قەزا کردنەوەی ڕۆژوو لەبری مردوو: ماڵپەڕی وەڵامەکان
قەزا کردنەوەی ڕۆژوو لەبری مردوو
پرسیار:

چۆنێتى قەزا کردنەوەی ڕۆژوو لەبری مردوو

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم: قەزا کردنەوەی ڕۆژوو لەبری ئەو مردووەی کەبەهۆی  عوزرێکەوە دوای خستووە: 
هەرکەسێک بمرێت وڕۆژووی فەرزی لەسەر بێت ، وبەهۆی عوزرێکی شەرعی یەوە نەتوانێت بیگرێتەوە تاوەکو دەمرێت ؛ ئەوا هیچ لەسەر نی یە ، و واجبیش نی یە لەبری ئەو ڕۆژانە خواردنی بۆ بدرێت ، ئەمەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە ، وزۆربەی زانایانیش هەمان بۆچوونیان هەیە.

دووەم: قەزا کردنەوەی ڕۆژوو لەبری ئەو مردووەی کەبەبێ بوونی عوزرێکی شەرعی دوای خستووە: 
هەرکەسێک بمرێت وڕۆژووی فەرزی لەسەر بێت ـ جا ڕۆژووەکە ڕۆژووی نەزر بێت یاخود کەفارەت ویاخود ڕۆژووی ڕەمەزان بێت ـ وتوانیبێتی بیگرێتەوە ، بەڵام نەیگرتبێتەوە تاوەکو دەمرێت ؛ ئەوا سەرپەرشتیارەکەی دەتوانێت بۆی بگرێتەوە ، خۆ ئەگەر بۆی نەگرتەوە ، ئەوا لەبری هەر ڕۆژێک خواردنی هەژارێکی بۆ دەدات ، ئەمەش قەولی قەدیمی شافعی یە ، وەهەریەک لە : النوويُّ، وابنُ باز، وابنُ عُثَيمين ئەم بۆچوونەیان هەڵبژاردووە.

وە زانای پایەبەرز : محمَّد بن علي فركوس ـ حفظه الله ـ بۆچونى وایە تەنها ڕۆژووی نەزر بۆ مردوو دەگیرێتەوە وەک دەفەرموێ : 

هەر کەسێک مردبێت وڕۆژوی فەرزی لەسەر بێت ئەوا پێویستە سەرپەرشتیارەکەی فیدیەی بۆ بدات و بۆ هەر ڕۆژێک خواردنی هەژارێک بدات ، ودروست نی یە ڕۆژوی بۆ بگرنەوە ؛ چونکە ڕۆژو هاوشێوەی نوێژە ؛ هەروەک چۆن کەس ناتوانێت لەبری کەسی تر نوێژ بکات بەهەمان شێوە کەسی ناتوانێت لەبری کەسێکی تر بەڕۆژو بێت ، بەڵام گەر ڕۆژووی نەزری لەسەر بوو ئەوا سەرپەرشتیارەکەی بۆی دەگرێتەوە .

سێیەم: قەزا کردنەوەی ڕۆژوو لەبری کەسێک لەژیاندایە:
نابێت ودروست نی یە قەزا کردنەوەی ڕۆژوو لەبری کەسێک لەژیاندایە ، ؛ هەریەک لە: ابنُ حزمٍ، وابنُ عبدِ البَرِّ، وابنُ العربيِّ، والقاضي عِياض، والنوويُّ کۆدەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.