مەبەست لە ئیعتیکاف و مانەوە لە مزگەوت چیە؟ وە ئایا ئەو کەسەى ئیعتیکافى کردوە دەتوانى لە مزگەوت دەربچێ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مەبەست لە ئیعتیکاف و مانەوە لە مزگەوت چیە؟ وە ئایا ئەو کەسەى ئیعتیکافى کردوە دەتوانى لە مزگەوت دەربچێ؟

مانەوە لە مزگەوت بۆ خواپەرستی (الإعتكاف):
پێشەوا ابن عثیمین (بە ڕەحمەت بێت) دەڵێت: ئیعتیكاف واتە: پەیوەست بوون بەمزگەوتەوەو خۆتەرخانكردن بۆ خواپەرستی, كەئەوەش سوننەتێكی جێگیرەو بەڵگەی قورئان وفەرموودەی لەسەرە, وەكو ئایەتی [ وَلا تُباشِرُوهُنَّ وَأَنْتُمْ عَاكِفُونَ فِي الْمَسَاجِدِ] {البقرة: 187} واتە: ئەوكاتەی كەلە مزگەوتدا دەمێننەوە بۆ خواپەرستی تێكەڵی ژنانتان مەكەن.
وە پێغەمبەری خوا() ئیعتیكافی كردووەو هاوەڵانیش لەگەڵ ئەوداو دوای ئەویش ئەنجامیان داوە.
هەروەها لە فەرموودەی ڕاست ودروستیشدا هاتووە لە دایكە عائیشەوە دەگێڕێتەوە ودەڵێت"كان النبىّ يعتكف العشر الأواخر من رمضان حتى توفاه الله عزوجل, ثم اعتكف أزواجه من بعده" واتە: پێغەمبەری خوا() ئیعتیكافی دەكرد لە دە شەوەكانی كۆتایی ڕەمەزان هەتا ئەوكاتەی وەفاتی كرد, پاشان خێزانەكانی ئیعتیكافیان دەكرد لەدوای ئەو.
مەبەست لە مانەوە لەمزگەوت بۆ خواپەرستی:
مەبەست لە ئیعتیكاف ئەوەیە موسڵمان لە مزگەوتێك لە ماڵەكانی خوادا بمێنێتەوە بۆ خواپەرستی وگوێڕایەڵی كردنی خوای پەروەردگار, ئەوەش لەبەر دەستكەوتنی پاداشت وفەزڵ و گەیشتن بە شەوی قەدر, هەربۆیە پێویستە لەسەر ئەو كەسەی كە دەمێنێتەوە خەریك وسەرقاڵ بێـت بە نوێژو زیكرو قورئان خوێندن و جۆرەكانی تری پەرستشەوە, وە دووربكەوێتەوە لە هەموو قسەو وتووێژێكی دونیایی بێسوود, وە هیچی تێدا نیە ئەگەر كەمێك قسەی حەڵاڵ لەگەڵ خێزانەكەیدا یان كەسانی تر بكات بەگوێرەی پیویست.
بەڵام حەرامە كە جیماع بكات لەگەڵ خێزانەكەیدا یان ماچ و دەسبازی وپێشەكیەكانی تر, لەبەر ئایەتى [ وَلا تُباشِرُوهُنَّ وَأَنْتُمْ عَاكِفُونَ فِي الْمَسَاجِدِ] {البقرة: 187} واتە: ئەوكاتەی كەلە مزگەوتدا دەمێننەوە بۆ خواپەرستی تێكەڵی ژنانتان مەكەن.
حوكمی دەرچوونی ئەوكەسە بۆ دەرەوەی مزگەوت:
بەڵام دەرچوونی ئەو كەسەی كە دەمێنێتەوە بۆخواپەرستی بۆ دەرەوەی مزگەوت ئەگەر بەبەشێك لە جەستەی بێت ئەوا دروستە, لەبەر فەرموودەكەی عائیشە كە دەڵێت" كان النبـيُّ () يخرج رأسه من المسجد, وهو معتكف فأغسله وأنا حائض"(صحيح سنن أبي داود و صحيح سنن النسائي) واتە: پێغەمبەری خوا() سەری دەهێنایە دەرەوە لەمزگەوت منیش دەمشوشت وەلە حەیزیشدا بووم.
بەڵام دەرچوونی لەمزگەوت بەهەموو جەستەیەوە ئەوا دەكرێتە سێ‌ بەشەوە:
یەكەم: دەرچوون بۆكارێكی پێویست لەڕووی سروشتی مرۆڤایەتەوە بێت یان لە ڕووی شەرعیەوە بێت وەكو دەرچوون بۆ ئاودەست, یان دەست نوێژی واجب, یان غوسلی لەش گرانی, یان خواردن وخواردنەوە, ئەم حاڵەتانە دروستن بەمەرجێك ئەگەر نەتوانرا لەمزگەوت ئەنجام بدرێت, خۆ ئەگەر توانرا لەمزگەوت ئەنجام بدرێت, وەكو هەندێك مزگەوت حەمامی تێدایە, یان كەسێك هەبوو كە خواردنی بۆ بهێنێت, ئەوا ئەوكاتە دەرناچێت لەبەر ئەوەی بێ‌ پێویستە.
دووەم: دەرچوون بۆ كارێك كە واجب نەبێت لەسەری, وەكو سەردانی نەخۆش, شوێنكەوتنی جەنازە ...ئەوا دەرناچێت و دروست نیە بۆی, مەگەر لەسەرەتای ئیعتیكافەكەیەوە بەمەرجی گرتبێت.
سێیەم: دەرچوون بۆكارێك كە دژو پێچەوانەی ئیعتیكاف بێت, وەكو كڕین وفرۆشتن وجیماع كردن و تێكەڵاوی, ئەوا دروست نیە كە دەربچێت, لەبەر ئەوەی پێچەوانەی مەبەستی مانەوەیە لەمزگەوت بۆ خواپەرستی.

وەرگیراوە لە کتێبی : تایبەتمەندی و ئەركەكانی دە شەوی كۆتایی ڕەمەزان 

سەردان: ٣,٨٣٩ بەش: ئیعتیکاف و مانەوە لە مزگەوت