کەسێک نەخۆش بێ چۆن خۆى پاک بکاتەوە و نوێژەکانى بکات؟ لە ئیسلامدا چ کارئاسانیەک کراوە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشن؟
زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله - لە کتێبی ( فتاوى أرکان الإسلام) سەبارەت بە چۆنێتى خۆپاک کردنەوەى کەسی نەخۆش و نوێژ کردنى دەفەرموێ :
الحمد لله نحمده ونستعينه ونستغفره ونتوب إليه ونعوذ بالله من شرور أنفسنا ومن سيئات أعمالنا، من يهده الله فلا مضل له، ومن يضلل فلا هادي له، وأشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له، وأشهد أن محمداً عبده ورسوله، صلى الله عليه وعلى آله وأصحابه والتابعين لهم بإحسان وسلم تسليماً كثيراً .
أما بعد:
ئەمە پەیامێكى كورتە سەبارەت بەوەى پێویست و واجبە لەسەر نەخۆش بۆ خۆپاككردنەوەو نوێژكردنیان، چونكە كەسی نەخۆش چەند حوكمێكى تایبەت بەخۆى هەیە كە پەیوەستە بە حاڵەتەكەیەوە كە شەریعەتى ئیسلامى وا دەخوازێت ڕەچاوى حاڵى بكرێت و لەبەر ئەوەى خواى گەورە پێغەمبەرەكەى ﷺ ناردووە بە دینێكى لێبوردە وچاوپۆشیكار كە لەسەر سووكى وئاسانى بونیاد نراوە، وەكو دەفەرموێت: ( وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ) (الحج: من الآية78) واتە: خواى گەورە و بەخششى خۆى پێكەرەم كردوون بەوەى شەریعەتەكەى نەرم ولێبوردە كردوون ، كە هیچ تەنگوچەڵەمە و بارگرانى و ناڕەحەتى لە داواكارى و ئەحكامەكانى تێیدا لەسەر شانتان دانەناوە ، هەروەكو چۆن لەسەر ئوممەتانى پێش ئێوە هەبوو.
وە هەروەها دەفەرموێ : ( يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ) (البقرة: من الآية185) واتە: خواى بەرز و بڵند و پایەبەرز ئاسانكارى بۆ دەوێن لەشەریعەتەكانیدا ، و مەشەقەت و ناڕەحەتى بۆ ناوێن.
وە هەروەها دەفەرموێ : (فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ وَاسْمَعُوا وَأَطِيعُوا ) (التغابن: من الآية16) واتە: دەسا ـ ئەى باوەڕداران ـ هەموو هەوڵ و كۆششێكى خۆتان لە تەقواى خوادا بخەنەگەڕ ، و بە گوێڕاگرتنى بیركردنەوە و تێڕامان گوآ بۆ پەیامبەر ڕابگرن ، وە گوێڕایەڵى فەرمانەكانى بكەن و خۆتان لە یاساغى لێكراوەكانى بپارێزن.
وە پێغەمبەرى خوا ﷺ دەفەرموێت: ((إنَّ الدين يُسْرٌ))(1) واتە: بەڕاستى ئەم دینە ئاسانە.
وەهەروەها پێغەمبەرى خوا ﷺ دەفەرموێت: "إذا أمرتكم بأمر فأتوا منه ما استطعتم"(2) واتە: ئەگەر فەرمانێكم پێتان كرد ئەوەندەى دەتوانن جێ بەجێی بكەن.
جا بونیاد لەسەر ئەم ڕێسا بنەڕەتیە خواى گەورە عیبادەتى سووك و ئاسان كردووە لەسەر ئەو كەسانەى كە عوزر و بیانویان هەیە بەگوێرەى عوزرەكانیان، ئەوەش بۆ ئەوەى بتوانن خواپەرستى بكەن بەبێ ئەزیەت و بەبێ ئەوەى تووشى ناڕەحەتى زۆر ببن.
((نەخۆش چۆن پاك دەبێـتـەوە))؟
1- واجبە لەسەر نەخۆش كە خۆى بە ئاو پاك بكاتەوە و دەستنوێژ بگرێت كە ویستى نوێژ بكات و بۆ لەشگرانیش خۆى بشوات واتە غوسڵ دەربكات.
2- جا ئەگەر نەیتوانى ئاو بەكاربهێنێت یان ترسا لەوەى نەخۆشیەكەى زیاد بكات یان چاكبونەوەى نەخۆشیەكەى دواخست ئەوا تەیەموم دەكات.
3- چۆنێتى تەیەموم: بەهەردوو ناولەپی یەك جار دەكێشێت بەزەویەكى پاكدا و دەیهێنێت بە هەموو دەموچاویدا و پاشان دەستەكانى دەهێنێت بەیەكتردا.
