ئایا بەشەكانى ئەوانە چین كە خواى گەورە دەیانداتە پاڵ خۆى وەكو ڕوومەتى خوا(وجه الله) و دەستى خوا(يد الله) و هاوشێوەیەكانى؟
ئەوانە سێ بەشن:
بەشی یەكەم: ئەو شتەى كە خودى خۆى جودایە و لەسەر خۆوەستاوە، ئەم جۆرەش لەمیانەى دانەپاڵى مەخلوقە بۆ لاى خالقەكەى، وە ئەم جۆرە دانەپاڵە جارى وا هەیە بەشێوەى گشتیە، وەكو ئایەتى: ( إِنَّ أَرْضِي وَاسِعَةٌ)(العنكبوت: من الآية56) واتە: بەڕاستى زەوى خوا فراوانە.
وە جارى واش هەیە بەشێوەى تایبەت دێت لەبەر ڕێز وگەورەیی وەكو ئایەتى: ( وَطَهِّرْ بَيْتِيَ لِلطَّائِفِينَ وَالْقَائِمِينَ وَالرُّكَّعِ السُّجُودِ)(الحج: من الآية26) واتە: ماڵەكەم پاكبكەرەوە لە هەموو بێباوەڕى وبیدعە و پیسیەك ، بۆ ئەوەى دڵگیر و فراوان بێت و ئامادەبێت بۆ ئەوانەى دێنەسەردانى و بەدەوریدا دەسوڕێنەوە و ئەوانەش كە دەمێننەوە و نوێژدەكەن لەپەنایدا.
هەروەها ئەم ئایەتەش: ( نَاقَةَ اللَّهِ وَسُقْيَاهَا) (الشمس: من الآية13) واتە: پێغەمبەر ( صالح ) بوو ـ سەلامى خواى لەسەر بێت ـ بە گەلەكەى فەرموو : ئاگاداربن لەوەى كە زیان بەو وشترەى خوا بگەیەنن ، چونكە ئایەت و بەڵگەیەكە خواى پەروەردگار بۆى ناردوون ، بۆ ئەوەى بەڵگە بێت لە سەر ڕاستى پەیامبەرەكەتان ، و وریاش بن لەوەى كە ستەمى لێبكەن لە ئاوخواردنەوەكەیدا. جا ئەم جۆرە دانەپاڵەى كەباس كرا پێى دەوترێ مەخلوق یان دروستكراوى خوا.
بەشی دووەم: ئەو شتەى بە جگە لەخۆى دەوەستێت و لەسەرخۆوەستاو نیە، وەكو ئایەتى: (وَرُوحٌ مِنْهُ).(النساء: من الآية171) جا دانەپاڵى رۆح بۆلاى خواى گەورە لەم ئایەتەدا لەبابەتى دانەپاڵى مەخولقە بۆ لاى خالقەكەى وەكو رێز و شكۆیەك، و ئەوەش لەو رۆحانەیە كە خواى گەورە دروستى كردوون، بەشێك نییە لە خوا، لەبەر ئەوەى چووەتە ناو گیانى عیساوە علیە السلام، وە ئەو رۆحە شتێكى جیایە لە خواو دروستكراویشە دیسان.
بەشی سێ یەم: ئەوەیە كە وەصفێكى پوخت بێت بۆ خواو ئەم جۆرەش دروستكراو نیە، چونكە هەموو صیفاتەكانى خوا دروستكراو نین، وەكو قودەرتى خوا عیززەتى خوا كە زۆرە لە قورئاندا.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –