ڕوونكردنەوەی فەرموودەی ( ناقصات عقل ودين): ماڵپەڕی وەڵامەکان
ڕوونكردنەوەی فەرموودەی ( ناقصات عقل ودين)
پرسیار:

هەموو دەمێك ئەو فەرموودە پیرۆزە دەبیسین كە پێغەمبەری خوا () تیایدا فەرموویەتی: "النساء ناقصات عقل ودين"، وە هەندێك لە پیاوان ئەم فەرموودەیە بە كار دێنن بۆ خراپەكاری لەگەڵ ئافرەتاندا، جا داوا لە بەڕێزتان دەكەین كە واتای ئەم فەرمووودەیەمان بۆ ڕۆشن بكەنەوە ؟

بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان
واتای فەرموودەكەی پێغەمبەر () كە فەرموویەتی: " ما رأيت من ناقصات عقل ودين أغلب للب الرجل الحازم من إحداكن ! فقيل يا رسول الله: ما نقصان عقلها ؟ قال: أليس شهادة المرأتين بشهادة رجل ؟ قيل: يا رسول الله: ما نقصان دينها ؟ قال: أليس إذا حاضت لم تصل ولم تصم " واتە: نەم بینیوە كەم عەقڵا و كەم دینی وەكو ئێوە كە هۆشی پیاوی كارامە لە سەر ببات ! وترا ئەی پێغەمبەری خوا () باشە كەم عەقڵی ئافرەتان لە چیدایە ؟ پێغەمبەریش () فەرمووی: باشە شایەتی دانی دوو ئافرەت بەرانبەر بە شایەتی دانی یەك پیاو نی یە ؟ وترا ئەی پێغەمبەری خوا () كەم دینی ئافرەتان لە چیدایە ؟ فەرمووی: باشە ئەگەر كەوتە ناو بێنوێژیەوە واز لە نوێژ و ڕۆژو ناهێنێت ؟
پێغەمبەر () ئەوەی ڕوون كردووەتەوە كە كەمی عەقڵی ئافرەتان لە ڕووی بێهێزی لە بەر كردن و بە ئاگا بوونیانە و شایەتیدانیان بە شایەتی ئافرەتێكی تر پڕدەكرێتەوە، وە ئەمەش بۆ رێكخستنیی شایەتیدانە، چونكە ئافرەت هەندێك جار شتی لە بیر دەچێت و شت زیاد دەكات یان كەمی دەكات بۆ سەر شایەتی دانەكەی، وەك خوای پاك و بێ گەرد فەرموویەتی: [وَاسْتَشْهِدُواْ شَهِيدَيْنِ من رِّجَالِكُمْ فَإِن لَّمْ يَكُونَا رَجُلَيْنِ فَرَجُلٌ وَامْرَأَتَانِ مِمَّن تَرْضَوْنَ مِنَ الشُّهَدَاء أَن تَضِلَّ إْحْدَاهُمَا فَتُذَكِّرَ إِحْدَاهُمَا الأُخْرَى] : [سورة البقرة: 282] واتە: دوو پیاو لە خۆتان بكەن بە شایەت وە ئەگەر نەبوون ئەوا پیاوێك و دوو ئافرەت لەو شایەتانەی كە پێیان ڕازی دەبن بۆ ئەوەی ئەگەر یەكێكیان لە بیری چوو ئەوەی تریان بیری خاتەوە.
وە كەم دینی ئافرەت لە بەر ئەوەیە لە كاتی بێنوێژی و زەیسانیدا واز دێنێت لە نوێژ و ڕۆژوو، وە نوێژ بە قەرز ناگێڕێتەوە ئەمەش كەم دینی یە بۆ ئافرەت، بەڵام ئەم كەمی یە ئافرەتانی لە سەر تاوانبار ناكرێت، بەڵكو ئەم كەمی یە بەپێی شەرعی خوای گەورە هاتووتە دی، ئەم كەمی یە خوا بۆی داناوە چونكە بەزەیی بە ئافرەت هاتووەتەوە و كارئاسانی بۆ كردووە، چونكە ئەگەر ڕۆژوو بگرێت لە كاتی بێنوێژی و زەیسانیدا ئەوا زەرەری پێدەگات، خوای گەورە بەڕەحمی خۆی بەحەڵاڵی داناوە ئافرەتان لەكاتی حەیز و زەیسانیدا ڕۆژوو نەگرن و پاشان بەقەزا بیگرنەوە، بەڵام نوێژ لەكاتی حەیزدا قەدەغەكارێكی هەیە، بەڕەحمی خوا بۆ ئافرەت لەكاتی حەیزدا حەڵاڵ كراوە نوێژ نەكات هەروەها لەكاتی زەیسانیدا، پاشان شەرع وایە كە ئافرەت لەم حاڵەتەدا قەزای نوێژ نەكاتەوە، چونكە قەزاكردنەوەی ناڕەحەتی زۆر تێدایە چونكە نوێژ لە شەو و ڕۆژێكدا پێنج جار دوبارە دەبێتەوە، لەكاتێكدا حەیز چەند ڕۆژێك دەخایەنێت، دەگاتە حەوت یان هەشت ڕۆژ یان زیاتر، زەیسانی جاری واهەیە دەگاتە چل ڕۆژ بۆیە ڕەحم و چاكەی خوایە بەرامبەر ئافرەتان كە كردن و قەزاكردنەوەی نوێژی لەسەر هەڵگرتوون.
