وەڵامی ئەم پرسیارانەم دەوێ سەبارەت بە زەکات :
یەكەم: حوکمی زەکات دان چیە؟
دووەم : كەی فەرز كرا ؟
سێیەم : ئەو کەسەى زەکات نەدات چ سزایەکی بۆ هەیە لە قیامەت؟
چوارەم : سوودی زەکات چیە؟
پێنجەم: جــۆری ئەو ماڵانەی كە زەكاتی لەسەرە کامانەن؟
شەشەم: ئەو سـوودانەی پەیوەندیان هـەیە بە ئەهلی زەكاتەوە چیە؟
حەوتەم: ئەو كەسانە کێن كە زەكاتیان پێ ڕەوایە؟
هەشتەم : ئایا زەكات دەخرێتە بەر قەرز؟
نۆیەم : ئایا زەكاتی پارەیەك دەدرێ كە لە قەرز دایە ؟
دەیەم : چۆن زەكات دەربكەین لە مەڕ و ماڵات ، دانەوێڵە ، و ئاڵتون و پارە ؟
الحمد لله، والصلاة والسلام على رسول الله، أما بعد
• یەكەم: فەرزێتی زەكات دان:
زەكات یەكێكە لە پێنج پایەكەی ئیسلام ، پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمویەتی : ((بُنِيَ الإِسْلاَمُ عَلَى خَمْسٍ : شَهَادَةِ أَنْ لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَأَنَّ مُحَمَّدَاً رَسُولُ اللهِ ، وَإِقَامِ الصَّلاَةِ ، وَإِيتَاءِ الزَّكَاةِ ، وَحَجِّ الْبَيْتِ ، وَصَوْمِ رَمَضَانَ)) . وە زەکات فەرزێکە لەو فەرزانەی کە موسوڵمانان ھەموویان لەسەری کۆن جا ھەرکەسێک ئینکاری واجبیەتی بکات ئەوا کافرە و دەرچووە لە ئیسلام بەڵام کەسێک باوەڕی بە واجبیەتی زەکات ھەبێ و زەکات نەدات لەبەر ھەر ھۆیەکی تر بێت . ئەوا کافر نابێت ، بەڵام تاوانێکى گەورەى ئەنجامداوە و لە قیامەتدا سزایەکى سەختى بۆ هەیەکە لە خوارەوە باسکراوە.
• دووەم : كەی فەرز كرا ؟
لە ساڵی دووەمی كۆچی فەرزكراوە, وە خوای گەورە شان بەشانی نـوێـژ لە (82) شوێندا لە قورئاندا باسی كردووە, وە ناویشی ناوە زەكات لەبەر ئەوەی نەفس و ماڵ پاك دەكاتەوە و گەشەی پێ دەكات.
• سێیەم : ئەو کەسەى زەکات نەدات چ سزایەکی بۆ هەیە لە قیامەت؟
لە قورئاندا خوای گەورە هەڕەشەی توندی لەو كەسە كردووە كە زەكات دەرناكات ، وەكو دەفەرموێـت: [وَالَّذِينَ يَكْنِزُونَ الذَّهَبَ وَالْفِضَّةَ وَلَا يُنْفِقُونَهَا فِي سَبِيلِ اللَّهِ فَبَشِّرْهُمْ بِعَذَابٍ أَلِيمٍ (34) يَوْمَ يُحْمَى عَلَيْهَا فِي نَارِ جَهَنَّمَ فَتُكْوَى بِهَا جِبَاهُهُمْ وَجُنُوبُهُمْ وَظُهُورُهُمْ هَذَا مَا كَنَزْتُمْ لِأَنْفُسِكُمْ فَذُوقُوا مَا كُنْتُمْ تَكْنِزُونَ (35)]{التوبة} واتە: وە ئەوانەی كە ئاڵتون و زیو كۆدەكەنەوە وقایمی دەكەن ولە پێناوی ڕێبازی خوادا و بۆ ڕەزامەندی ئەو نایبەخشن, ئەوە مژدەی سزایەكی پڕ ئێشیان بدەرێ, (ئەو سزا سەختەش) لەرۆژێكدا دەبێت ئەو پارەو سامانەی كۆیان كردۆتەوە, لەدۆزەخدا سوور دەكرێتەوە, ناوچاوان و لاتەنیشت وپشتیانی پێ داخ دەكرێ, ئینجا پێیان دەوترێ: ئەمە ئەو سامانەیە كە كۆتان دەكردەوە بۆ خۆتان, دە بچێژن سزای ئەوەی كە بۆ خۆتان كۆدەكردەوە.
