تایبەت کردنی زەکات و صەدەقە کردن بە مانگی ڕەمەزان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
تایبەت کردنی زەکات و صەدەقە کردن بە مانگی ڕەمەزان
پرسیار: ئایا زەكات و صەدەقە كردن تایبەتە بە مانگى رەمەزانەوە؟
وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

زەکات و صەدەقە کردن تایبەت نییە بە رەمەزانەوە، بەڵكو سوننەت و چاكە لە هەموو كاتێكدا، وە مرۆڤ دەبێت زەكاتى ماڵەكەى دەربكات ئەگەر ساڵى بەسەردا رۆیشت و چاوەڕێی رەمەزان نەكات، مەگەر رەمەزان نزیك بێت وەكو ئەوەى تەواوبونى ساڵ بەسەر ماڵەكەیدا لە مانگى شەعباندا بێت ئەوا دەتوانێت چاوەڕێى رەمەزان بكــات هیچی تێدا نییە

نەخێر تایبەت نییە بە رەمەزانەوە، بەڵكو سوننەت و چاكە لە هەموو كاتێكدا، وە مرۆڤ دەبێت زەكاتى ماڵەكەى دەربكات ئەگەر ساڵى بەسەردا رۆیشت و چاوەڕێی رەمەزان نەكات، مەگەر رەمەزان نزیك بێت وەكو ئەوەى تەواوبونى ساڵ بەسەر ماڵەكەیدا لە مانگى شەعباندا بێت ئەوا دەتوانێت چاوەڕێى رەمەزان بكــات هیچی تێدا نییە، بەڵام ئەگەر هاتوو تەواوبونى ساڵ بەسەر ماڵەكەیدا لەمانگى موحەڕەمدا بوو ئەوا دروست نییە دواى بخات بۆ مانگى رەمەزان، بەڵام دروستە بۆى پێشی بخات بۆ رەمەزان لە پێش موحەڕەم وئاساییە، بەڵام دواخستنى لەكاتى واجب بونیدا ئەوا دروست نییە، چونكە ئەو عیبادەتانەى كە پەیوەستن بە هۆكارێكەوە دەبێت لەكاتى بوونى هۆكارەكەیدا بەئەنجام بگەیەنرێت و نابێت دوابخـرێت لێى.

جگە لەوەش مرۆڤ دڵنیا نییە كە دەمێنێت بە زیندوویی و نامرێت تا ئەو كاتەى كە ئەم دەیەوێت و زەكاتەكەى بۆ دواخستووە بۆیە دوور نییە بمرێت و زەكاتەكەشی لە گەردنیدا بمێنێتەوە، وە لەوانەیە میراتگرەكانیش زەكاتەكە دەرنەكەن وە یاخود هەر نەزانن كە ئەم زەكاتى لەسەرە و نەیداوە بۆیە چەندین هۆكارى تر هەن مەترسی ئەوەى هەیە كە مرۆڤ ئەگەر كەمتەرخەمى بكات لە دانى زەكات دواتر گرفت و ئاستەنگى بۆ دروست بێت لە دەركردنى زەكاتەكەى.
هەروەها صەدەقەیش هیچ كاتێكى بۆ نییە و هەموو رۆژەكانى ساڵ كاتى صەدەقەیە، بەڵام خەڵكى حەز دەكەن و پێیان باشە زەكات و صەدەقەكانیان بكەوێتە رەمەزانەوە، لەبەر ئەوەى كاتێكە فەزڵى زۆرە، و كاتى بەخشین و خێركردنە، تەنانەت پێغەمبەرى خـوا   لە هەموو خەڵك بەخشندەتر بوو وە لەهەموو كاتیش زیاتر دەیبەخشى لەكاتى رەمەزاندا ئەو كاتەى كە جبریل دەهات بۆ لاى و قورئانى دەخوێند.

 بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت كە فەزڵى زەكات و صەدەقە لە ڕەمەزاندا فەزڵێكە پەیوەندى بە كاتەوە هەیە، جا ئەگەر فەزڵێكى تر نەبێت ئەوا خوو بەو كارەوە دەگرن و ئەم كاتەش لەكاتەكانى تر زیاتر فەزڵى هەیە، بەڵام ئەگەر فەزڵێكى تر هەبوو كەلە فەزڵى كاتەكە باشتر بوو وەكو ئەوەى هەژاران زیاتر پێویستیان بە یارمەتى هەبێت لە جگە لە رەمەزان ئەوا نابێت دواى بخەن بۆ رەمەزان، بەڵكو دەبێت چاوەڕێى ئەو كاتە بكات كە گونجاوەو بەسوودە بۆ هەژاران و لەوكاتەدا صەدەقەكەى بدات، وە بەزۆریش هەژاران لە جگە لە رەمەزاندا زیاتر پێویستیان بە یارمەتى هەیە تاوەكو لە رەمەزاندا، چونكە مانگى رەمەزان خێر و صەدەقە كردن زۆرە و دەبینى هەژاران تاڕادەیەك بڕ و ئەندازەى پێویستیان دەست دەكەوێت لە هاوكارى و خێر، بەڵام لە باقی رۆژەكانى ترى ساڵدا بەنەدارى و برسێتى خۆیانەوە دەمێننەوە، بۆیە ئەم بابەتە دەبێت مرۆڤ ڕەچاوى بكات و لەبەرچاو بگیرێت، بەوەى كە فەزڵى كات نەدرێت بەسەر هەموو فەزڵەكانى تردا.

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله - 

سەردان: ١,٨٨٠ بەش: زەکات و سەرفیترە