چەند ئەحکامێک تایبەت بە مانەوە لە مزگەوت (الإعتکاف): ماڵپەڕی وەڵامەکان
چەند ئەحکامێک تایبەت بە مانەوە لە مزگەوت (الإعتکاف)
پرسیار:

ئیعکتاف چییە؟ حوکمی چییە؟ کەمترین ماوە چەندە بۆ ئیعتکاف؟

1- مانای ( الاعتكاف ) چی یە ؟
 ابن باز دەڵێت :
خۆ یەکلا کردنەوە وخەڵوەت کردن لەگەڵ خودادا ، ئا ئەمە خەڵوەتێکی شەرعیە  . 
وە هەندێکی تر لەزانایان لەپێناسەی ( الاعتكاف )دا دەڵێن : 
بڕینی پەیوەندیە لەهەموو دروستکراوەکان بەپەیوەندی کرد بەخالقەوە  . مجموع الفتاوى (15/ 438)
ابن عثيمين دەڵێت :
(الاعتكاف) پەیوەست بوونی مرۆڤە بەمزگەوتەوە وەک تاعەت وعیبادەت کردن بۆ خودا ، ولەخەڵک دوور دەکەوێتەوە ، وخۆی سەرقاڵ دەکات بەگوێڕایەڵی خوداوە ، وخۆی یەکلایی دەکاتەوە بۆ ئەو کارە . مجموع الفتاوى (20/ 155).

2- حوكمی (الاعتكاف) چی یە  ؟
 ابن باز دەڵێت : 
(الاعتكاف) سوننەتە بۆ پیاوان وئافرەتان . مجموع الفتاوى (15/ 442)
وە ابن عثيمين دەڵێت :
سوننەتە بۆگەڕان بەدوای شەوی قەدردا .
مجموع الفتاوى (20/ 156)
ابن عثيمين دەڵێت :
(الاعتكاف) لەڕەمەزاندا سوننەتە وپێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لەژیانیدا ئەنجامی داوە ، وخێزانەکانیشی لەدوای خۆی کردوویانە ، وکۆمەڵێک لەزانایان کۆدەنگیان لەبارەی سوننەتیەوە گێڕاوەتەوە .
مجموع الفتاوى (20/ 158)

3- ئایا ( الاعتكاف ) کردن لەجگە لەڕەمەزاندا دروستە  ؟
 ابن باز دەڵێت :
 لەڕەمەزان وغەیری ڕەمەزانیشدا دروستە بەڵام لەگەڵ ڕۆژوودا باشترە .
 مجموع الفتاوى (15/ 438)
ابن عثيمين دەڵێت : 
خۆی لەڕەمەزاندا دەکرێت بەڵام گەر لەغەیری ڕەمەزانیشدا ئەنجام بدرێت دروسته . 
مجموع الفتاوى (20/ 159-160)

4- ئایا مەرجە بۆ دروستێتی ( الاعتكاف ) کەسەکە بەڕۆژوو بێت  ؟
 ابن باز دەڵێت :
لەسەر بۆ چوونی ڕاست مەرج نی یە بەڕۆژوو بیت لەگەڵی .
مجموع الفتاوى (15/ 441)

5- ئایا جگە لە دەڕۆژی کۆتای ڕەمەزان دروستە ( الاعتكاف ) بکرێت ؟
ج: بەڵێ دروسته لەهەرکاتێکدا بێت ، بەڵام باشترینیان ئەوەیە کە لەکۆتای ڕەمەزانەوە ئەنجام دەدرێت  .
 اللجنة الدائمة (10/ 410)

6- ئایا ئافرەت هاو شێوەی پیاوە لە (الاعتكاف) کردندا ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
بەهەمان شێوەی پیاوان ئافرەتانیش دەتوانن ودروسته (الاعتكاف) بکەن بەڵام بەمەرجێک مەفسەدە وفیتنەی تێدا نەبێت خۆ ئەگەر مەفسەدە وفیتنەی تێدا بوو نابێ ئافرەت ئیعتکاف بکات ، وەهەروەها گەر بووە هۆی ئەوەی منداڵەکەی لەماڵەوە دانێت ومافی مێردەکەی نەدات ئەوا بۆی نی یە ئیعتکاف بکات . نور على الدرب