• چوارەم : لە ســوودەكانـی زەكــات:
1. پاك كردنەوەی ناخ و دەروون و پاڵفتەكردنی, لەبەر ئەم ئایەتە: [خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا] واتە: لە هەندێ لەماڵ و سامانی باوەڕداران زەكات وەربگرە, چونكە دەبێتە هۆی خاوێن كردنەوەی ماڵەكانیان و پاككردنەوەی دڵ و دەروونیان.
2. فێركردنی موسڵمان و ڕاهێنانی بەبەخشندەیی و دەست بڵاوی و لاكردنەوە لە هەژار و نەدار.
3. بەدەستهێنانی بەرەكەت و زیادبوونی ماڵ و سامان, وەكو دەفەرموێت: [وَمَا أَنْفَقْتُمْ مِنْ شَيْءٍ فَهُوَ يُخْلِفُهُ وَهُوَ خَيْرُ الرَّازِقِينَ (39)]{السبأ} واتە: ئێوە هەر شتێك دەبەخشن ئەو زاتە پێتان دەبەخشێتەوە, چونكە ئەو خوایە چاكترین ڕزق و رۆزی بەخشە.
• پێنجەم: جــۆری ئەو ماڵانەی كە زەكاتی لەسەرە:
زەكات لە چوار جۆر ماڵدا واجب و پێویستە: ئەوەی لە زەوی دەردەچێت لە دانەوێڵە و بەروبووم, وشتر و مانگاو مەڕ و بزن, زێـڕ و زیـو یان ئەوەی شوێنیان دەگرێتەوە لە پارەی وشك, وە هەروەها ئەو شتەی بارزگانی پێوە دەكرێ و ئامادەیە بۆ فرۆشتن.
• شەشەم: ئەو سـوودانەی پەیوەندیان هـەیە بە ئەهلی زەكاتەوە:
* دروست نیە زەكات دەربكرێت لە جگە لەو ماڵانەی كە خوای گەورە دیاریانی كردووە.
* دروستە زەكات بدرێت بە یەكێك لەو كۆمەڵانەی كە شایستەی زەكاتن, و دروستیشە بدرێت بەیەك كەس ئەگەر هاتوو پێویستی پێی هەبوو.
* باشتر وایە زەكات بدرێت بەو كەسە خزم و نزیكانەی كە پێویستیان هەیە و نەفەقەیان لەسەر ئەم نیە.
* دروست نیە زەكات بدرێت بەو كەسانەی كە نەفەقەیان لەسەر ئەمە بەڵكو لەماڵی خۆی بەشیان دەدات.
* دروست نیە زەكات بدرێت بەمانە: باوك و باپیرانی, دایک و داپیرانی وە كوڕو كوڕەزاكانی و هەروەها بۆ خێزانەكەشی .
• حەوتەم: ئەو كەسانەی كە زەكاتیان پێ ڕەوایە:
خوای پەروەردگار ڕوونی كردۆتەوە بۆمان كە كێن ئەو كەسانەی زەكاتیان پێ دەشێت, وەكو دەفەرموێت: [إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ فَرِيضَةً مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ (60)] {التوبة: 60} واتە: بێگومان زەكات تەنها بۆ هەژار و نەدارارن و ئەوكەسانەی كەكارمەندن بەسەریەوە و بەو موسڵمانە نوێیانەی كە هێشتا ئیمان جێگیرنەبووە لەدڵیاندا وبۆ ئازادكردنی كۆیلەكان و بۆ یارمەتی دانی قەرزدارەكان و بۆ گەیاندنی ئاینی خوا (هەربوارێك كە خزمەت بە بانگەوازی ئیسلام بكات وئاینی خوا بەرەو پێش وسەركەوتن ببات) هەروەها بۆ ئەو رێبوارانەش كە پارەیان لێ دەبڕێت و نەدار دەكەون, (دابەش كردنی زەكات بەو شێوەیە) فەرزە لەلایەن خواوە لەگەردنی ئیمانداراندا, خواش زاناو دانایە (لەسامان بەخشین وفەرزكردنی زەكاتدا).
• هەشتەم : ئایا زەكات دەخرێتە بەر قەرز؟
هەر كەسێك قەرزی لای كەسێكی هەژار بوو ، و خستیە بەر زەكات ئەوا دروست نیە ، وە یان بڵێ زەكاتت دەدەمێ بەو مەرجەی تۆش قەرزەكەم بدەیتەوە ئەمە بە زەكات حساب نی یە و دروست نیە .