لێرەوە دەركەوت كە كەمی ژیری و دیانەتی ئافرەتان لە هەموو شتێكدا نییە بەڵكو تەنها لەوەدایە كە پێغەمبەری خوا () ڕونی كردۆتەوە كە ناتەواوی ژیری ئافرەتان لەوەدایە كە ناتوانن شایەتیدانیان كۆك بكەن و بەباشی ئەنجامی بدەن، وەناتەواوی دیانەتیان لەوەدایە كە بە هۆی نەكردنی نوێژ و ڕۆژوو لەحاڵەتی حەیز و زەیسانیدا توشیان دەبێت، ئەمەش مانای ئەوە نییە ئافرەتان لە هەموو شتێكدا لە پیاوان كەمترن و پیاوان لەوان چاكتربن، بەشێوەیەكی گشتی پیاوان لە ئافرەتان باشترن لە بەر چەندەها هۆكار، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: [الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاء بِمَا فَضَّلَ اللّهُ بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ وَبِمَا أَنفَقُواْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ] بەڵام هەندێ جار ئافرەتی واهەیە لەچەندین شتدا لە هەندێ لە پیاوان چاكتر دەبێت، چەندەها ئافرەتان هەن لە چەندین لە پیاوان ژیر و دیندارتر و كار دروسترن، تەنها ئەوە لە پێعەمبەرەوە () سەلمێنراوە كە بەگشتی ئافرەتان لەم دووشتەی باسكران كەمترن لەپیاوان وەك پێغەمبەری خوا () ڕونیكردۆتەوە، ئافرەتی وا هەیە ئەوەندەچاكەی زۆر دەبێت لە زۆر لە پیاوان چاكتر دەبێت لە كردەوە و تەقوا و پلە و پایەی لە رۆژی دواییدا، جاری واهەیە بایەخ دەدات بەشتگەلێك و داكۆكی دەكات چاكتر لە هەندێ لە پیاوان كە زۆر هەوڵدەدەن و بایەخدەدەن، تەنانەت لە مێژووی ئیسلامدا دەبێتە مەرجەعێك ئەمەش ڕوونە بۆ كەسێك تێبفكرێت لەحاڵی ئافرەتان لە سەردەمی پێغەمبەری خوا ()، و سەردەمی هاوەڵان، بەم ڕوونكردنەوە ئەوە دەزانرێت كە ئەم كەم و كوڕییە قەدەغەی ئەوە ناكات ڕیوایەتیان وەربگیرێت و شایەتی دانیان ئەگەر دوانبن وەربگیرێت، زۆر ئاساییەو قەدەغەشنابێت تەقوا دار و چاكترینی بەندەكانی خوا بێت ژنان و پیاوان ئەگەر بێتو بەردەوام بێت لە سەر دینداری خۆی با نویژو ڕۆژووش نەكات لە كاتی حەیز و زەیسانیدا، كە وابوو دروست نییە بۆ هیچ ئیماندارێك تانەو تەشەریان لێبات و بە ناتەواویان بزانێت لە هەموو شتێكدا پێویستە ڕوون بكرێتەوە و فەرمودەكەی پێغەمبەری خوایش () بە باشترین بار تەفسیر بكرێت، وە خوای پایە بەرزیش زاناترە.
========================================
فتاوى الشيخ ابن باز رحمه الله، الـمجلد الرابع / معنـى نقص العقل والدين عند النساء.
وەرگێڕانی: مامۆستا خليل أحمد

سەردان: ٥,٠١٠ بەش: ئافرەتان