4- جا ئەگەر خۆى نەیتوانى دەستنوێژ بگرێت ئەوا كەسێكى تر دەستنوێژ یان تەیەمومى بۆ دەكات، ئەوەش بەم شێوازە: كەسەكە هەردوو دەستى دەكێشێت بەزەویەكى پاكدا و دەیهێنێت بەدەموچاو و دەستەكانى نەخۆشەكەدا، هەروەكو چۆن ئەگەر نەیتوانى خۆى دەستنوێژ بگرێت یەكێكى تر دەستنوێژى بۆ دەگرێت.
5- ئەگەر هەندێك لە ئەندامەكان برین و زامى پێوەبوو ئەوا بە ئاو دەیشۆرێت، وە ئەگەریش شۆردن بە ئاو بۆ برینەكە خراپ بوو ئەوا هەر مەسحى دەكات واتە دەستى تەڕى بەسەردا دەهێنێت، وە ئەگەریش مەسحەكەیش زیانى هەبوو بۆ برینەكە ئەوا تەیەموم دەكات.
6- ئەگەر ئەندامێكى شكاوى هەبوو وە پێچرابوویەوە بە شتێك یان لەگەچ نرابوو، ئەوا مەسحى لەسەر دەكات لەبرى شۆردن و پێویست بە تەیەموم ناكات، چونكە مەسح لەبرى شۆردنە.
7- دروستە تەیەموم لەسەر دیواریش بكرێت یان لەسەر هەرشتێكى ترى پاك كە تۆز و خۆڵى هەبێت، وە ئەگەر دیوارەكە پۆشرابوو بەشتێكى تر كە لە ڕەگەزى زەوى نەبوو وەكو ئەوەى بۆیە كرابێت ئەوا تەیەمومى لەسەر ناكات ئیلا تۆز و خۆڵى پێوە بێت.
8- ئەگەر نەتوانرا تەیەموم لەسەر زەوى یان دیوار یان هەرشتێكى تر بكرێ كە خۆڵى لەسەر بێت، ئەوا ئاساییە كە كەمێك خۆڵ لە قاپێك یان ناو پەڕۆیەك دابنرێت و تەیەمومى پێ بكات.
9- ئەگەر تەیەمومى كرد بۆ نوێژێك و دەستنوێژى نەشكا هەتا كاتى هاتنى نوێژەكەى دواى ئەوە ئەوا بۆى هەیە هەربەو تەیەمومە نوێژى دووەمیش بكات و پێویست ناكات تەیەمومێكى تر بكات بۆ نوێژى دووەم چونكە ئەو لەسەر دەستنوێژە و بەتاڵ نەبۆتەوە مادام دەستنوێژى نەشكاوە.
10- واجبە نەخۆش جەستەى پاك بكاتەوە لە پیسی، و ئەگەریش نەیتوانى ئەوا هەربەو حاڵەوە نوێژ دەكات و نوێژەكەشی دروست و تەواوە و قەزاكردنەوەشی لەسەر نییە.
11- واجبە نەخۆش بە جلوبەرگێكى پاكەوە نوێژ بكات، و ئەگەر جلوبەرگەكە پیس بوو ئەوا دەبێت بشۆررێت یان بگۆڕێت بە جلوبەرگى پاك، ئەگەریش ئەوانە نەكرا و نەتوانرا ئەوا هەربەو حاڵەى خۆیەوە نوێژەكەى دەكات و نوێژەكەشى دروست و تەواوە و قەزاكردنەوەشی لەسەر نییە.
12- دەبێت نەخۆش لەسەر شتێكى پاك نوێژەكەى بكات، و ئەگەر شوێنەكە پیس بوو ئەوا دەبێت بشۆررێت یان بگۆڕرێت بەشتێكى پاك، یان شتێكى پاكى لەسەر ڕابخرێت، ئەگەر هەموو ئەوانە نەكرا و نەتوانرا ئەوا هەربەو حاڵەى خۆیەوە نوێژەكەى دەكات و نوێژەكەشى دروست و تەواوە و قەزاكردنەوەشی لەسەر نییە.
13- دروست نییە بۆ نەخۆش كە نوێژەكەى دوابخات هەتا كاتى نامێنێت بەبیانوى ئەوەى ناتوانێت خۆى پاك بكاتەوە و دەستنوێژ بگرێت، بەڵكو بەگوێرەى توانا خۆى پاك دەكاتەوەو دەستنوێژ دەگرێت وپاشان لەكاتى خۆیدا نوێژەكەى دەكات با لەسەر جلوبەرگەكەى یان لاشەى یان شوێنەكەى پیسیەك هەبێت و نەتوانێت لای بدات.
نەخۆش چۆن نــوێــژ دەكات؟
یەكەم: پێویستە و دەبێت نەخۆش نوێژە فەرزەكان بە پێوە واتە بەوەستانەوە بكات ئەگەر بەچەمانەوە یان خۆدانە پاڵ دیوار یان خۆدانەسەر دار وگۆچانێكدا بێت.