جێگای ( الاعتكاف ) کردن
7- لەچ جێگایەکدا ( الاعتكاف ) دەکرێت ؟
 ابن باز دەڵێت :
جێگای ( الاعتكاف ) کردن ئەو مزگەوتانەیە کەنوێژی جەماعەتی تێدا دەکرێت ، خۆ ئەگەر ئیعتکافەکەی بەر ڕۆژی هەینی دەکەوت گەر گونجا باش وایە لەمزگەوتێکدا ئیعتکاف بکات کەنوێژی هەینی تێدا ئەنجام دەدرێت. مجموع الفتاوى (15/ 442)
ابن عثيمين دەڵێت :
لەهەموو مزگەوتێکدا ، جا مزگەوتێک بێت کەنوێژی هەینی تێدا ئەنجام دەدرێت یاخود نا ، بەڵام باشتر وایە لەمزگەوتێکدا ئیعتکاف بکات کەنوێژی هەینی تێدا دەکرێت. مجموع الفتاوى (20/ 155)

8- ئایا دروسته ئیعتکاف کردن لە کەعبەی پیرۆز ( المسجد الحرام) بەنیسبەت پیاوان وئافرەتانیشەوە ؟
 ابن باز دەڵێت :
هیچ ڕێگریەک نی یە لەئیعتکاف کردن لە کەعبەی پیرۆز ومزگەوتی پێغەمبەردا جا پیاو بیکات یاخود ئافرەت ، بەمەرجێک زیان بەکەسانی تر نەگەیەنێت و نەبنە هۆکاری ئەزیەت بۆ کەسانی تر  . 
مجموع الفتاوى (15/ 440)

9- ئایا دروسته ئیعتکاف کردن لەجگە لەسێ مزگەوتەکە (کەعبە وقودس ومزگەوتی پێغەمبەر ) ؟
 ابن باز دەڵێت :
أ- دروسته ئیعتکاف کردن لەجگە لەسێ مزگەوتەکە مەگەر کەسێک نەزری کردبێت ئەوکات پێویستە لەسەری لەو سێ مزگەوتەدا ئیعتکاف بکات  و نەزرەکەی بەجێ بێنێت .
ب- بەڵام مەرجە ئەو مزگەوتەی کەئیعتکافی تێدا دەکات نوێژی جەماعەی تێدا بکرێت گەرنا دروست نی یە  .
مجموع الفتاوى (15/ 444)
ابن عثيمين دەڵێت :
دروسته ئیعتکاف کردن لەجگە لەسێ مزگەوتەکە ، جا گەر ئەو فەرموودەیە صەحیح بێت کەدەڵێت: «لا اعتكاف إلا في المساجد الثلاثة» ئەوا مەبەست لێی ئیعتکافی کامڵ وتەواوە نەک خودی ئیعتکاف  .

10- ئافرەت گەر ویستی ئیعتکاف بکات لەکوێ بیکات  ؟
ئافرەت گەر ویستی ئیعتکاف بکات ئەوا لەمزگەوتدا ئیعتکاف دەکات گەر هیچ ڕێگریەکی شەرعی نەبوو ، بەڵام گەر ڕێگریەکی شەرعی هەبوو ئەوا ئیعتکاف ناکات .
مجموع الفتاوى (20/ 163)

