جۆرەكانى ئیرادە و ویستى خواى گەورە : ماڵپەڕی وەڵامەکان
جۆرەكانى ئیرادە و ویستى خواى گەورە
پرسیار:

جۆرەكانى ئیرادە و ویستى خواى گەورە كامانەن؟

ئیرادە دەبێت بە دوو بەشەوە:   
بەشى یەكەم: ئیرادەى كەونى یان گەردوونى.
بەشی دووەم: ئیرادەى شەرعى.

جا ئەوەى بە ماناى ویست بێت ئەوە ئیرادەى كەونیە، وە ئەوەشى بە ماناى خۆشویستن هات ئەوا ئیرادەى شەرعیە، جا نموونەى ئیرادەى شەرعى وەكو ئەم ئایەتە:  ( وَاللَّهُ يُرِيدُ أَنْ يَتُوبَ عَلَيْكُمْ)(النساء:27) واتە: وە خواى پەروەردگار ئەیەوێت لە تاوانەكانتان خۆش بێت ، و چاوپۆشی بكات لە هەڵەكانتان. بۆیە ووشەى (یرید) لێرەدا بە ماناى خۆشویستن دێت و بەماناى ویست و مەشیئە نایەت، چونكە ئەگەر بە ماناى ویستن بێت و بڵێت: ((والله يشاء أن يتوب عليكم)) ئەوا دەبووایە لە هەموو خەڵكى خۆش بێت و ئەمەش كارێكى نائاساییە چونكە زۆربەى ئادەمیزاد بێباوەڕن، كەوابوو (يُرِيدُ أَنْ يَتُوبَ عَلَيْكُمْ) واتە: لێخۆشبوونتان و تۆبە لێ وەرگرتنتانى خۆشدەوێت.
وە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە خۆشەویستى خوا بۆ شتێك لازمە ئەو شتە ڕووبدات لەبەر ئەوەى جارى وا هەیە حیكمەتى خوا وا دەخوازێت كە ڕوونەدات.
وە نموونەى ئیرادەى كەونى وەكو ئایەتى: (إِنْ كَانَ اللَّهُ يُرِيدُ أَنْ يُغْوِيَكُمْ) (هود:34) واتە: خۆ ئەگەر خواى پەروەردگار بیەوێت گومڕاتان بكات و لەناوتان ببات. ئەوەش لەبەر ئەوەى خواى گەورە گومڕابوونى بەندەكانى خۆش ناوێت و كەوابوو نادروست و ناتەواوە كە ماناكەى وا لێك بدرێتەوە كە بووترێت : خواى گەورە گومڕابوونتانى خۆشدەوێت، بەڵكو ماناكەى واتە ئەگەر خواى گەورە ویستى لێ بێت گومڕاتان دەكات.
بەڵام ئەوەى ماوەتەوە بڵێین: جیاوازى چیە لەنێوان ئیرادەى كەونى و شەرعى لەڕووى ڕوودانى مەبەستەكەوە؟
دەڵێین: ئیرادەى كەونى دەبێت ڕووبدات ئەگەر خواى گەورە ویستى لەسەر بێت لەڕووى گەردونیەوە ڕووبدات، چونكە: (إِنَّمَا أَمْرُهُ إِذَا أَرَادَ شَيْئاً أَنْ يَقُولَ لَهُ كُنْ فَيَكُونُ) (يّـس:82) . واتە: خواى بەرز و باڵا كە بیەوێت فەرمان بە شتێك بكات پێى بڵێ : ( ببە ) ڕاستەوخۆ دەبێت ، وە لەوانەش مراندن و زیندووبوونەوە ، و لە گۆڕدەرهاتن و ئامادەبوون بۆ لێپرسینەوە .
بەڵام ئیرادەى شەرعى جارى وا هەیە ڕوو دەدات و جارى واش هەیە ڕوونادات، بۆیە جارى واهەیە خواى پەروەردگار ئەو شتەى خۆش دەوێت لەڕووى شەرعیەوە بەڵام ڕوویش نادات چونكە شتى خۆش ویستراو بۆى هەیە ڕوونەدات و بۆى هەیە ڕوویش بدات.
ئەگەر یەكێك ووتى: ئایا خواى گەورە تاوان و سەرپێچى دەوێت؟
دەڵێین: لەڕووى كەونیەوە دەیەوێت نەك لەڕووى شەرعیەوە، چونكە ئیرادەى شەرعى بەماناى خۆشویستن دێت، وە خواى گەورەش تاوان و سەرپێچى خۆش ناوێـت، بەڵام لەڕووى كەونیەوە دەیەوێت واتە ویستى لەسەرە، چونكە هەرچى لە ئاسمانەكان و زەویدایە هەمووى بەویستى خوایە.
 
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –

سەردان: ٢,٨٩٤ بەش: بیروباوه‌ڕ