ئایا لاى كەم و زۆرى حەیز دیارى كراو و زانراوە بەژمارەى رۆژ؟
ژمارەى رۆژەكانى حەیز لەڕووى زۆرى و كەمیەوە دیارى نییە لەسەر وتەى صەحیح، لەبەر ئایەتى: (وَيَسْأَلونَكَ عَنِ الْمَحِيضِ قُلْ هُوَ أَذىً فَاعْتَزِلُوا النِّسَاءَ فِي الْمَحِيضِ وَلا تَقْرَبُوهُنَّ حَتَّى يَطْهُرْنَ ) (البقرة: من الآية222) واتە: وە پرسیارت لێدەكەن ـ ئەى پەیامبەرى خوا ﷺ ـ لەبارەى خوێنى حەیز و سوڕى مانگانەى ئافرەتانەوە ـ كە بریتیە لەو خوێنەى لەڕەحمى ئافرتانەوە دێتە دەرەوە بە فیترەت لە چەند كاتێكى دیاریكراودا ـ ؟ تۆش لەوەڵامدا پێیان بڵآ : ئەو خوێنە پیسیەكى قیزەونە ، و زیان دەگەیەنێت بەوەى كە نزیكى بكەوێتەوە ، بۆیە خۆتان بە دووربگرن لە جووتبون لەگەڵ ئافرەتان لەماوەى سوڕى مانگانەدا هەتا خوێنەكە دەبڕێتەوە وپاك دەبنەوە.
بۆیە خواى گەورە رۆژەكانى دووركەوتنەوەى لە ئافرەت دیارى نەكرد، بەڵكو بەوە دیارى كرد هەتا پاك دەبنەوە، بۆیە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى كە هۆكارى حوكمەكە بریتیە لە حەیز بەبوون ونەبوونى، جا هەركاتێك حەیز هەبوو ئەوا حوكمەكەشی سابت دەبێت و هەركاتێكیش پاك بوویەوە لێى ئەوا حوكمەكانى نامێنن ولادەچن، پاشان دیارى كردنیش بەڵگەى لەسەر نییە، لەگەڵ ئەوەى پێویستى بە زانینى ئەو دیاری كردنەش هەیە، جا ئەگەر دیارى كردن بە تەمەن یان كات لەڕووى شەرعیەوە سابت بووایە ئەوا لە قورئان و سوننەتدا باسی دەكراو ڕوون دەكرایەوە، بۆیە بینا لەسەر ئەمە هەموو ئەو خوێنەى كە ئافرەت دەیبینێت بەوەى كە خوێنى حەیزە وناسراوە لاى ئافرەتان ئەوا حەیزە بەبێ دیارى كردنى كاتێكى زانراوە، مەگەر خوێنەكە بەردەوام بێت لەگەڵ ئافرەتەكەدا و هەرگیز نەبڕێتەوە، یان بۆ ماوەیەكى كەم ببڕێتەوە وەكو رۆژێك یان دوو رۆژ لە مانگێكدا ئەوا لەو حاڵەتەدا پێى دەوترێت خوێنى (استحاضة).
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –