بە شوم و خراپە زانینى مانگى سەفەر : ماڵپەڕی وەڵامەکان
بە شوم و خراپە زانینى مانگى سەفەر
پرسیار:

ئایا مانگى سەفەر مانگى شوم و خراپەیە؟ بۆچی هەندێ لە خەڵکى دەڵێن مانگى سەفەر شومە ئەم بیروباوەڕە لەچییەوە سەرچاوەى گرتووە؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

مانگی سەفەر وەک باقی مانگەکانی تری خودا مانگی خێر و شەڕ نین ، بەڵکو وەک هەموو مانگەکانی تر خێریان تێدایە وشەڕیشیان تێدایه ، وهیچ کاریگەریەکیان لەسەر قەدەر ودەسەڵاتی خودا نی یە ؛ کاروبارەکان هەموو بەدەستی خودان . بەنیسبەت تایبەت کردنی شوم بەکاتێکەوە جگە لەکاتەکانی تر هاوشێوەی مانگی سەفەر وجگە لەویش ، هیچ ڕاست ودروست نی یە ، لەڕاستی دا هەموو کات وزەمانێک بەدەستی خودایە ، هەر کاتێک کەباوەڕدار بەکردەوەی چاکە بەڕێی کات ئەوا کاتێکی موبارەک وپیرۆزه بۆ ئەو ، وەهەر کاتێک کەباوەڕدار بەکردەوەی خراپە وتاوان بەڕێی کات ئەوا کاتێکی شومە بۆ ئەو ، لەحەقیقەتدا شوم لەبێفەرمانی خودادایە ...
بۆیه هیچ شتێک شوم نی یە جگە لەتاوان وخراپە نەبێت ؛ چونکە ئەوانە خودا توڕە دەکات ، وهەرکاتێکیش خودا لەبەندەکەی توڕە بوو ئەوا خەسارەومەندی دونیا ودوا ڕۆژ دەبێت ، هەر وەک چۆن گەر لێی ڕازی بێت سەرفرازی دونیا ودوا ڕۆژ دەبێت .

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

سەبارەت بە مانگى سەفەر و بە شوم دانانى (10) خاڵ دەخەینە ڕوو بە ئومێدی سودگەیاندن و ڕوونکردنەوەى تەواو :

یەکەم: مانگی سەفەر دووەم مانگی کۆچی یە دوای مانگی موحەرەم .

دووەم: بۆیە ناو نراوە بەمانگی سەفەر لەبەر چۆڵ بوونی شاری مەکە لەخەڵکەکەی کاتێ کەلەو مانگەدا سەفەریان دەکرد  ، وەگوتراوە: لەبەر چۆڵبوونی ماڵیان کاتێ کەدەردەچوون بۆ جەنگ و سەفەرەکان ، دەگوترێت: (صفر المكان) كاتێ کەجێگاکە چۆڵ بوو (۱). 

سێیەم: عەرەب دوو تاوان وسەرپێچی گەورەیان لەمانگی سەفەردا ئەنجام دەدا :
یەکەم: یاریان پێ دەکرد بەشێوازێک پێش وپاشیان دەخست ، ولەجێگەی مانگی موحەرەم دایان دەنا ، هەروەک خوای پەروەردگار لێیان دەگێڕێتەوە ودەفەرموێت: ﴿إِنَّمَا النَّسِيءُ زِيَادَةٌ فِي الْكُفْرِ ۖ يُضَلُّ بِهِ الَّذِينَ كَفَرُوا يُحِلُّونَهُ عَامًا وَيُحَرِّمُونَهُ عَامًا لِّيُوَاطِئُوا عِدَّةَ مَا حَرَّمَ اللَّهُ فَيُحِلُّوا مَا حَرَّمَ اللَّهُ ۚ ﴾. 
 واته‌: دواخستن، جاری وا هه‌بوو له‌ مانگێك له‌و چوار مانگه‌ كافران بیانوویستایه‌ كوشتار بكه‌ن ئه‌ڕۆیشتن له‌ یه‌كێك له‌و چوار مانگه‌ كوشتاریان ئه‌كردو له‌ مانگێكی تردا كوشتاریان نه‌ئه‌كردو دوایانئه‌خست، خوای گه‌وره‌ فه‌رمووی: ئه‌م دواخستنه‌ زیاده‌یه‌كه‌ له‌ كوفره‌ ، كه‌ هه‌ندێك له‌ كافرانی پێ گومڕا ئه‌بێت ، ساڵێك كوشتارى تێدا حه‌ڵاڵ ئه‌كه‌ن، وه‌ ساڵێك حه‌رامی ئه‌كه‌ن و ئه‌یگۆڕنه‌وه‌و مانگێكی تر دێنه‌ شوێنی و جێگۆڕكێى پێ ده‌كه‌ن ، تا موافیق و گونجاو بێ له‌گه‌ڵ ئه‌و چوار مانگه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ حه‌رامی كردووه‌ ، ئه‌وه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ حه‌رامی كردووه‌ كوشتار كردن له‌و چوار مانگه‌ ئه‌وان حه‌ڵاڵی ئه‌كه‌ن.
دووەم: بەشوم دایان دەنا ، بەشێوەیەک ئەم مانگەیان بەمانگێکی شوم وخراپ دادەنا ، و ئیسلام ئەو بۆچوونەی بەتاڵ کردەوە .