11- ئایا ژووری پاسەوان وژووری لیژنەی زەکات دەکرێت ئیعتکافی تێدا بکرێت وگونجاوە؟
أ- ئەو ژوورەی کەلەنێو مزگەوتدایە ودەرگاکانی لەنێو مزگەوتدان هەمان حوکمی مزگەوتیان هەیە .
ب- بەڵام گەر لەدەرەوەی مزگەوت بن ئەوا بەشێک نین لەمزگەوت ، با دەرگاکانیشی لەنێو مزگەوتدا بێت  .
اللجنة الدائمة (10/ 412)

ڕوکن ومەرجەکانی ئیعتکاف کردن :
12- ڕوکن ومەرجەکانی ئیعتکاف کردن چی یە ، وئایا بەبێ ڕۆژوو دروسته ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
أ- ڕوکنی ئیعتکاف پابەند بوونە بەمزگەوتەوە بۆ عیبادەت کردنی خودا ونزیک بوونەوە لێی وخۆ یەکلایی کردنەوە بۆی .
ب- وە بەنیسبەت مەرجەکانیەوە هەمان مەرجی عیبادەتەکانی ترە ، لەوانە : موسوڵمان بوون ، وعاقڵی ، و دروسته کەسی منداڵیش ئەنجامی بدات ودروسته بۆپیاوان وئافرەتانیش .
ت- وە دروسته کەسێک ئیعتکاف بکات کە بەڕۆژوو نی یە ، ولەهەموو مزگەوتێکیشدا دروسته .
مجموع الفتاوى (20/ 162)

کاتی ئیعتکاف کردن :
13- ئایا ئیعتکاف کردن کاتێکی دیاری کراوی هەیە بۆ داخڵ بوون ودەرچوون لێی  ؟
 ابن باز دەڵێت :
أ- لەسەر بۆ چوونی ڕاستی زانایان کاتێکی دیاری کراوی نی یە .
ب-سوننەتە ماوەیەک بمێنێتەوە بەنیەتی ئیعتکاف کردن دوای ئەوەی کەداخل بووە .
ت- وە بۆی هەیە کۆتایی پێ بێنێت کاتێ کەپێویستی پێی هەبوو ؛ چونکە ئیعتکاف سوننەتە و واجب نییە مەگەر کەسێک نەزری کردبێت لەسەر خۆی .
ث- وە سوننەتە ئیعتکاف کردن لەدەڕۆژی کۆتایی ڕەمەزاندا وسوننەتە لەبەیانی ڕۆژی بیست ویەکی مانگەوە داخل ببێت وەک چاو کردن لەپێغەمبەر ودەردەچێت کاتێ کە دەڕۆژەکە کۆتایی پێ دێت .
 مجموع الفتاوى (15/ 442)

14- ئیعتکاف لەچ کاتێکەوە دەست پێ دەکات ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
أ- جمهوری زانایان لەسەر ئەوەن کەئیعتکافی لەشەوی بیست ویەکی ڕەمەزانەوە دەست پێ دەکات نەک بەیانیەکەی .
ب- هەرچەند هەندێ لەزانایان پێیان وایە کەئیعتکافی لەسەر لەبەیانی ڕۆژی بیست ویەکی ڕەمەزانەوە دەست پێ دەکات . مجموع الفتاوى (20/ 169)

15- چ کاتێک کەسی ئیعتکاف کار کۆتایی بەئیعتکافەکەی دێنێت ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
کەسی ئیعتکاف کار کۆتایی بەئیعتکافەکەی دێنێت کاتێ کەڕەمەزان کۆتایی هات وڕەمەزانیش کۆتایی دێت بەئاوا بوونی خۆری کۆتا ڕۆژی ڕەمەزان وهاتنی شەوی جەژن . مجموع الفتاوى (20/ 170)

