كێ بكه‌ینه‌ سه‌رمه‌شقی خۆمان؟!: ماڵپەڕی وەڵامەکان
كێ بكه‌ینه‌ سه‌رمه‌شقی خۆمان؟!

ئه‌و سیفات و خه‌سڵه‌تانه‌ی پێویستن له‌ كه‌سی پێشه‌نگ و ڕه‌هبه‌ردا هه‌بێت ئه‌مانه‌ی لای خواره‌وه‌ن:

یەکەم : ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ هێنده‌ شاره‌زا و ورد و به‌ئاگابێت له‌ ده‌قه‌ شه‌رعیه‌كان و، سه‌رچاوه‌ی بڕیار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ده‌رهاویشته‌ی ده‌قه‌ موحكه‌مه‌كان بێت و، له‌وانه ‌نه‌بێـت كه‌ شوێن موته‌شابیهات ده‌كه‌وێت له‌ ده‌قه‌كان و دڵیان هه‌ر ڕۆژه‌و له‌سه‌ر په‌تێكه‌ و به‌دوای هه‌وا و هه‌وه‌سی خۆیانه‌وه‌ نه‌بن.

دووەم: هه‌روه‌ها كه‌سی پێشه‌نگ ده‌بێت هێنده‌ به‌ توانا بێت، بتوانێت ده‌قه‌ شه‌رعیه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندی باڵاكان پێكه‌وه‌ گرێ بدات و، به‌ جوانی لێیان تێ بگات و ڕه‌چاوی دۆخ و باروزروفه‌كان به‌ جوانی بكات و كه‌سێكی هه‌ڵه‌شه‌ و نادان و نه‌زان نه‌بێت.

سێیەم : كه‌سێك شایسته‌ به‌ پێشه‌وایه‌تیه‌ كه‌ بتوانێت خوێندنه‌وه‌ی به‌جێ و دروست بۆ واقیعه‌كان بكات و، له‌ بارودۆخی خه‌ڵك و ده‌وروبه‌ر به‌ باشی بگات.

چوارەم: هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سه‌ گونجاو و لایه‌قه‌ به‌ پێشه‌وایه‌تی گه‌نجی خواناس كه‌ مه‌سڵه‌حه‌تی گه‌ل و گشتی بخاته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی و خۆی، وه‌ دیفاعكردنی له‌ ئیسلام و موسڵمانان له‌ پێشه‌وه‌ی دیفاعكردنی له‌ خۆی و بیروبۆچونه‌كانی خۆی بێت.

پێنجەم : هه‌روه‌كو له‌و جۆرانه‌ش بێـت كه‌ وته‌كانی به‌ كرده‌وه‌پێكردن بڕازێنێته‌وه‌و به‌ ته‌نێ وه‌ستای قسان و كۆڵه‌واری ده‌ستان نه‌بێـت.

شەشەم: كه‌سایه‌تیه‌كی هاوسه‌نگ و له‌بار و به‌جێی هه‌بێـت و زیاده‌ڕۆو توندڕه‌و هه‌مدیس شلڕه‌و و كورتڕه‌ویش نه‌بێت، له‌وانهش نه‌‌بێت كه‌ چیكڵدانه‌ی ته‌نگ و ته‌سكه‌ و توانای له‌خۆگرتنی خه‌ڵكی نیه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ سینه‌ و پشو درێژ بێت.

حەوتەم : له‌ خودی خۆشیدا دژ به‌یه‌كی و پێچه‌وانه‌ی ده‌قه‌ شه‌رعیه‌كانی نه‌بێت و نه‌جوڵێته‌وه‌.

هەشتەم : دیسان له‌ زانسته‌ جۆراو جۆره‌كانی كۆكردبێـته‌وه‌ و لێیان ئاگادار و شاره‌زابێت و له‌وانه‌ نه‌بێت كه‌ نه‌خوێنده‌وار و هیچ له‌ باراندانه‌بووه‌.

كه‌واته‌: ئێستا ته‌ماشایه‌كی ده‌وروبه‌ر بكه‌وه‌ ئه‌ی برای گه‌نج و ئیتر به‌ باق و بریق فریو مه‌خۆ .
خۆ كه‌ ده‌ڵێین: قدوة و پێشه‌نگ، مانای ئه‌وه‌ نیه‌ ئیدی نابێت دوچاری هه‌ڵه‌ و نه‌پێكان بێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌موو ئاده‌میه‌ك ڕوبه‌ڕوی هه‌ڵه‌ و تاوانیش ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام باشترینیان ئه‌وانه‌ن تۆبه‌ ده‌كه‌ن و واز له‌ هه‌ڵه‌ و تاوانیان دێنن..
وه‌رگێڕانی : مامۆستا جیهاد قادر علی
 

سەردان: ١,١٦٧ بەش: مەرجەکانى بانگخواز