سه‌ردانى گۆڕستان وته‌وه‌سولكردن به‌گۆڕ وماڵ وسامانه‌وه‌: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سه‌ردانى گۆڕستان وته‌وه‌سولكردن به‌گۆڕ وماڵ وسامانه‌وه‌
پرسیار:

ئایا حوكمى ئاینى ئیسلام چیه‌ سه‌باره‌ت به‌سه‌ردانكردنى گۆڕستان و بردنى ئاژه‌ڵ وسه‌ربڕینى له‌و شوێنه‌دا وه‌كو سه‌ردانى (سه‌ید بدوی و حسین و زه‌ینه‌ب)؟ سودمان پێبگه‌یه‌نن خوا سوودتان پێبگه‌یه‌نێت.

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

 سه‌ردانى گۆڕستان دوو جۆره‌:
یه‌كه‌میان: دروست وڕێگه‌ پێدراوه‌ به‌مه‌به‌ستى نزاكردن بۆ مردووان وڕه‌حم وبه‌زه‌یی نواندن بۆیان ویادكردنه‌وه‌ى مردن وخۆئاماده‌كردن بۆ دواڕۆژ؛ له‌به‌ر فه‌رمووده‌كه‌ى پێغه‌مبه‌ر( صلى الله علیه‌ و سلم) كه‌ ده‌فه‌رموێت"زوروا القبور فإنها تذكركم الآخرة" وه‌ خۆى سه‌ردانى ده‌كردن وهه‌روه‌ها هاوه‌ڵانى وه‌ ئه‌م جۆره‌ تایبه‌ته‌ به‌ پیاوانه‌وه‌، به‌ڵام ئافره‌تان دروست نیه‌ بۆیان سه‌ردانی گۆڕستان به‌ڵكو نه‌هى لێكراوه (1) ، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر( صلى الله علیه‌ وسلم) نه‌فره‌تى كردووه‌ له‌و ئافره‌تانه‌ى كه‌ زۆر سه‌ردانى گۆڕستان ده‌كه‌ن،چونكه‌ سه‌ردانكردنیان دوورنیه‌ فیتنه‌ وتاوانى لێدروست بێت به‌هۆى كه‌مى سه‌بریان وزۆرى نائارامیان كه‌ زاڵه‌ به‌سه‌ریاندا، به‌هه‌مان شێوه‌ دروست نیه‌ بۆیان شوێنى جه‌نازه‌ بكه‌ون بۆ گۆرستان، چونكه‌ جێگیر بووه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌(صلى الله علیه‌ وسلم)له‌ ئوم عه‌تیه‌وه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تى" نهینا عن اتباع الجنائز ولم یعزم علینا" ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ناشه‌رعێتى شوێنكه‌وتنى ئافره‌تان به‌دواى جه‌نازه‌وه، وه‌ ئه‌سڵیش له‌ نه‌هیدا حه‌رامه‌ به‌به‌ڵگه‌ى ئه‌م ئایه‌ته‌ كه‌ خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت [ وَمَاآتاكُم الرَّسولُ فَخُذَوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانْتَهُوا ]( حشر: 7).
واته‌:هه‌رشتێك كه‌پێغه‌مبه‌ر دای پێتان وه‌ری بگرن وه‌هه‌رشتێك كه‌پێغه‌مبه‌ر ڕێگرى كردن لێى دووربكه‌ونه‌وه‌.
 به‌ڵام نوێژكردن له‌سه‌ر مردوو دروست و ڕێگه‌ پێدراوه‌ بۆ پیاوان و ئافره‌تان له‌به‌ر فه‌رمووده‌ى  پێغه‌مبه‌ر( صلى الله علیه‌ وسلم) كه‌هاتووه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌و هه‌روه‌ها له‌ هاوه‌لێنه‌وه‌, به‌لێم ووته‌كه‌ى ئوم عه‌تیه‌ كه‌ ده‌ڵێت" ولم یعزم علینا" ئاماژه‌ نیه‌ بۆ دروستێـتى شوێنكه‌وتنى جه‌نازه‌ له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وه‌، چونكه‌ نه‌هیه‌كه‌ له‌ خودى  پێغه‌مبه‌ره‌وه‌( صلى الله علیه‌ وسلم) ده‌رچووه‌ كه‌ گشتگیره‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ ووته‌ى ئوم عه‌تیه‌ خۆیه‌تى وگومان واجتهادى ئه‌وه‌, بۆیه‌ به‌رامبه‌ر سوننه‌تى پێناكرێته‌وه‌.