16- گەر کەسێک نیەتی ئیعتکافی هێنابێت لەدەڕۆژی کۆتای ڕەمەزاندا وبیەوێت لەشەوی کۆتاییدا دەرچێت ئایا هیچ شتێکی لەسەرە ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
گەر نەزر نەبێت وکۆتای بەئیعتکافەکەی بێنێت جا لەکۆتا ڕۆژدا بێت یاخود پێشتر ئەوا هیچ تاوانێکی لەسەر نی یە ، بەڵام گەر کەسێک پێی خۆش بوو بەتەواوی بیکات وسوننەتەکەی پێغەمبەری صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەست کەوێت ئەوا کۆتای بەئیعتکافەکەی ناهێنێت تاوەکو کۆتای هاتنی مانگی ڕەمەزان وهاتنی مانگی شەوال .
 مجموع الفتاوى (20/184)

ئادابی ئیعتکاف کردن :
17- چ شتێک پێویسته لەسەر کەسێک کەئیعتکافی کردووە لەجێگەی ئیعتکافەکەیدا ؟

 ابن باز دەڵێت :
ج : پێویسته لەسەر کەسێک کەئیعتکافی کردووە پابەند بێت بەجێگای ئیعتکافەکەیەوە وخۆی سەرقاڵ کات بەیادی خوداو وعیبادەتەوە ، ونابێ دەرچێت مەگەر بۆ پێویستیەک نەبێت وەک میز وپیسی یاخود خواردن خواردن ودروسته نییه بۆ ئافرەت مێردی لەگەڵی جووت ببێت لەکاتێکدا کەئیعتکافی کردووە  ، وەهەروەها پیاویش بۆی نی یە بچێته لای خێزانی لەکاتی ئیعتکاف کردندا وباشتر وایە قسە لەگەڵ خەڵکدا نەکات بەڵام گەر کەسێک سەردانی کرد و قسەیان بەیەکەوە کرد ئەوا دروسته وهیچی تێدا نی یە . 
مجموع الفتاوى (15/ 440)

18- ئەو شتانەی کەسوننەتن لەکاتی ئیعتکافدا ئەنجام بدرێن ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
خۆی سەرقاڵ کات بەگوێڕایەڵی خودا وخوێندنی قورئان وزیکر کردن لەدوای نوێژە فەرزەکان وکاتەکانی لەشتی بێ هودەدا بەفیڕۆ نەدات. مجموع الفتاوى (20/ 175)

دەرچوونی کەسی ئیعتکاف کار :
19- حوکمی دەرچوونی کەسی ئیعتکاف کار چی یە ؟
 ابن عثيمين دەڵێت: 
بەنیسبەت دەرچوونیەوە لەمزگەوت زانایان کردوویانە بەسێ بەشەوە :
أ-  دەرچوونی جائیز ، کەئەمەش دەرچوونە بۆ کارێکی مەشروع وەک دەرچوون بۆ نوێژی هەینی ویاخود دەرچوون بۆ پێویستیەک وەک میز وپیسی کردن وخواردن  .
ب- دەرچوون بۆ عیبادەتێک کەواجب نی یە لەسەری وەک سەردانی کردنی نەخۆش ودوای جەنازە کەوتن ، جا گەر لەسەرەتای ئیعتکافەکەیدا ئەمەی بەمەرج دانابێت ئەوا دروسته گەرنا دروست نی یە .
ج- دەرچوون بۆ شتێک کەپێچەوانەی مەبەستی ئیعتکافە وەک دەرچوون بۆ کڕین وفرۆشتن ، وجووت بوون لەگەڵ خێزاندا هەموو ئەمانە دروست نین جا پێشتر ئەمەی بەمەرج دانبێت یاخود نا . مجموع الفتاوى (20/ 157)

