لەسزای خودا .

شەشەم : دوور کەوتنەوە لەبیدعە و هاوەڵی کردنی کەسانی بیدعەچی ، وسوور بوون لەسەر شوێن کەوتنی سوننەت وهاوەڵی کردنی پیاوچاکان .

حەوتەم : گەڕان بەدوای زانستدا ، چونکە بەزانست کەسانی ئیماندار جودا دەکرێتەوە لەمونافیقان .

هەشتەم: هەوڵدان و خۆڕاهێنان لەسەر ئیخلاس ودڵسۆزی بۆ خودا ، وهیچ کردەوەیەک لەپێناو خەڵکیدا نەکات ، و لەبەر کەس واز لەهیچ کردەوەیەکیش نەهێنێت ، بەم شێوەیە ڕزگاری دەبێت لەڕیا وشیرک .

نۆیەم: بەردەوام بوون لەسەر زیکر و یادی خودا ، بێگومان کەسی موسوڵمان زۆر زیکری خودا دەکات ،بەڵام مونافیق بەپێچەوانەوە زۆر بەکەمی یادی خودا دەکات .

 ابن القيم دەڵێت : زۆر یادی خودا کردن دەبێتە پارێزەر لەنیفاق ودوو ڕووی ؛ چونکە کەسی مونافیق کەم یادی خودا دەکات ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ﴿ وَلاَ يَذْكُرُونَ اللهَ إِلاَّ قَلِيلاً ﴾ [النساء: 142]، 
واتە :وه‌ زیكری خوای گه‌وره‌ ناكه‌ن له‌ ناو نوێژه‌كه‌یاندا زۆر به‌كه‌می نه‌بێ ئه‌ویش له‌ پێش چاوی موسڵمانان. 

وە كەعب دەڵێت : هەرکەسێک زۆر یادی خودا بکات بەری و دوور دەبێت لەنیفاق ودوو ڕوویی .
هەربۆیە خوای گەورە کۆتایی ( سورة المنافقين ) بەم ئایەتە هێناوە : ﴿ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لا تُلْهِكُمْ أَمْوَالُكُمْ وَلا أَوْلادُكُمْ عَنْ ذِكْرِ اللَّهِ وَمَنْ يَفْعَلْ ذَلِكَ فَأُوْلَئِكَ هُمْ الْخَاسِرُونَ ﴾ [المنافقون: 9]،
واتە : ئه‌ی باوه‌ڕداران با ماڵ و منداڵتان سه‌رقاڵتان نه‌كه‌ن له‌ زیكرو یادی خوای گه‌وره‌و له‌ قورئان خوێندن و له‌ ئه‌نجام دانی فه‌رزه‌كان، وه‌ هه‌ر كه‌سێك وا بكات و سه‌رقاڵ بێت به‌ دونیاوه‌و دونیا سه‌رقاڵی بكات له‌ عیباده‌ت و دینداری و زیكری خوا ئا ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ڕاستی خۆیان زه‌ره‌رمه‌ندن. 

دەیەم : بەردەوام بوون لەسەر نوێژی جەماعەت ، و زوو چوون بۆی ، وهەبوونی خشوع لەنوێژدا ، وپارێزگاری کردن لەسوننەتەکان بەتایبەت شەو نوێژ ، کە ئاکاری پیاوچاکانە وئاسانە لەسەریان ، لەکاتێکدا زۆر لەسەر مونافیقان قورس وزەحمەتە .

یانزەیەم : ترسان لە لاوازی ئیمان یاخود کەم کردنی ولادان وگومڕا بوون ، و داوا لەخودا بکات بەردەوامی پێ بخەشێت وبپاڕێەتەوە : ﴿ رَبَّنَا لَا تُزِغْ قُلُوبَنَا بَعْدَ إِذْ هَدَيْتَنَا وَهَبْ لَنَا مِنْ لَدُنْكَ رَحْمَةً إِنَّكَ أَنْتَ الْوَهَّابُ ﴾ [آل عمران: 8]،
واتە : ئه‌مه‌ هه‌ر قسه‌ی زانا چه‌سپاو و دامه‌زراوه‌كانه‌ له‌ عیلمدا ئه‌ڵێن: ئه‌ی په‌روه‌ردگار دڵمان له‌ حه‌ق لانه‌ده‌ی به‌وه‌ی كه‌ شوێن ئایه‌تی موته‌شابیه بكه‌وین له‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ هیدایه‌تی ئێمه‌ت دا بۆ حه‌ق ، وه‌ له‌ لایه‌ن خۆته‌وه‌ ڕه‌حممان پێ بكه‌ به‌ دڵنیایى هه‌ر تۆ به‌خشه‌ری هه‌موو شتێكی .

وەبەردەوام داوا لەخودا بکات دڵی پاک بکاتەوە لەنیفاق ودوو ڕووی .

دوانزەیەم: سوور بوون لەسەر ئەوەی نیشانەیەک لەنیشانەکانی مونافیقی تێدا نەیەتە جێ ، وەک درۆ و خیانەت ، وشکاندنی وەعد وپەیمان ، وڕق بوون لەجیهاد ، وخۆشویستی بێباوەڕان ، و لەکار خستنی شەرعی خودا .