دووەم: ئەگەر نەیتوانى بەپێوە و بەوەستانەوە ئەوا بەدانیشتنەوە دەیكات و باشتر وایە بەچوار مشقیەوە بیكات لەكاتى وەستان وركوعدا.
سێ یەم: ئەگەریش نەیتوانى بەدانیشتنەوە بیكات ئەوا بەڕاكشانەوە بەرەو قیبلە دەیكات و بەلاى ڕاستدا باشترە، وە ئەگەریش نەتوانرا ڕوو لە قیبلە بكرێت ئەوا لەهەركوێ رووبكات دەبێت ونوێژەكەى صەحیحە و دووبارەكردنەوەشى لەسەرنییە.
چوارەم: ئەگەریش نەیتوانى بەڕاكشانەوە نوێژ بكات ئەوا لەسەر پشت دەیكات و قاچەكانى بەرەو قیبلە درێژ دەكاتەوە، و ئەگەریش بۆى نەكرا ونەیتوانى قاچەكانى ڕوو لە قیبلە بكات ئەوا ڕوو لەهەركوێ بكات دەبێت و نوێژەكەى تەواوە و دووبارەكردنەوەى لەسەر نییە.
پێنجەم: دەبێت نەخۆش ركوع وسوجدە ببات لەنوێژەكەیدا، ئەگەر نەیتوانى ئەوا بەسەر ئاماژە بۆ ركوع وسوجدە دەكات و سوجدەكە نزمتر دەبێت لە ركوعەكەى، و ئەگەر ركوعى توانى ئەوا ركوع دەبات و بەسەر ئاماژە بۆ سوجدە دەكات و ئەگەریش سوجدەى توانى و ركوعى نەتوانى ئەوا سوجدە دەبات و بەسەر ئاماژە بۆ ركوع دەكات.
شەشەم: ئەگەر نەیتوانى بەسەر ئاماژە بۆ ركوع و سوجدە بكات ئەوا هەر بەچاوى ئاماژەى بۆ دەكات، و كەمێك دەینوقێنێت بۆ ركوع و زیاتر دەینوقێنێت بۆ سوجدە. بەڵام ئاماژەكردن بە پەنجە وەكو هەندێك نەخۆش دەیكەن ئەوا صەحیح نییە و هیچ بنچینەیەكى لە قورئان وسوننەت و وتەى زانایاندا نییە.
حەوتەم: ئەگەر نەیتوانى ئاماژە بەسەر وبەچاویش بكات ئەوا بە دڵ نوێژ دەكات واتە بەدڵ الله أكبر دەكات و قورئان دەخوێنێت و نیەتى ركوع وسوجدە و وەستان ودانیشتنى دەبێت (( ولكل امرئ ما نوى)).
هەشتەم: دەبێت نەخۆش هەموو نوێژەكانى لەكاتى خۆیدا بكات و ئەوەى واجبە و دەتوانێت بیكات ئەوا ئەنجامى دەدات، و ئەگەر ناڕەحەت و قورس بوو لەسەرى كە لەكاتى خۆیدا بیانكات ئەوا بۆى هەیە نوێژەكان كۆبكاتەوە لەگەڵ یەكتردا وەكو نیوەڕۆ و عەصر پێكەوە و مەغریب وعیشاش پێكەوە، ئیتر یان پێشخستن وكۆكردنەوە واتە عەصر بهێنێت بۆلاى نیوەڕۆ و عیشا بهێنێت بۆ لاى مەغریب، وە یان دواخستن و كۆكردنەوە واتە نیوەڕۆ ببات بۆلاى عەصر و مەغریبیش ببات بۆلاى عیشا بەو شێوەیەى كەبۆى ئاسان وگونجاوە. بەڵام نوێژى بەیانى هیچ نوێژێكى پێش وپاشی لەگەڵدا كۆناكرێتەوە وبەتەنها دەكرێت.
نۆیەم: ئەگەر نەخۆش رێبوار بوو وەكو ئەوەى بۆ چارەسەر لە دەرەوەى شارو وڵاتى خۆى بێت ئەوا نوێژە چواریەكان كورت دەكاتەوە بۆ دوو ركات واتە نیوەڕۆ وعەصر وعیشا بە دوو ركات دەیانكات هەتا دەگەڕێتەوە بۆ شوێنەكەى خۆى ئیتر زۆر بخایەنێت یان كەم. والله الموفق.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –
(1) أخرجه البخاري، كتاب الإيمان، باب الدين يسر (39) .
(2) أخرجه البخاري، كتاب الاعتصام، باب الاقتداء بسنن رسول الله ﷺ (7288)، ومسلم، كتاب الفضائل، باب توقيره ﷺ وترك إكثار سؤاله عما لا ضرورة إليه (1337) .
