ئاو و خوێ وەردانە دەم بۆ کەسێك بەڕۆژوو بێت و ئازارى ددانى هەبێ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئاو و خوێ وەردانە دەم بۆ کەسێك بەڕۆژوو بێت و ئازارى ددانى هەبێ
پرسیار:

خێزانەکەم دانی زۆر دێشێ و  دوو گیانە ، وەك دەزانن ناوتوانرێت لەکاتی دوو گیانی دا ددان دەربهێندرێت ، جا ئایە دەتوانێت ئاو و خوێ  ڕاداتە ناو دەمی لەکاتێکدا بەڕۆژووە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

دروستە و هیچی تێدا نییە ئاو ، یاخود ئاو و خوێ لەدەمی وەردات ، بەتایبەت گەر پێویستیەك وای خواست وەك کەمکردنەوەی ئازاری ددان وهاوشێوەکانی ، بەمەرجێ خۆی بپارێزێ لەوەی ئاو دزە بکات بۆ نێو سکی ، خۆ ئەگەر بەهەڵە ونەزانینەوە شتێك لەئاو داخلی قوڕگی بوو ئەوا تاوان بار نابێت ، وڕۆژووەکەی دروستە .
 شێخ (ابن عثيمين) ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت: گەر شتێك پەڕی بۆ نێو سکی ڕۆژووەوان یاخود شتێك بەبێ ویستی خۆی چووە نێو سکیەوە یاخود ئاوی لەدەم ولوتی وەرداو هەندێك ئاو چووە قوڕگیەوە بەبێ ویستی خۆی ئەوا ڕۆژووەکەی دروستە وقەزاکردنەوەی لەسەر نییە . المجلس الخامس عشر ، والله أعلم .

وەهەروەها پرسیاری لێ کراوە: لەبارەی ئاو لەدەم وەردانەوە ئایە ڕۆژوو دەشکێنێت ؟

لە وەڵامدا گوتوویەتی : ڕۆژوو ناشکێنێت ؛ چونکە دەم لەحوکمی ئەو شتانەیە کەبەدەرەوەیە ، هەر بۆیە کەسی ڕۆژووەوان ئاو لەدەمی وەردەدات وڕۆژووەکەی ناشکێ ،بۆیە ئاو لەدەم وەردان واجبە لەدەست نوێژدا ،خۆ ئەگەر دەم حوکمی ئەو ئەندامانەی نەبوایە کەبەدەرەوەن ئەوا شوشتنی واجب نەدەبوو ،پاشان ئاو لەدەم وەردان کاتێ دەم وشك دەبێت لەبەر زۆری گەرما ڕۆژوو ئاسان دەکات ومرۆڤ سەبوری بۆ دێت پێی ، لەپێغەمبەرەوە گێڕدراوەتەوە ( كان يصب الماء على رأسه من العطش في شدة الحر وهو صائم )، رواه أبو داود (2365) وصححه الألباني .
واتە: ئاوی دەکرد بەسەریدا لەبەر زۆر تینوێتی لەکاتێکدا کەبەڕۆژوو بوو .

وعبداللەی کوڕی عومەر رضي الله عنهما جلەکانی تەڕ دەکرد بەڵکو سارد بێت لەسەر لاشەی ، وئەنەسی کوڕی مالك حەوزێکی هەبوو پڕی ئاو دەکرد ومەلەی تێدا دەکرد لەکاتێکدا بەڕۆژوو بوو . 
هەموو ئەمانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی هەر شتێك ڕۆژوو ئاسان بکات لەسەر مرۆڤ دروستە وکێشەی نییە ، بەڵام با ئەو کەسەی ئاو لەدەمی وەردەدات ئاگادار بێت لەوەی ئاو دزە بکات ولەقوڕگی بچێته خوارێ ، ئەوە خەتەرە ،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەر ئاو دزەی کرد وچووە خوارەوە بەبێ ویستی خۆی ئەوا هیچی لەسەر نییە وڕۆژووەکەی دروستە " مجموع الفتاوى 19 ، والأثران عن ابن عمر وأنس رواهما البخاري في صحيحه تعليقاً .