حوکمی ئەو کەسەی نوێژی بەیانی دوا دەخات: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی ئەو کەسەی نوێژی بەیانی دوا دەخات
پرسیار:

ئەو كەسەى كە نوێژى بەیانى دوا دەخات هەتا لەكاتى خۆى دەردەچێت؟

ئەوانەى ئەم كارە دەكەن ئەگەر بە حەڵاڵى بزانن ئەوا كوفرە بە خواى گەورە عزوجل، چونكە هەركەسێك پێى وابێت كە دواخستنى نوێژ تا دەرچوونى كاتەكەى حەڵاڵە ئەوا كافرە لەبەر پێچەوانەكردنى بۆ قورئان وسوننەت ویەكدەنگى زانایان.

بەڵام ئەگەر پێى وانەبوو كە ئەو كارە حەڵاڵە و لاى وابوو كە ئەو بەوكارەى تاوانبار دەبێت وسەرپێچى كردووە بەڵام نەفسی بەسەریدا زاڵ بووە و خەوى لێ كەوتووە ئەوا لەسەریەتى تۆبە بكات وبگەڕێتەوە بۆ لاى خوا عزوجل، وە واز بهێنێت لەو كارەى كە دەیكات و دەرگاى تۆبەو پەشیمانى كراوەیە تەنانەت بۆ سەرسەختترین كەسی بێباوەڕیش، خواى گەورە فەرموویەتى: (قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنْفُسِهِمْ لا تَقْنَطُوا مِنْ رَحْمَةِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعاً إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ) (الزمر:53) ئەی پەیامبەرى خوا  : بەو بەندانەم كە زیادڕەویان كردووە لە تاوان و سنوورى سەرپێچیان بەزاندووە لەوەى كە ئارەزویان داواى بكات ئەوان جێبەجێیان كردووە بڵێ : لەبەر زۆرى تاوانەكانتان بێ ئومێد مەبن لە ڕەحم و بەزەیی خوا ، چونكە بێگومان خوا لە هەموو تاوانەكان خۆش دەبێت ـ هەرچەنێك بێت ـ بۆ كەسێك كە تۆبەى لێبكات و پەشیمان بێتەوە ، چونكە بەڕاستى خوا لێخۆشبووە لەتاوانى بەندە تۆبەكارەكانى و بەڕەحم و بەزەییە بۆیان.

وە واجبە لەسەر ئەو كەسەى كە حاڵى ئەو جۆرە كەسانە پێ دەزانێت ئاگاداریان بكاتەوە و ئامۆژگاریان بكات بۆ خێر، جا ئەگەر وازیان هێنا و گەڕانەوە ئەگینا لەسەریەتى كە لایەنى بەرپرس لەو كارە ئاگادار بكاتەوە بۆ ئەوەى ئەستۆى پاك بێت، وە بۆ ئەوەى ئەو لایەنانە هەستن بە ئەدەبدانى ئەو جۆرە كەسانە و هاوشێوەكانیان. والله الموفق .

 سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله