ئەو كەسەى قەرزارە ئایا حەجى لەسەرە؟
ئەگەر كەسێك ئەوەندە قەرزا بوو كە هەموو ماڵەكەى بوێت بۆ دانەوەى ئەوا حەجى لەسەر نییە، چونكە خواى گەورە حەجى لەسەر كەسێك واجب كردووە كە لەتوانایدا هەبێت و فەرموویەتى: ( وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلاً ) (آل عمران: الآية97). واتە: وە بە دڵنیاییەوە خواى پەروەردگار پێویستى كردووە لەسەر ئەو كەسانەى كە توانایان هەیە لەهەر شوێنێك بن ڕوو لەم ماڵە بكەن بۆ ئەنجامدانى خواپەرستى و مەراسیم و دروشمەكانى حەج. جا بۆیە ئەو كەسەى هەموو ماڵەكەى بدات ئەوجا قەرزى لەسەر نامێنێت ئەوا لەتوانایدا نییە حەج بكات، بۆیە ئەم كەسە دەبێت سەرەتا قەرزەكەى بداتەوە و دواتر ئەگەر بۆى ئاسان بو بۆى كرا حەج دەكات.
بەڵام ئەگەر قەرزاریەكەى كەمتر بوو وە دەیتوانى هەم قەرزەكەی بداتەوەو هەمیش حەج بكات ئەوا سەرەتا قەرزەكەى دەداتەوە پاشان حەج دەكات ئیتر حەجى فەرز بێت یان سوننەت، بەڵام حەجى فەرز دەبێت پەلەى لێ بكات بەڵام هى سوننەت خۆى سەرپشكە كە حەج دەكات یان نا وە ئەگەریش نەیكرد ئەوا تاوانبار نابێت.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -