هێندێك مرۆڤ كاتێ چاویان بە شتى هەست بزوێن دەكەوێ ئاوێكى روونیان لە لەشی جاری دەبێ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
هێندێك مرۆڤ كاتێ چاویان بە شتى هەست بزوێن دەكەوێ ئاوێكى روونیان لە لەشی جاری دەبێ
پرسیار:

بەڕێزان سڵاوتان لێ بێ، بەڕێزان من لە شوێنێكدا دەژیم كە كۆمەڵێك ئینسانى نەخوێندەوارى وەك خۆم لێ یە. من چونكە دوو ڕكعات نوێژ دەكەم ئیتر ئەم خەڵكە وا ئەزانن من مەلاى دوازدە عیلمم. ئەم پرسیارەم هەبە بەڵام تۆزێك بێ شەرمی تێدایە بۆیە ڕووم نەهاتووە ڕاستەوخۆ ئاراستەى مامۆستایانى ئاینى بەڕێز بكەم. هێندێك مرۆڤ كاتێ چاویان بە شتى هەست بزوێن دەكەوێ ئاوێكى روونیان لە لەشی جاری دەبێ. ئایا ئەو كەسانە لەشیان پیس دەبێ؟ مەبەست ئەوەیە كە ئایا غوسڵیان لەسەر پێویستە ؟

 

بەناوى خواى بەخشەندەو میهرەبان
سەڵاوى خواى پەروەردگار لە تۆش:
بەڕێز: دەست خۆشیت لێ دەكەم كە مۆڵەتى ئەوەت بە خۆت نەداوە كە لە باسێكدا وەڵام بدەیتەوە كە ئاشنایى و زانینت لێ ى نەبێت، چونكە بەڕاستى لە بابەتە شەرعیەكاندا نابێت مرۆڤ لە خۆیەوە قسەیان تێدا بكات، وە دەستخۆشى ئەوەشت لێ دەكەم كە پەرۆشى زانینى وەڵامى ئەو پرسیارانەى بۆ خاوەنەكانیان، خواى پەروەردگار پاداشتى هەوڵ و كۆششەكانت بە خێر بداتەوە، ئەوەشت پێ ڕادەگەیەنم كە نابێت شەرمكردن ڕێگر بێت لە ڕێی فیر بوونى ئایین و بیروباوەڕدا.
ئەو شڵەیە لە شەرعدا پێ ى دەووترێت (المذي)، كە ئاوێكى سپى لینجى ڕوونە، لە كاتى بیركردنەوە، یان بینینى شتە هەست بزوێنەكان دەردەچێت، لە ئافرەت و پیاوانیشدا وەكو یەكە، حوكمەكەشى ئەوەیە كە لەش گران ناكات و پێویستى بە غوسل نابێت، تەنها ئەگەر موسڵمان دەستنوێژى هەبوو دەستنوێژەكەى بەتاڵ دەكاتەوە، و پێویستى بە تاراتگرتنێك دەبێت، و ئەگەر بەر جلەكەشى كەوتبوو ئەوا ئاو پرژێنێكى شوێنەكەى دەكات، و هیچى تر، خواش زانا ترە.
لە كۆتایدا تیبینى یەك دەخەمە ڕوو سەبارەت بە بەكارهێنانى ووشەى (لەش پیسى) كە لە پرسيارەكەدا هاتووە، و دەڵێم: بە كارهێنانى ئەم ووشەیە دروست نى یە، بەڵكو دەبێت بووترێت: غوسڵى لەش گرانى، یان غوسڵى جەنابە،... هتد.
چونكە پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: سبحان الله... إن المسلم لا ينجس (البخاري: 1 / 333، ومسلم: 1 / 282).
واتە: موسڵمان پیس نابێت، و پاكە، والله أعلم.
لەلایەن مامۆستا (عدنان بارام) ەوە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٤,٥٢٦ بەش: شتە پیسەکان و پاککردنەوەیان