جۆرى دووه‌م: بیدعه‌یه‌و ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ سه‌ردانى گۆڕستان به‌مه‌به‌ستى پاڕانه‌وه‌وداواكردن له‌ مردووان داواى به‌هاناوه‌هاتن لێیان یان سه‌ربڕین ونه‌زركردن بۆیان، ئه‌مه‌ش شیركى هه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌, وه‌ شێوه‌یه‌كى تریش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ردانى ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستى دوعاكردن ونوێژكردن و قورئان خوێندن لایدا، ئه‌مه‌ش بیدعه‌یه‌و دروست نیه‌ وهۆكاریشه‌ بۆ دروست بوونى شیرك، كه‌له‌ ڕاستیدا ئه‌بێته‌ سێ جۆره‌وه‌:
جۆرى یه‌كه‌م: ڕێگه‌ پێدراوه‌،بریتیه‌ له‌سه‌ردانكردنى به‌مه‌به‌ستى دوعاكردن بۆیان وبیرخستنه‌وه‌ى دواڕۆژ.
جۆرى دووه‌م: بیدعه‌یه‌، بریتیه‌ له‌ سه‌ردانكردنى به‌مه‌به‌ستى قورئان خوێندن ونوێژكردن وسه‌ربڕین له‌لایدا، كه‌ هۆكارن بۆ شیرك.
جۆرى سێهه‌م: شیركى گه‌وره‌یه‌، بریتیه‌ له‌ سه‌ردانكردنى به‌مه‌به‌ستى سه‌ربڕین بۆ مردووه‌كه‌و نزیكبوونه‌وه‌ به‌هۆیه‌وه‌، یان پاڕانه‌وه‌ له‌مردووه‌كه‌و داواى یارمه‌تى لێكردنى، پێویسته‌ ووریابین له‌م جۆره‌ سه‌ردانه‌ خراپانه‌، وه‌هیچ جیاوازیشى نیه‌ ئه‌گه‌ر داوالێكراوه‌كه‌ پێغه‌مبه‌ر بێت یان پیاوچاك بێت، چونكه‌ هه‌ندێك له‌ نه‌فامان ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام ئه‌ده‌ن لاى گۆڕى پێغه‌مبه‌ر( صلى الله علیه‌ وسلم) وشێخ عبدالقادرو چه‌ند كه‌سانێكى تر ، خوا په‌نامان بدات. 

وەڵامى زاناى پایەبەرز : شێخ عبدالعزیز بن عبدالله بن باز - رحمه الله -
لە کتێبی : شرح الصدور بفتاوى القبور


(1) دروست نیە بۆ ئافرەتان كە زۆر سەردانی گۆڕستان بكەن ، چونكە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی كە تووشی سەرپێچی شەرعی ببن ، وەك هات و هاواركردن ، و خۆڕازاندنەوە ، و كردنی گۆڕ بەشوێنی گەشت وگوزار ، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە نەبوو ئەوا بۆ ئافرەتانیش درووستە سەردانی گۆڕستان بكەن ، گەر ئافرەتەكە ئاقڵ و خۆ ڕاگر بوو لە كاتی سەردانی كردنیدا بۆ گۆڕستان .

سەردان: ١,٥٣٦ بەش: شیرک و جۆرەکانى