دوعاكردن بۆ كاربه‌ده‌ستانى موسڵمانان له‌ وتارى هه‌ینیدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
دوعاكردن بۆ كاربه‌ده‌ستانى موسڵمانان له‌ وتارى هه‌ینیدا
پرسیار:

هه‌ڵوێستى سه‌له‌فی صالح چۆن بووه‌ له‌باره‌ى دوعاكردنه‌وه‌ بۆ كاربه‌ده‌ستانى موسڵمانان له‌ وتارى هه‌ینیدا ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

سه‌له‌ف گرنگیان داوه‌ به‌ دوعاكردن بۆ كاربه‌ده‌ستانى موسڵمانان، وه‌كردارى موسڵمانانیش به‌درێژایی مێژوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ چاكێتى و باش بوونى كاربه‌ده‌ستان به‌ سوود و قازانجى خه‌ڵكى و نیشتیمان ده‌شكێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش واقعێكى حاشاهه‌ڵنه‌گر و له‌پێش چاوه‌، جا یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانى چاكبوونى كاربه‌ده‌ستان بریتیه‌ له‌ دوعاى خه‌ڵكى و به‌تایبه‌ت ئه‌هلى عیلم، به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌:

یەکەم : له‌ ئه‌میرى ئیماندارانه‌وه‌ عومه‌رى كوڕى خه‌تتابه‌وه‌ - رضي الله عنه - ده‌ڵێت: " بزانن كه‌ خه‌ڵكى له‌حاڵه‌تى باش و پڕخێریدان هه‌تا كاربه‌ده‌ستانیان رێك و سه‌ر ڕاست بن ".

دووەم : له‌ ئه‌بی موسلیمى خه‌ولانیه‌وه‌ رحمه‌ الله ده‌ڵێـت: " به‌وێنه‌ى خۆت فه‌رمانڕه‌وات بۆ داده‌نرێت جا ئه‌گه‌ر هیدایه‌ت دراوبوو ئه‌وا سوپاسی خوا بكه‌ و ئه‌گه‌ریش جگه‌ له‌وه‌بوو ئه‌وا دوعاى هیدایه‌تى بۆ بكه‌ و پێچه‌وانه‌ى مه‌به‌ چونكه‌ گومڕا ده‌بیت ".

سێیەم : له‌ فوزه‌یڵى كوڕى عیازه‌وه‌ رحمه‌ الله ده‌ڵێت: " ئه‌گه‌ر یه‌ك دوعام گیرابێت و بزانم وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌ ئه‌وا بۆ كاربه‌ده‌ستى ده‌كه‌م ".

چوارەم : له‌ پێشه‌وا ئه‌حمه‌دى كوڕى حه‌نبه‌له‌وه‌ رحمه‌ الله ده‌ڵێت: " من دوعا بۆ كاربه‌ده‌ستان ده‌كه‌م به‌وه‌ى خوا سه‌ركه‌وتو و ڕاست وحه‌قبێژ و پشتیوانیان بكات و ئه‌وه‌ش به‌ئه‌ركى سه‌رشانى خۆمى ده‌زانم ".

پێنجەم : زانای به‌رێز و هه‌ڵكه‌وتوو پێشه‌وا البربهاری رحمه‌ الله له‌كتێبی ( شرح السنه‌ )دا ده‌ڵێت: " ئه‌گه‌ر بینیت پیاوێك دوعا له‌ كاربه‌ده‌ستان ده‌كات ئه‌وا بزانه‌ ئه‌وه‌ شوێن هه‌واو ئاره‌زوو كه‌وتووه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر بینیتیش كه‌سێك دوعا بۆ كاربه‌ده‌ستان ده‌كات بۆ چاكبوونیان ئه‌وا بزانه‌ ئه‌و كه‌سه‌ خاوه‌ن سوننه‌ته‌ و شوێن سوننه‌ت كه‌وتووه‌ ". 

هه‌روه‌كو چۆن ئه‌ركى سه‌رشانى ووتاربێژه‌ كه‌ مافه‌كانى كاربه‌ده‌ستانى موسڵمان بۆ خه‌ڵكى ڕوون بكاته‌وه‌ به‌وه‌ى كه‌ ئه‌ركى موسڵمانانه‌ كه‌ به‌یعه‌ت و وه‌فایان بۆ پێشه‌وایانى خۆیان هه‌بێت له‌كاتى دیار و ئاشكرادا و گوێڕایه‌ڵیان بن له‌چاكه‌دا نه‌وه‌ك له‌ خراپه‌ وسه‌رپێچی خوادا، وه‌ڕێزیان لێ بگرن و ئامۆژگاریان بكه‌ن و حه‌زبكه‌ن چاك وچاكخواز بن و خه‌ڵكى له‌ده‌وریان كۆببنه‌وه‌ ویه‌كڕیز ویه‌ك ده‌ست بن و ڕقیان له‌ په‌رته‌وازه‌ و پارچه‌پارچه‌یی و ده‌رچوون له‌سه‌ریان بێت و پشتگیرى ئه‌وانه‌ش نه‌كه‌ن كه‌له‌دژیان ده‌رده‌چن، جگه‌له‌مانه‌ش كه‌ زانایانى ئه‌هلى سوننه‌و جه‌ماعه‌ ڕوونیان كردۆته‌وه‌ له‌سه‌رده‌مى سه‌له‌فی صالحه‌وه‌و له‌كتێبه‌كانیاندا تۆماركراوه‌.


 شێخ : محمد بن زيد بن محمد المدخلي

سەردان: ١,٤٧٧ بەش: نوێژى هەینى