چوارەم: دروست نی یە بەشوم دانانی ڕۆژان وشەوانی مانگی سەفەر ، ئەوە لەکاری سەردەمی نەفامیە وئیسلام بەتاڵی کردەوە ، لەفەرموودەیەکدا هاتووە: (( لا عدوى ولا طيرة ولا هامَة ولا صَفَر وفر من المجذوم كما تفر من الأسد )) (۲).
واتە: نەخۆشی گواستنەوە وشتی شوم بوونی نی یە ومانگی سەفەریش بەدقودم وشوم نییە ، و ڕابکە لەکەسی گول هەروەک چۆن ڕادەکەیت لەشێر .
 جا (عدوي) نەفی کردنی گواستنەوەی نەخۆشیه بەخودی خۆی بەبێ ئەوەی قەدەری خودای لەسەر بێت .

و (لا طيرة) واته: شتی شوم بوونی نی یە .

و(لا هامة) تەیرێکە بەشەو دەفڕێت ، وئەوان بەشومیان دادەنا .
وگوتراوە: ئەوان لەسەردەمی نەفامیدا کاتێ کەسێکیان لێ بمردایە پێیان وابوو ڕوح وئێسکەکانی دەفڕن .

پێنجەم : بڕگەی تری فەرموودەکەی پێغەمبەر  : ( ولا صفر ) مەبەست لێی ـ  لەسەر بۆ چوونی ڕاست ـ مانگی سەفەرە ، ئەو مانگەی کەعەرەبی سەردەمی نەفامی بەشومیان دەزانی ، پێغەمبەر  ئەو بۆچوونەی پوچەڵ کردەوە ، ومەبەست لێی نەفی کردنی ئەوەیه شوم بێت ، بەڵکو ئەو مانگەش وەک هەموو مانگەکانی تر وایە وخێر وشەڕی تێدایە (۳) .

شەشەم: بەغەڕ و بەد قودم و شوم دانانی ژن هێنان یاخود سەفەر کردن تیایدا ، یاخود کار کردن لەمانگی سەفەردا ، یاخود واز هێنان لەکار وئەنجام دانی کار وباری شەخسی یاخود حەفلە گێڕان ودابەش کردن خواردن وحەلوا دوای کۆتایی هاتنی بەگومانی ئەوەی شومە ، هەموو ئەمانە لەبابی (طیر)ـەن وڕێگریان لێ کراوە .

حەوتەم: مانگی سەفەر وەک باقی مانگەکانی تری خودا مانگی خێر وشەڕ نین ، بەڵکو وەک هەموو مانگەکانی تر خێریان تێدایە وشەڕیشیان تێدایه ، وهیچ کاریگەریەکیان لەسەر قەدەر ودەسەڵاتی خودا نی یە ؛ کاروبارەکان هەموو بەدەستی خودان ، وکەس توانای بەسەریاندا نی یە جگە لەو ، هەروەک خودا فەرموویەتی: ﴿ قُل لَّن يُصِيبَنَا إِلَّا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَنَا هُوَ مَوْلَانَا ۚ وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ ﴾.
واته: ئه‌ی محمد -  -  پێیان بڵێ: هیچ شتێك تووشی ئێمه‌ نابێت ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ (لوح المحفوظ)دا نووسیوێتی له‌سه‌رمان وه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا نایات ، هه‌ر خوای گه‌وره‌ سه‌رخه‌رو پشتیوان و دۆستمانه‌، وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ باوه‌ڕدارن با كاره‌كانیان ته‌نها به‌ خوای گه‌وره‌ بسپێرن وه‌ ته‌نها پشت به‌ خواى گه‌وره‌ ببه‌ستن.

هەشتەم: حافز ابن رجب الحنبلي ـ ڕەحمەتی خوای لێ بێت ـ دەڵێت: ( بەنیسبەت تایبەت کردنی شوم بەکاتێکەوە جگە لەکاتەکانی تر هاوشێوەی مانگی سەفەر وجگە لەویش ، هیچ ڕاست ودروست نی یە ، لەڕاستی دا هەموو کات وزەمانێک بەدەستی خودایە ، وەهەر لەو کات وساتانەدا کردەوەی نەوەی ئادەم تیایدا ڕوو دەدات .
هەر کاتێک کەباوەڕدار بەکردەوەی چاکە بەڕێی کات ئەوا کاتێکی موبارەک وپیرۆزه بۆ ئەو ، وەهەر کاتێک کەباوەڕدار بەکردەوەی خراپە وتاوان بەڕێی کات ئەوا کاتێکی شومە بۆ ئەو ، لەحەقیقەتدا شوم لەبێفەرمانی خودادایە ...

بۆیه هیچ شتێک شوم نی یە جگە لەتاوان وخراپە نەبێت ؛ چونکە ئەوانە خودا توڕە دەکات ، وهەرکاتێکیش خودا لەبەندەکەی توڕە بوو ئەوا خەسارەومەندی دونیا ودوا ڕۆژ دەبێت ، هەر وەک چۆن گەر لێی ڕازی بێت سەرفرازی دونیا ودوا ڕۆژ دەبێت) (4).