20- ئایا دروستە بۆ کەسێک کەئیعتکافی کردبێت بچێت بۆ ماڵی خۆی بۆ خواردنی نان وخۆ شوشتن؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
أ- دروستە بۆ کەسێک کەئیعتکافی کردبێت بچێت بۆ ماڵی خۆی بۆ خواردنی نان گەر کەسی لەلا نەبێت خواردنی بۆ ئامادە بکات ، بەڵام گەر کەسێک هەبوو لەمزگەوتدا خواردنی بۆ ئامادە بکات نابێت دەرچێت لەمزگەوت ؛چونکە کەسێک ئیعتکافی کردبێت نابێت لەمزگەوت دەرچێت مەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت .
ب-  بەڵام بەنیسبەت خۆ شوشتنەوە گەر خۆ شوشتنی لەش گرانی بوو واجبە لەسەری دەرچێت ، بەڵام گەر بۆ خۆفێنک کردنەوە بوو ئەوا نابێ دەرچێت ، خۆ ئەگەر بۆ لابردنی پیسیەک بوو وەقورس بوو لەسەری ئەوا دەتوانێت دەرچێت . مجموع الفتاوى (20/ 178)

21- ئایا دروسته گەر کەسێک ئیعتکافی کردبێت تەلەفۆن بکات بۆ جێ بەجێ کردنی پێویستی موسوڵمانان ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
أ- بەڵێ دروسته گەر کەسێک ئیعتکافی کردبێت تەلەفۆن بکات بۆ جێ بەجێ کردنی پێویستی موسوڵمانان گەر تەلەفۆنەکە لەمزگەوتدا بوو چونکە لەمزگەوت دەرناچێت .
ب- بەڵام گەر تەلەفۆنەکە لەدەرەوەی مزگەوت بوو ئەوا نابێ دەرچێت ، و گەر تایبەت کرابێ بەجێ بەجێ کردنی کار وباری موسوڵمانان ئەوا نابێ ئیعتکاف بکات ؛ چونکە جێ بەجێ کردنی پێویستی موسوڵمانان گرنگترە لەئیعتکاف. مجموع الفتاوى (20/180)

22- ئایا دروسته گەر کەسێک ئیعتکافی کردبێت سەردانی نەخۆش بکات یاخود بچێت بۆ دەعوەت ؟
سوننەت وایە  کەسێک ئیعتکافی کردبێت سەردانی نەخۆش نەکات ، و نەچێت بۆ دەعوەت وپێویستی ماڵ جێ بەجێ نەکات ، ودوای جەنازە نەکەوێت ، ونەچێت بۆ کارێک کە لە دەرەوەی مزگەوت بێت .
اللجنة الدائمة (10/ 410)

23- حوکمی دەرچوونی کەسی ئیعتکاف کار چی یە کەدەچێت لەشوێنی ئیعتکافەکەی بۆ عومرە کردن ؟
 ابن باز دەڵێت :
أ- گەر ئیعتکافەکەی نەزر بێت وتایبەت بێت بەکاتێکەوە پێویسته لەسەری تەواوی بکات ؛ چونکە پابەند بوون بەنەزری تاعەتەوە کارێکی پێویستە .
ب- بەڵام گەر ئیعتکافەکە سوننەت بوو ئەوا گەر ویستی لێ بێت واز لەئیعتکافەکە دێنێت ودەچێت بۆ عومرە .
مجموع الفتاوى (15/ 446)

24- ئایا دروسته گەر کەسێک ئیعتکافی کردبێت لەحەڕەمی مەکەدا بچێتە سەربانی مزگەوت بەمەستی گوێ گرتن لەوانەکان ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
سەرکەوتن بۆ سەربانی مزگەوت زیانی نی یە ، چونکە سەرکەوتن تەنها چەند هەنگاوێکە لەخوارەوە بۆ سەرەوە ومەبەست لێی گەڕانەوەیە بۆ بۆ مزگەوت وهیچی تێدا نی یە. مجموع الفتاوى (20/181)

