ئاوی مەنى پاکە و پیس نیە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئاوی مەنى پاکە و پیس نیە
پرسیار:

ئایا ئاوی مەنى پاکە یان پیسە؟ وە دواى خۆشۆردن لە لەشگرانی دەبێ جلەکانیشمان بگۆڕین؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

سەرەتا ئەوە بزانە کە مەنی پیاو بریتیە لە ئاوێکی خەستی سپی ، وە مەنی ئافرەتان بریتیە لە ئاوێکی زەردی شل ، وە لە پاش ئەو ئاوەوە خاوو بوونەوەیەک بە لەشیدا دێت، چونکە بە دەرچوونی ئەو ئاوە شەهوەت دادەمرکێت، وە ئەو ئاوە بۆنێکی هەیە وەکو بۆنی موتوربە یاخوود بۆنی هەویر وایە. بە هاتنە دەرەوەی خۆشۆردن پێویست دەبێت بەڵام پاكە و پیس نى یە بۆیە ئەگەر بەر جلكانی كەوت پیس نابێت نە ئەو جلەی كە ئاوەكەی بەر كەوتووە نە ئەوانەی تریش كە لەبەرتدا بووە.
بەڵام چاكتر وایە ئەگەر جلكە تەڕ بێت ئەوا تەنها ئەو شوێنە بشۆریت كە ئاوەكەی بەر كەوتووە، بەڵام ئەگەر ئاوەكە وشك بووبێتەوە ئەوا تەنها دەتوانیت بیپرێنیت و جلەكە بهێنیت بە یەكدا بۆ ئەوەی بوەرێت، بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیە:
(عائشە)ی خێزانی پێغەمبەر خوای لێ ڕازی بێت فەرموویەتی: ((كنتُ أفرك الـمني من ثوب رسول الله  ثُمَّ يذهب فيصلي به)) متفق عليه.
واتە: من ئاوی (مەنی)م دەپراند لە جلەكەی پێغەمبەردا ئەنجا دەڕۆیشت و نوێژی پێوە دەكرد.
هەروەها (سلیمان بن یسار) فەرموویەتی پرسیارم كرد: (عائشە)ی خێزانی پێغەمبەر خوای لێ ڕازی بێت دەربارەی (مەنی) كە بەر جل دەكەوێت ئەویش وتی: ((كنت أغسله من ثوب رسول الله  فيخرج إلى الصلاة وأثر الغسل في ثوبه بقع الماء)).
واتە: من ئاوی (مەنی)م دەشوشت لە جلەكەی پێغەمبەردا  ئەنجا دەردەچوو بۆ نوێژ و شوێنەواری دۆڵپە ئاوەكە بە جلەكەیەوە دیار بوو.
كەواتە ئەگەر وشك بوو ئەوا دەیپرێنیت، وە ئەگەر تەڕ بوو ئەوا دەیشۆیت.
وە هەر جلێك بە لەش گرانی لە بەر بكرێت پیس نابێت و هیچ پێویست ناكات بیشۆیت، بۆیە پێویست ناكات دوای خۆ شوشتن بیگۆڕیتەوە بە جلێكی تر.


ئەم پرسیارە لە لایەن (مامۆستا محمد عبد الرحمن) ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٥,٤٦٤ بەش: خۆشۆردن (غوسل)