نۆیەم: بابەتی ڕەش بینی وشوم وبەبەد قودم دانان جۆرێکە لەهاوبەش بڕیاردان وپێچەوانەی حەقیقەتی تەوحیدە ، لەفەرموودەیەکدا هاتووە: (الطِّيَرَةُ شِرْك ، الطِّيَرَةُ شِرْك ).(5)
واتە: ڕەش بینی هاوبەش بڕیاردانە ، ڕەش بینی هاوبەش بڕیاردانە .
چونکە کەسی ڕەش بین پێی وایە ئەو شتەی کەئەم بەشومی دەزانێت شتی بەدەستە وتوشی خێری دەکات وشەڕی لەسەر لادەبات ، حەتمەن ئەمەش شیرکە .

هەرکەسێک شتێکی بەشوم زانی جا بینێبیتی یاخود گوێی لێ بووبێت ، ئەوا بەو کارەی بەموشریک ئەژمار ناکرێت و ئەو شیرکە لەئیسلام دەری کات ، بەڵام هاوبەشی بڕیار داوە لەو ڕووەوە کەئیعتمادی کردۆتە سەر سەبەبێک کەخودا بەسەبەبی دانەناوە ، ئەمەش لایەنی تەوەکول پشت بەستن بەخودا لاواز دەکات ، لەم ڕوووەوە بەشیرک دادەنرێت .

قاعیدەیەک هەیە دەڵێت: ( هەرکەسێک پشت بەسەبەبێک ببەستێت کەشەرع نەیکردۆتە سەبەب ئەوا شیرکی بچوکی ئەنجام داوە ).

ئەمەش جورێکی ترە لەهاوبەش بڕیاردان وشیرک ، جا یان لەڕووی تەشریع ودانانی سەبەبێک کەلەڕووی شەرعەوە سەبەب نی یە ، ویاخود لەڕووی ئەوەی ئەو سەبەبەوە سەبەبێکی کەونییە .

بەڵام گەر کەسەکە باوەڕی وا بێت ئەو شتە جگە لەخودا توانای کارگەری دروست کردنی هەیە ، ئەوا شیرکی گەورەیه وکەسەکە پێی کافر دەبێت ؛ چونکە هاوبەشی بۆ خودا داناوە لەڕووی هێنانە دی و دروست کردنی شتەکانەوە (6).

دەیەم: یەکێک لەبەڵگەکانی باتڵی بەشوم دانانی مانگی سەفەر ئەو فەتح و وڵات ڕزگار کردنانەیە کەلەسەر دەستی موسوڵمانان ولەو مانگەدا ڕووی داوە ، لەوانە:
دەرچوون وهیجرەت کردنی پێغەمبەرە  لەمەکەوە بۆ مەدینە لەمانگی سەفەردا ، ولەمانگی (ربیع الٲول) دا چووە مەدینەوە ، وبۆچوونێکە هەیە دەڵێت : لە(ربیع الٲول) دا دەرچووە .

ـ وە غەزای ئەبوائیش کە لە ساڵی دووەمی کۆچی دا ڕووی دا لەمانگی سەفەردا بوو ،کەیەکەم غەزا بوو لەئیسلام دا .

ـ‌ وە فەتحی خەیبەر لەساڵی ۷ کۆچی دا  لەمانگی سەفەردا بوو ، ودەوترێت : لە ( جمادی الٲولی) دا بوو .

ـ وە پێغەمبەر  ئوسامەی کوڕی زەیدی نارد بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕۆمەکاندا لەساڵی ۱۱ کۆچی ولەکۆتایی مانگی سەفەردا ، پێش وەفات کردنی بەچەند ڕۆژێک .

ـ‌ وە فەتحی مەدائین ـ‌ پایتەختی فارس ـ‌ ساڵی ۱٦ کۆچی  لەمانگی سەفەردا بوو ، وئەو جەنگە بوو بووه هۆی ڕوخانی فارس .


(۱) بڕوانە: لسان العرب ، ج/٤  ل/ ٤٦۲ ، وتفسیر ابن کثیر : ج ٤ ل /  ۱٤٦   . 
(۲) رواه البخاري ژ م : ٥۳۸۷  ومسلم ژ م  ۲۲۲۰ .
(۳) بڕوانە: لطائف المعارف" ـی ابن رجب : (ل ۷٤) ، وە " القول المفید" ـی ابن عثیمین ( ۱/ ٥٦٤) .
(4) لطائف المعارف: (ل ۷٥) .
(5) رواه ٲبو داود (۳۹۱۰) ، وابن ماجە ( ۳٥۳۸) وصححه الٲلباني .
(6) القول المفید ( ۱ / ٥۷٥ ) .
(7) فتاوی اللجنة الدئمة (۲ /  ٤۹٦) ، والسنن والمبتدعات (ل ۱۳۷).

سەردان: ٥٠٩ بەش: بیروباوه‌ڕ