جا ئەوەی کەیارمەتی دەرە بۆ موسوڵمان لەم شتەدا بەگەورە دانانی خودایە ، وسوور بوونە لەسەر سەلامەتی دڵ ودەروون ونەخۆشیەکانی .

سیانزەیەم : شانازی کردن بەعەقیدە وعیبادەتەوە ، و شوێن کەوتنی سوننەت ودەس گرتن بەدینەوە ، بێگومان هەر کەسێک پەنا بباتە بەر خودا خوداش بەعیزەتی دەکات ، وەهەر کەسێک پەنا بباتە بەر مرۆڤەکان ئەوا عیزەتەکەی بەرە و لە ناوچوون دەچێت ، خوای گەورە فەرموویەتی : ﴿ أَيَبْتَغُونَ عِنْدَهُمُ الْعِزَّةَ فَإِنَّ الْعِزَّةَ لِلَّهِ جَمِيعًا ﴾ [النساء: 139].
واتە :  ئایا به‌دوای عیززه‌تدا ئه‌گه‌ڕێن له‌لای كافران وا ئه‌زانن عیززه‌ت و سه‌ركه‌وتن و زاڵ بوون و هێز لای كافرانه‌ ، به‌ دڵنیایى عیززه‌ت هه‌ر هه‌مووی بۆ خوای گه‌وره‌یه‌و به‌ده‌ست خوای گه‌وره‌یه‌ بیه‌وێ هه‌ر كه‌سێك به‌عیززه‌ت بكات به‌عیززه‌تی ده‌كات و عیززه‌ت لای كافران نیه‌.
 
چواردەیەم: سوور بوون لەسەر خوێندنی قورئان ، لایەنی کەم لەمانگێکدا جارێک خەتمی بکات ، وە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لەماناکانی ،وبەکار هێنانی وەک شیفا ، وبانگەوازی کردن بۆ لای وحوکم کردن پێی .

هەموو ئەم شتانە ئاسانە بۆ باوەڕدار و بۆ کەسێک کەخودا بۆی ئاسان کردبێت و بەپێچەوانەوە زۆر ئەستەم وقورسە لەسەر دوو ڕوو ومونافیقەکان .

پانزەیەم: ماڵ بەخشین لەپێناوی خودادا ، و دانی زەکات ، وفەرمان کردن بەچاکە وڕێگری کردن لەخراپە .

شانزەیەم: دوعا و پاڕانەوە ، بێگومان دوعا چەکی باوەڕدارە ودەیپارێزێت لەکەوتنە نێو نیفاق ودوو ڕووییەوە ، جوبەیری کوڕی نوفەیر دەڵێت : چووم بۆ لای ئەبوو دەردا لەماڵەکەی خۆیدا لەحیمس ، وبینیم نوێژی دەکرد ، وکاتێ دانیشت وتەحیاتی خوێند پەنای دەگرد بەخودا لەنیفاق ، وکاتێ لێ بووەوە پێم گوت : خوا لێت خۆش بێ ئەی ئەبو دەردا ، تۆ و نیفاق زۆر دوورن لەیەکەوە ؟
لەوڵامدا گوتی : (اللهم غفرًا - ثلاثا -، من يأمن البلاء؟! من يأمن البلاء؟! والله إن الرجل ليفتتن في ساعة فينقلب عن دينه) .
واتە : سێ جار گوتی خودایە لێم ببوورە ، کێ ئەمینە لەبەڵا ؟کێ ئەمینە لەبەڵا ؟ دەی سوێند بەخودا پیاوی وا هەیە لەیەک سەعاتدا توشی فیتنە دەبێت وهەڵدەگەڕێتەوە لەدینەکەی .
 
حەڤدەیەم : خۆ ڕازاندنەوە بەسیفەتی ڕاستگۆی لەهەموو کارێکدا :
چونکە ڕاستگۆی جیاکەرەوەی کەسی باوەڕدارە لەمونافیق .

ابن تيمية دەڵێت : "الصفة الفارقة بين المؤمن والمنافق هو الصدق، فإن أساس النفاق الذي بني عليه الكذب.
واتە : سیفەتی جیاکەرەوەی کەسی باوەڕدار لەکەسی مونافیق ڕاستگۆییە ، بنچینەی دوو ڕوویی کە لەسەری بونیاد نراوە درۆیە .

هەژدەیەم: دوور کەوتنەوە لەگوێ گرتن لە مۆسیقا ، چونکە دوو ڕوویی لەدڵدا دەڕوێنێت .

ابن مسعود رضي الله عنه دەڵێت : (الغناء ينبت النفاق في القلب، كما ينبت الماء البقل).
واتە : مۆسیقا دوو ڕوویی لەدڵدا دەڕوێنێت هەروەک چۆن ئاو گژ وگیا دەڕوێنێت .

لەکۆتایدا خۆ ڕاهێنان لەسەر ئام کارانە نیشانەی دووری وپارێزراویە لەدوو ڕووی ونیفاق .

خواى گەورە هەموو لایەکمان بپارێزێت لە نیفاق و دووڕووى .آمین

سەردان: ٢,٦٤٠ بەش: مونافق و دووڕووەکان