باشترین کات کە نوێژی تێدا بکرێت: ماڵپەڕی وەڵامەکان
باشترین کات کە نوێژی تێدا بکرێت
پرسیار:

باشترین كات كامەیە كە نوێژى تێدا بكرێت؟ وە ئایا سەرەتاى كاتەكە باشترینە؟

تەواوترینیان ئەوەیە كەلەو كاتەدا بێت كە شەرع داواى كردووە، هەربۆیە پێغەمبەرى خوا لە وەڵامى پرسیارى ئەو كەسەى كە لێى پرسیوە چ كردەوەیەك خۆشەویستترینە بەلاى خواوە عزوجل؟ ئەویش فەرموویەتى : (الصلاة على وقتها)(١) 
واتە: نوێژ لە كاتى خۆیدا، وە نەیفەرموو نوێژ لەسەرەتاى كاتەكەیدا. ئەوەش لەبەر ئەوەى نوێژى وا هەیە سوننەت وایە پێشى بخەیت و نوێژى واش هەیە سوننەت وایە دواى بخەیت، بۆ نمونە نوێژى عیشا سوننەت وایە دواى بخەیت بۆ سێ یەكى شەو، هەربۆیە ئەگەر ئافرەتى ماڵەوە پرسی كە ئایا كامیان باشترینە، لەوەى نوێژى عیشا لەسەرەتاى كاتەكەیەوە بكەم یاخود دواى بخەم بۆ سێ یەكى شەو؟

ئەوا لە وەڵامیدا دەڵێین: باشتر وایە دواى بخەیت بۆ سێ یەكى شەو، چونكە پێغەمبەرى خوا شەوێكیان دوا كەوت هەتا وتیان: ئەى پێغەمبەرى خوا وا ژن و منداڵان خەویان لێكەوت. ئەویش دەرچوو بۆ لایان و نوێژى بۆ كردن وفەرمووى: ((إن هذا لوقتها لولا أن أشق على أمتي))(٢)

واتە: لەڕاستیدا ئێستا كاتى نوێژى عیشایە ئەگەر سەخت و ناڕەحەت نەبوایە لەسەر ئوممەتەكەم. جا بۆیە وا باشترە بۆ ئافرەت ئەگەر لەماڵەوە بێت نوێژى عیشاى دوابخات.

بەهەمان شێوە ئەگەر كۆمەڵە پیاوێك لە سەفەردا بوون و وتیان: ئایا نوێژ دوابخەین یان لەسەرەتاى كاتەكەیەوە بیكەین؟ ئەوا دەڵێین: باشتر وایە دواى بخەن.

بە هەمان شێوە ئەگەر كۆمەڵە كەسێك دەرچوون بۆ گەشتى خۆشى و كاتى عیشاش هات، ئایا باشتر وایە لەكاتى خۆیدا بیكەن یان دواى بخەن؟ دەڵێین: باشتر وایە دواى بخەن مەگەر لە دواخستنەكەیدا بارگرانى و ناڕەحەتى هەبێـت.

بەڵام نوێژەكانى ترى باشتر وایە لەسەرەتاى كاتەكەى خۆیەوە بكرێت مەگەر لەبەر هۆكارێك بێت، بۆیە بەیانى ونیوەڕۆ و عەصر و مەغریب لەسەرەتاى كاتى خۆیاندا دەكرێن مەگەر هۆكارێك هەبێت.

لەو هۆكارانەش: ئەگەر گەرمایەكى زۆر هەبوو ئەوا باشتر وایە نوێژى نیوەڕۆ دوابخرێت بۆ ئەو كاتەى كە فێنك دەكات واتە بۆ نزیك كاتى نوێژى عەصر، چونكە بەنزیك بوونەوە لە نوێژى عەصر كات فێنك دەكات، ئەوەش لەبەر ئەوەى پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: ((إذا اشتد الحر فأبردوا بالصلاة فإن شدة الحر من فيح جهنم))(٣)

 واتە: ئەگەر گەرمیەكى زۆر هەبوو ئەوا نوێژ لەكاتى فێنكیدا بكەن چونكە سەختى گەرما لە هەناسەى دۆزەخەوەیە.

وە جارێكیان پێغەمبەرى خوا لە سەفەردا بوو وە بیلالیش هەستا بۆ ئەوەى بانگ بدات ئەویش پێى فەرموو: بوەستە با فێنك بكات، پاشان دواى كەمێكى تر هەستا بۆ ئەوەى بانگ بدات دیسان پێى فەرموو: بوەستە با فێنك بكات، پاشان هەستا تا بانگ بدات ئەویش رێگەى دا(٤).

یەكێكى تر لە هۆكارەكان ئەوەیە ئەگەر لە كۆتایی كاتەكەوە نوێژێكى بە كۆمەڵ هەبێت كەلە سەرەتا كاتەكەوە نەبێت جا لەو كاتەدا دواخستنى باشترە، وەكو كەسێك كەلە سەفەردا بێت و كاتى نوێژیش بێت و بزانێت كە دەگاتە شار و لەكۆتایی كاتى نوێژەكەوە فریاى جەماعەت دەكەوێت، جا ئایا باشتر وایە لەو كاتەى خۆیدا نوێژەكەى بكات یان دواى بخات بۆ ئەوەى فریاى جەماعەت بكەوێـت؟

دەڵێین: باشتر وایە دواى بخات بۆ ئەوەى فریاى جەماعەت بكەوێت، بەڵكو لەوانەیە بڵێین واجبیشە دواى بخات بۆ ئەوەى بگات بە جەماعەت.

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –


) أخرجه البخاري: كتاب المواقيت/ باب فضل الصلاة لوقتها، ومسلم: كتاب الإيمان/ باب كون الإيمان بالله تعالى أفضل الأعمال .
) أخرجه مسلم: كتاب المساجد/ باب وقت العشاء وتأخيرها .
) أخرجه البخاري: كتاب مواقيت الصلاة/ باب الإبراد بالظهر في شدة الحر، ومسلم: كتاب المساجد/ باب استحباب الإبراد بالظهر .
) أخرجه البخاري: كتاب المواقيت/ باب الإبراد بالظهر في السفر .ومسلم: كتاب المساجد/ باب استحباب الإبراد بالظهر في شدة الحر .

سەردان: ١,٨٩٢ بەش: نوێژ