مەرجی واجب بوونی کەفارەت دانی سوێند: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مەرجی واجب بوونی کەفارەت دانی سوێند
پرسیار:

 مەرجی واجب بوونی کەفارەت دانی سوێند چییە ؟ 

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( کەفارەت واجب نابێت ئیلا بە چەند مەرجێک نەبێت : 

مەرجی یەکەم : دەبێت سوێند دامەزرا بێت ، سوێندی دامەزراو ئەوەیە دەبێت مەبەستی ھەبێت بۆ داھاتوو و شتەکە بکرێت ، ئەگەر مەبەستی سوێندی نەبێ و ھی سەر زمان بێت ئەوا کەفارەتی لەسەر نییە ، ..... 

مەرجی دووەم : دەبێت سوێند خواردن بۆ داھاتوو بێت ، ئەگەر سوێندی خوارد بۆ شتی ڕابردوو بوو کەفارەتی لەسەر نییە ، یان ڕاستگۆیە و ڕاست دەکات یان درۆ دەکات ، ئەگەر بلێت : دوێنی فلانە شت و فلانە شت ڕوویدا ، ئەو شتە ڕووی نەدابوو ، کەفارەتی لەسەر نییە ، چونکە سوێندی خواردووە لەسەر شتی ڕابردوو ، بەلام لە نێوان دوو شت دایە یان تاوانبارە یان سەلامەتە لە تاوان ، ئەگەر ڕاستگۆ بێت ئەوا سەلامەتە و ھیچی لەسەر نییە ، ئەگەر درۆ بکات ئەوا تاوانبارە و کەفارەتی لەسەر نییە ، بەلام تەوبەی لەسەرە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ لای خوا و وە حەق بۆ خاوەنەکەی بگەڕێنێتەوە . .... 

مەرجی سێیەم: دەبێت ئەو شتەی کە سوێندی لەسەر دەخوات بکرێت ، بەلام ئەگەر شتێک نەکرێت و مستحیل بێت و سوێندی لەسەر بخوات بۆ ھاتنەدی ، وەک ئەوەی بلێت : سوێند بەخوا خانوویەک دروست دەکەم لەسەر مانگ ، ئەوا سوێندی خواردووە لەسەر شتێکی مستحیل ، جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان : 

ھەندێک دەڵێن : لەو کاتە دەبێت کەفارەتی بدات . 

وە ھەندێک زانای تر دەلێن ھیچی لەسەر نییە ، چونکە ئەمە لە بابەتی لەغوەیە و ھیچ مەبەستی نییە . 

ئەگەر پابەندی بکەین بە کەفارەت دان بۆ ئەوەی چاک بێت و خۆی لەم قسانە بگرێتەوە ئەوە باشە ، کاتێک پابەندی دەکەین بە کەفارەت ئەوە واجب دەبێت یەکسەر کەفارەت بدات ، چونکە ھەموو واجبەکان ئەسڵ وایە دەبێت یەکسەر بێت ئیلا ئەوانەی بەلگەی لەسەر ھاتبێ . )) 

فتح ذي الجلال والإكرام ج١٤ لاپەڕە ٣٩٧ ــ ٣٩٩

سەردان: ٢,٠٨٧ بەش: سوێند و نەزر و کەفارەت