25- ئایا گەر کەسێک چەند واجبێکی لەسەر بێت ئایا باشتر وایە ئیعتکاف بکات یاخود واجباتەکان جێ بەجێ بکات  ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
أ-  گەر کەسێک چەند واجبێکی لەسەر بێت وهی ماڵ ومنداڵ بێت ئەوا واجبە لەسەری بەجێیان بێنێت وتاوان بار دەبێت گەر ئیعتکاف بکات .
ب- خۆ گەر ئەو ئیلتزامانە واجب نەبن ئەوا جێ بەجێ کردنی ئەو ئیلتزامانە ڕەنگە لەپێشتر وچاک تر بێت لەئیعتکاف .
ت- بەڵام کەسێک گەر دەستی بەتاڵ بێت ئەوا دەتوانێت ئیعتکاف بکات ، خۆ ئەگەر چەند ئیلتزاماتێکی لەکۆتای مانگ دا لەسەر بێت بەڵام لەو نێوەندەدا کۆتای پێ دێنێت لەم حاڵەتەدا گەر ئیعتکاف بکات دروسته وئاساییە  .
مجموع الفتاوى (20/ 178)

26- ئایا دروسته بۆ کەسێک کەئیعتکافی کردبێت لەمزگەوتدا لەجێگەیەکەوە بچێت بۆ جێگەیەکی تری مزگەوت ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
بەڵێ دروسته بۆ کەسێک کەئیعتکافی کردبێت لەمزگەوتدا لەجێگەیەکەوە بچێت بۆ جێگەیەکی تری مزگەوت .
مجموع الفتاوى (20/ 177)

27- ئایا دروسته بۆ کەسێک کەئیعتکافی کردبێت لەمزگەوتی کەعبەدا تەواف بکات بەدەوری کەعبەدا ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
گەر لەکەعبەدا بێت دەتوانێت تەواف بکات ، چونکە ئیعتکاف کردن مانای ئەوە نی یە هەر لەو جێگەیەدا بمێنێتەوە ونەجوڵێت بەڵکو دەبێت لەمزگەوتدا بمێنێتەوە . مجموع الفتاوى (20/180)

28- حوکمی ئەوە چی یە گەر باوک ڕێگە بەمنداڵەکەی نەدات لەبەر چەند هۆکارێکی سادە ڕێگە بەمنداڵەکەی نەدات ئیعتکاف بکات ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
أ- ئیعتکاف سوننەتە ، وچاک بوون لەگەڵ دایک وباوک واجبە جا نابێ واز لەواجب بهێندرێت لەبەر سوننەت .
ب- ئامۆژگاریت دەکەین ئیعتکاف نەکەیت ، بەڵام گەر باوکت عوزرێکی باس نەکرد بۆ ڕێگری کردن لێت ئەوا واجب نی یە لەسەرت بەگوێی بکەیت لەشتێکدا کەسودی نەبێت بۆی ، ولەنێو چوونی مەسڵەحەتێکی تێدا بێت بەنیسبەت تۆوە . مجموع الفتاوى (20/ 159)

29- حوکمی مانەوە لەمزگەوتدا بەگشتی چی یە وبەتایبەت بۆ ئیعتکاف کردن ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
أ- مانەوە لەمزگەوتدا پێویسته لەئیعتکافدا بوونی هەبێت .
ب- بەڵام کەسێک ئیعتکاف نەکردبێت ئەوا دروسته هەندێ جار ئینسان لەمزگەوتدا بمێنێتەوە وتیایدا بنوێت ، بەڵام گەر بیکاتە عادەت وجێگای نوستن ئەوا مزگەوت بۆ ئەوە دروست نەکراوە .
مجموع الفتاوى (20/182- 183)

30-ئەم فەرموودەیە تا چەند صەحیحە « من اعتكف يوما ابتغاء وجه الله باعد الله بينه وبين النار ثلاثة خنادق كل خندق كما بين الخافقين »؟
 ئەم فەرمووەیە زەعیفە .
 اللجنة الدائمة (10/ 412)

المــراجــــــع:
مجموع فتاوى العلامة ابن باز
مجموع فتاوى اللجنة الدائمة
مجموع فتاوى العلامة ابن عثيمين
فتاوى نور على الدرب العلامة ابن عثيمين.

سەردان: ١,٥٠٨ بەش: ئیعتیکاف و مانەوە لە مزگەوت