• نۆیەم : ئایا زەكاتی پارەیەك دەدرێ كە لە قەرز دایە ؟
پارە و ماڵ و سامانی بە قەرز دراو دەبێت بە دوو بەشەوە :
یەكەم : قەرزێك كە لە لای كەسێكە توانای دانەوەیی هەیە و ئومێدی دانەوەشی دەكەیت : ئەوا ئەم پارە و ماڵە دەبێت (خاوەن پارە و سامانەكە) زەكاتەكەی بدات بۆ هەموو ساڵێك .
دووەم : قەرزێك لە لای كەسێكە توانای دانەوەیی نییە چونكە نەدار و دەست كورتە یان لە لای كەسێكی قەرز كوێرە و ئومێدی دانەوەی ناكەیت : ئەوا ئەم پارە و ماڵە زەكاتی تێدا نییە هەتا قەرزەكەی وەرنەگرێتەوە. جا كە وەری گرتەوە زەكاتی یەك ساڵی لێ دەدا.
• دەیەم : چۆن زەكات دەربكەین لە مەڕ و ماڵات ، دانەوێڵە ، و ئاڵتون و پارە ؟
أ.مەڕ و ماڵات و مانگا.
مەڕ و بزن ئەو ئەندازەیەی كە واجبە بدرێ
1 تا 39 هیچ زەكاتی نییە
40 تا 120 كاوڕێكی یەك ساڵە
121 تا 200 دوو كاوڕ
201 تا 299 سێ كاوڕ
گەر لە سێ سەد سەر زیاتر بوو، ئەوا هەر لە سەد سەر كاوڕێكە.
مانگا و ڕەشە وڵاخ ئەو ئەندازەیەی كە واجبە بدرێ
30 تا 39 گوێرەكەیەكی یەك ساڵە نێر یا مێ
40 تا 59 نوێنگینێكی دوو ساڵە
60 تا 69 دوو گوێرەكەی یەك ساڵە
ب. دانەوێڵە:
خوای گەورە زەكاتی دانەوێلە و بەروبوومی واجب كردووە ، و لەسەردەمی پێغەمبەردا ﷺ لە گەنم و جۆ و خورما و مێوژ زەكات وەرئەگیرا ، حەدی ئەم بەر و بوومانەش بریتی یە لە : پێنج ویسق ، كە دەكاتە نزیكەی شەش سەد و دوازدە كیلۆ (612) .
ئەگەر بەباران و ڕووبار ئاو بدرێت ، ئەوا (دە یەكی تێدایە) .
وە ئەگەر بەئامێر ئاو بدرێت ئەوا (بیست یەكی تێدایە) .
ج. زەكاتی ئاڵتون و پارە:
هەر كەسێك (19.5) نۆزدە مسقاڵ و نیو ئاڵتونی عیار (21) ی هەبێ ، و ساڵی بەسەردا ڕۆشتبـێ بەم شێوەیە زەكاتەی دەدەی :
بۆ دەركردنی زەكاتەكە پرسیار لەزێرنگەر دەكەی و بڕی مسقاڵەكان و عیارەكەی پێ دەڵێی پاشان ئەویش چەندی پێ وتی ئەوا پارەكە گشتی دابەشی (40) بكە رێژەی دەركردنی زەكاتەكەت بۆ دەردەكەوێت .
واتە بۆ نمونە ئەگەر وتی ئاڵتونەكانی تۆ بایی هەشت ملیۆنە ئەو كاتە (200) هەزار زەكاتی دەدەی واتە لە هەر یەك ملیۆن (25) هەزار دەدەی بە زەكات .
سەبارەت بە پارەش دەبێ تۆ ئەوەندە پارەت هەبێ لە ماڵدا كە بتوانێ (19.5) نۆزدە مسقاڵ و نیو ئاڵتونی عیار (21) ی پێ بكڕێ ، گەر ئەوەندەت نەبوو ئەوا زەكاتت لەسەر واجب نیە ، بەڵام دەتوانی خێر و صەدەقەی لێ بكەی ئەوەش خێرێكی گەورەیە .
تێبینی : لە یەك دەفتەر دۆلار دوو وەرەقە و نیو زەكاتی تێدایە .
وَآخِرُ دَعْوَانَا أَنِ الحَمْدُ للهِ رَبِّ العَالمَيِن